باخچەلی: هەسەدە دژایەتیی ئۆجەلانی کرد بۆیە ئەوە ڕوویدا

باخچەلی: “کۆنفیدراڵی و خۆسەری نابێت جارێکی دیکە لە سووریا بخرێنەوە بەرباس”.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایدەگەیەنێت، “نابێت لە سووریا باسی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی بکرێت” دەشڵێت، دەبێت رۆژهەڵاتی فوراتیش لە هەسەدە پاکبکرێتەوە و لەوێش نەمێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 20/1/2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد.
باخچەلی لە گوتارەکەیدا هێزەکانی سووریای دیموکراتیکی بە هەوڵدان بۆ تێکدانی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان تۆمەتبار کرد.
سەرۆکی مەهەپە گوتی: “ئەوەی ورووژاندنەکانی هەسەدە و یەپەگە لە سووریا بە هەوڵێک بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی 27ـی شوبات دەبینێت و نیشانی دەدات، خودی رێبەری دامەزرێنەری پەکەکەیە.”
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، باخچەلی ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا کرد و رایگەیاند: “هەسەدە لە رۆژئاوای سووریا دەرکراوە و ناچارکراون رێککەوتنێکی 14 خاڵی واژۆ بکەن.”
باخچەلی گوتیشی: “رەققە و دێرەزوور لە داگیرکاری رزگارکران. هەسەدە و یەپەگە کە دژایەتیی رێککەوتنی 10ـی ئاداریان دەکرد، بە جووڵەیەکی گشتگیری گسکدان و بە زەبری هێز و چەک دەرکران.”
دەوڵەت باخچەلی بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە شەڕەکانی دواییدا، عەشیرەتە عەرەبەکان شانبەشانی ئیدارەی دیمەشق “تێکۆشانێکی بێوێنەیان” دژی یەپەگە کردووە.
سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانیی داهاتووی سووریا، باخچەلی جەختی لە “یەکپارچەیی خاکی سووریا” کردەوە و رەتیکردەوە هیچ شێوازێکی لامەرکەزی قبووڵ بکرێت.
باخچەلی گوتی: “نابێت گفتوگۆ لەبارەی کۆنفیدراڵی، فیدراڵی و ئۆتۆنۆمییەوە بکرێت کە لەوانەیە چالاکییە تیرۆریستییەکان زیندوو بکەنەوە. دەبێت دڵنیایی بدرێت لەوەی کە گرنگترین خاڵی هاوبەش هاووڵاتیبوونی سووری دەبێت.”
سەرۆکی مەهەپە هەڕەشەی لە بوونی هەسەدە لە ناوچەکانی دیکە کرد و گوتی: “نەک تەنیا لە رۆژئاوای فورات، پێویستە لە رۆژهەڵاتی فوراتیش رەگی تیرۆر وشک بکرێت و لە تیرۆر پاکبکرێتەوە.”
دەقی قسەکانی دەوڵەت باخچەلی-سەرۆکی مەهەپە:
“ئاشکرایە کە هەسەدە و یەپەگە لەپێناو ئامانجەکانی تورکیای بێ تیرۆر و هەرێمی بێ تیرۆر زنجیرەیەک کردەی تیرۆرستی دەکەن و دژی بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی ئیمراڵی کاردەکەن. راستییەکەی، ئەوەی ورووژاندنەکانی هەسەدە و یەپەگە لە سووریا بە هەوڵێک بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی 27ـی شوبات دەبینێت و نیشانی دەدات، خودی رێبەری دامەزرێنەری پەکەکەیە. لە سووریا پێکهاتەیەکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت؛ کاتێک هەسەدە و یەپەگە تەنگیان پێهەڵچنرا و ئاڵای خۆبەدەستەوەدانیان هەڵکرد، ناچاربوون لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق رێککەوتنی ئاگربەست و یەکگرتنی تەواو کە لە 14 خاڵ پێکدێت واژۆ بکەن؛ ئەمە ئەنجامێکی زۆر مانادار و خێرە. لە سووریا، جگە لە پێکەوەژیان و ژیانی برایانە، هیچ گەڕان و داواکارییەکی دیکەی هۆزە عەرەبەکان، کوردەکان، تورکمانەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە بوونی نییە.”