ڕاگەیاندراوی 21 حزب و ڕێکخراو لە قامیشلۆ، هاواری شکستهێنانی پەکەکەیە

ڕاگەیاندراوی 21 حزب و ڕێکخراو لە قامیشلۆ، هاواری شکستهێنانی پەکەکەیە

ئەم ڕاگەیاندراوە پێناسەی شکستێکی ستراتژیکە کەوا دەکرێت وەک داڕمانی شکستی سیاسەتی تەسلیمتەڵەبی و خیانەتکارانەی پەکەکە شرۆڤە بکرێت.

ئەو سیاسەتەی کە ئەمڕۆکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە لایەن (پەکەکە) و لقوپۆپەکانیەوە پەیڕەو دەکرێت، ئیدی نەک تەنها لە لایەن نەیارە کلاسیکەکانیانەوە، بەڵکوو لەلایەن بنەڕەتیترین هاوپەیمان و بەردی بناخەی “بەڕێوەبەریی خۆسەر”ـەوە ڕووبەڕووی شکستێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی گەورە بووەتەوە. کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی 21 پارت و تەڤگەری سیاسی لە قامیشلۆ، کە زۆربەیان بۆخۆیان ئەندام یان لایەنگری سیستەمی ئێستان، ڕوونترین بەڵگەی شکستی ئەم هێڵەیە لەسەر ئاستی سووریا.

ئەم ڕاگەیاندراوە هاوبەشە پێناسەی شکستێکی ستراتژیکە کەوا دەکرێت لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا وەک داڕمانی سیاسەتی ڕۆژئاڤا و شکستی سیاسەتی تەسلیمتەڵەبی و خیانەتکارانەی پەکەکە لێکبدرێتەوە:

1ـ شکستی تیۆری “نەتەوەی دیموکراتیک” و خەیاڵی هاوبەش

ساڵانێکە پەکەکە و باڵەکانی لە ڕۆژئاڤا (وەک پەیەدە و تەڤ-دەم) بە دروشمی “نەتەوەی دیموکراتیک” و “برایەتی گەلان”، خەریکی سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەی کوردستانن. ئەوان لە پێناو پێکەوەژیان لەگەڵ ڕێژیم و لایەنەکانی دیکەدا، داواکارییە نەتەوەییەکانی کوردیان (وەک مافی چارەی خۆنووسین، سیستمێکی فیدراڵی پێناسەکراو و پاراستنی ناسنامەی کوردستانی) پشتگوێ خستووە. بەڵام دانانی ئەندامانی “مەجلیسی گەل” (پەرلەمانی سووریا) لە لایەن دیمەشقەوە و بێدەنگی بەرامبەری دەریخستووە کە دیمەشق بچوکترین بایەخ بەو تیۆریانە نادات و هێشتا بە عەقڵێکی ناوەندگەرای شۆڤێنیستییەوە کاردەکات. ڕاگەیاندراوی ئەم 21 لایەنە، دانپێدانانێکی درەنگە کە سیاسەتی ئیمتیازاتی پەکەکە تەنیا خزمەتی بە بەهێزکردنی دەستی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان کردووە و زەبرێکی قورسی لە نەتەوەی کورد داوە.

2ـ سیاسەتی دابەشبوون و لاوازکردنی بەرەی ناوخۆیی

گەورەترین شکستی ئەم هێڵە لە ڕۆژئاڤادا ئەوەیە کە نەیتوانی پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی و یەکگرتووی کوردستانی بنیات بنێت. بە زەبری هێز و ڕێنمایی ئایدیۆلۆژی، گۆڕەپانی سیاسییان تەنیا بۆ لایەنگرانی خۆیان قەتیس کرد و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی (وەک ئەنەکەسەیان) چەوساندەوە و کۆمەڵگەی کوردستانیان دابەش کرد. ئەمڕۆ کەوا سیستەمی ناوەندگەرای سووریا سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن پەیڕەو دەکات، بەرەیەکی بەهێز و یەکگرتووی کورد بوونی نیە تا لە بەرانبەر دیمەشقدا ڕابوەستێت. ئەو تەڤگەرانەی کە ئەمڕۆکە لە قامیشلۆ لێدوان دەدەن، بۆخۆیان قوربانی ئەم بێ ـ ستراتژییەن، وەک ئێستا دەبینن ئیدی دەنگیان بە هیچ شوێنێک ناگات.

3ـ خەمساردی لەهەمەبەر گۆڕانی دیمۆگرافیک: برینی قووڵی سەرێ کانی

خاڵێکی زۆر مەترسیدار لە ڕاگەیاندراوی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەدا هەیە، ئەویش دانانی کەسانێک لە “عەرەبی خەمر” (ئەو عەرەبانەی کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ بەعەرەبکردنی ناوچەکە لەسەر خاکی کوردستان نیشتەجێکرابوون)، وەک نوێنەری ناوچەی داگیرکراوی سەرێ کانی دیاریکراوە. ئەمە گەورەترین شکستی سەربازی و سیاسی بەڕێوەبەریی پەکەکەیە لە قەندیل. لە لایەک خاکی کوردستان (عەفرین، سەرێ کانی، گرێ سپی) بە هۆی شەڕی بێ پلان و لێدوانی حەماسییەوە ڕادەستی داگیرکەران کرا، لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیم لە ڕێگەی پەرلەمانەوە شەرعیەت بە گۆڕانی دیمۆگرافیک دەدات. سیاسەتی پەکەکە نەیتوانیوە خاک بپارێزێت یان لەسەر ئاستی دیپلۆماتیکدا، ڕێگری لە فەوتانی مافەکانی کورد بکات.

4ـ هاندانی کۆچ و چۆڵکردنی ڕۆژئاڤا

شکستی سیاسی کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی دادەنێت. نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوونی سیاسی، نەبوونی قەوارەیەکی فەرمی کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراو بێت و بەردەوامبوونی دۆخی “نە شەڕ و نە ئاشتی” کە بەڕێوەبەریی خۆسەر، ناوچەکەی تێدا هێشتۆتەوە، بووەتە هۆی قەیرانێکی قووڵی ئابووری و ئەمنی. کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژئاڤا کە لە سەرەتای شۆڕشدا ئیرادە و هیوای هەبوو، ئەمڕۆکە بەهۆی ئەم ناسەقامگیرییەوە ڕوو لە کۆچکردن دەکات. ئەو سیاسەتەی ئێستا پەیڕەو دەکرێ، خەریکە ناوچەکە لە گەورەترین هێزی خۆی، واتە گەنجان و هێزە مرۆییەکەی بەتاڵ دەکاتەوە.

بەیاننامەی قامیشلۆ هاوارێکە بۆ شکستهێنانی پڕۆژەیەک کە لەسەر بناخەی بەرژەوەندییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژئاڤا بنیات نرابوو. ئێستا ئیدی دەرکەوتووە کە سیاسەتێک کەوا نوێنەرایەتی کورد تەنها وەک ئامرازێکی بازرگانی ناوچەیی ببینێت، ناتوانێت مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە سووریا بپارێزێت. ئەم شکستە دژوارە ئەوە دەردەخات کە بەبێ گەڕانەوەی ڕاستەقینە بۆ هێڵی نەتەوەیی کورد و کوردستانی، بەبێ قبوڵکردنی فرەیی سیاسی و بە بێ دەربازبوون لە سێبەری بڕیارە ئایدۆلۆژییەکان، ئایندەی کورد لە ناوچەکە لەژێر مەترسییەکی گەورەی فەنابووندایە.

Share