هەسەدە پێشنیاری دیمەشق ڕەتدەکاتەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نێوخۆیی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، نێوەندگیری دەکات.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی ئیدارەی نوێی سووریا، دیمەشق پێشنیاری بە هەسەدە کردووە کە ئامادەیە دان بە مافە کولتوورییەکانی کورددا بنێت و ئەو مافانە لە دەستووری نوێدا جێگیر بکات.
سەرچاوە نزیکەکانی حکومەتی کاتی دیمشق بە کەناڵی جەزیرەیان ڕاگەیاندووە، ڕەشنووسەکە بەشداریی کورد لە ئەرتەشی سووریا و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەشی لەخۆگرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕەشنووسەکە سیستمی حوکمڕانی لامەرکەزیش لەخۆدەگرێت کە دەسەڵاتی فراوان دەداتە ئەنجوومەنە هەرێمییەکان.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە داننان بە مافە ڕۆشنبیرییەکانی کورد و جێبەجێکردنی ئەو مافانە لە دەستووری نوێدا خاڵی سەرەکی پێشنیارەکانن.
لە لایەکی تریشەوە دەگوترێ کە هەسەدە ئەم پێشنیازەی ڕەتکردۆتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر ئەم پێشنیازە قبووڵ بکرێت، ڕێگە بۆ بەشداریی کورد لە ئەرتەش و دامودەزگا ئەمنییەکاندا خۆش دەکات.
هەروەها هەرێمەکانیش بە شێوەیەکی لامەرکەزی بەڕێوەدەبرێن.
ئەو پێشنیازە بەو مانایەیە کە ئەرکی ئەنجوومەنی هەرێمەکان زیاد دەکرێت و پارێزگاکان بە شێوەیەکی لامەرکەزی بەڕێوەدەبرێن.
مەرجەکانی هەسەدە
بەگوێرەی هەمان سەرچاوەکان، هەسەدە ئەم پێشنیارەی ڕەتکردووەتەوە و پێداگریی لەسەر مەرجەکانی خۆی کردۆتەوە.
مەرجەکانی هەسەدە بەم شێوەیەن:
– تێکەڵبوون وەک یەکەیەکی تایبەت لە ئەرتەشی سووریا.
– پاراستنی مانەوەی خۆی لە ناوچە سەربازییەکانی ئێستا.
– وەرگرتنی پشکێک لە داهاتی بیرە نەوتییەکان.
بە پێی هەواڵەکان هۆکارەکانی هەسەدە ئەمانەن:
“مەترسیی هێرشی موحتەمڵی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێگریکردن لە بەشداربوونی تاقمەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا لە وەزارەتی بەرگری سووریادا”.
ئیدیعای ئەوە کراوە کە ئیدارەی سوریا پێشنیارەکانی هەسەدەی ڕەتکردۆتەوە.
بەرپرسانی دیمەشق دەڵێن گرووپی سەربەخۆیان لە ناو ئەرتەشدا ناوێت و هەروەها لە دژی ئەوەن کە دۆسیەی نەوت وەکوو ئامرازێک لە دانوستانە سیاسییەکاندا بەکاربهێندرێن.
نێوەندگیریی سەرۆک بارزانی
هەواڵەکە باس لەوە دەکات کە سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نێوان کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان، نێوەندگیری دەکات.