دوای ڕفاندنی خوشکەکەی، چەتەکانی پەکەکە “حەمید”ی تەمەن 13 ساڵانیشیان ڕفاند

“حەمید حەمۆ موسلیم” لە ڕێکەوتی 27ی تەمووزی 2024ـەوە ڕفێندراوە و چارەنووسی نازانرێت.
چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، منداڵێکی تەمەن 13 ساڵانی کوردی خەڵکی عەفرینیان ڕفاندووە کە هێشتا چارەنووسی نازانرێت. شایانی باسە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خوشکی ئەو منداڵە بەهەمان شێوە لەلایەن ئەو چەتانەوە ڕفێندرابوو.
چالاکوانانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایانگەیاند، مێردمنداڵێکی کوردی تەمەن 13 ساڵ بە ناوی “حەمید حەمۆ موسلیم” لە ڕێکەوتی 27ی تەمووزی 2024ـەوە بێسەروشوێنە و چارەنووسی نازانرێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کراوە کە ئەو منداڵە بە ئەسڵ خەڵکی عەفرینە، بەڵام لە گەڕەکی کوردنشینی “شێخ مەقسود”ی حەلەب نیشتەجێ بووە و بنەماڵەکەی هێشتا هیچ زانیارییەکیان لەبارەیەوە پێنەگەیشتووە.
چالاکوانان ڕایانگەیاندووە کە خوشکی ئەم منداڵە بە ناوی “حەنیفە حەمۆ” تەمەن 19 ساڵ چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن تاقمی”جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە ڕفێندراوە.
تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” یەکێکە لە ڕێکخستنە چەتەکانی سەر بە پەکەکە و ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە لە قەندیل فەرمان وەردەگرێت و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش، لەلایەن مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی “هەسەدە”وە سەرپەرشتی دەکرێت. ئەرکی سەرەکی ئەم گرووپە چەتەیە ڕفاندنی منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان، ترساندن و تۆقاندن و هەڕەشەکردن لە خەڵکی سڤیل و هەروەها پەلاماردان و سووتاندنی بارەگای حیزبە کوردستانیەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە.