میلیشیاکانی جۆلانی: هەسەدە تا سبەی مۆڵەتی لە دێر حافر هەیە

سوپای ڕێژیمی سووریا ڕایگەیاندووە کە هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هێرشکردنە سەر دێرحافر تەواو بووە.
ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی جۆلانی داوا لە خەڵکی دێرحافر دەکات لە بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) دوور بکەونەوە و ڕایدەگەیەنێت کە هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هێرشەکە تەواو بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/1/2026، میلیشیاکانی جۆلانی لە ڕاگەیاندراوێکدا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی هەسەدەیان لە دێرحافر کرد و ڕایانگەیاند: ڕێڕەوی دەرچوون بۆ دانیشتوان لە کاتژمێر 9:00 بەیانی تا 5:00 ئێوارە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ئەگەر هەسەدە ڕێگری لە ڕۆیشتنی خەڵک بکات، ئەوا دەکرێنە ئامانج.
هەروەها ژووری ئۆپراسیۆنەکانی سوپای سووریا ڕایگەیاندووە کە هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هێرشکردنە سەر دێرحافر تەواو بووە و داوای لە خەڵک کردووە لە بارەگاکانی هەسەدە دوور بکەونەوە.
ئەم هەڕەشەیەی سوپای ڕێژیمی سووریا دوای بڕیاری بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا بۆ داخستنی سنوورەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق هات.