بنکەی سەربازیی قەسرکێی ئەمریکا لە حەسەکە کراوەتە ئامانج

ئەگەرچی بنکەکە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە چۆڵکرابوو بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا بووەتە ئامانجی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
ئەمڕۆ شەممە 4/4/2026، بنکەی سەربازیی قەسرکێی ئەمریکا لە گوندەوارەکانی پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کرایە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەی سەربازی ئەمریکایان لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کردۆتە ئامانج، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونی هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
شایانی باسە ئەو بنکەیە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە چۆڵکرابوو، بەڵام بەهۆی پێگەی سەربازییەوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە ئامانجی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران. ئەم هێرشە وەک درێژەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لەسەر خاکی سووریا و عێراق سەیر دەکرێت.
بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە، هێزەکانی ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوویان بۆ زۆربەی بنکەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگیرکردووە. هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێداگرن لەسەر ئەوەی کە بوونیان لە ناوچەکە بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەکە و پێشگرتنە لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.