ئەحمەد داودئۆغڵو: پێشێلکردنی مافەکانی کورد لە سووریا قبووڵ ناکەین

ئەحمەد داودئۆغڵو: پێشێلکردنی مافەکانی کورد لە سووریا قبووڵ ناکەین

داودئۆغڵو: “بۆئەوەی ئاشتی ناوخۆیی تورکیا تێک نەچێت، پێویستە ئەنقەرە سیاسەتێکی ڕوونتر و دادپەروەرانەتر بەرامبەر بە کوردەکانی ناوچەکە پەیڕەو بکات”.

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا ڕایگەیاند کە درێژەکێشانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەرگا بەڕووی دەستوەردانی دەرەکیدا دەکاتەوە. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە دژی پێشێلکردنی مافەکانی کوردن لە سووریا.

ئەحمەد داودئۆغڵو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی “یەنی یۆل” باسی دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و سووریای کرد. داودئۆغڵو سەرنجی بۆ پەیوەندی نێوان سەقامگیری ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوە ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە چۆنیەتی تەعاموڵ لە هەمبەر کوردەکانی سووریادا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێت.

داودئۆغڵو ڕایگەیاند کە ئەو لە دەسپێکدا پشتگیری لە بڕیارەکەی دەوڵەت باخچەلی کردووە، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە نابێت ئەم پرۆسەیە دوابخرێت. داودئۆغڵو وتی: پاڵپشتیی خۆمم دەربڕی، بەڵام گوتم پڕۆسەکە درێژ نەکەنەوە، هەر پڕۆسەیەک لەم هەرێمەدا درێژبکرێتەوە، ئەگەری دەستوەردانی دەرەکی زیاتر دەکات و بۆیە پێویستە هەنگاوەکان خێراتر بنرێن.

داودئۆغڵو وتی: “دەبینین هەندێک لایەن هۆشداریی بە تورکیا دەدەن؛ کەس بۆی نیە کە هۆشداریی بە ئێمە بدات، بەڵام هاوکات کەس بۆی نییە کە برا کوردەکانمان لە سووریا وەکو نەیار (دوژمن) سەیر بکات”.

سەرۆکی پارتی ئایندە ڕەخنەی لەو عەقڵیەتە گرت کە کورد لە سووریا وەک هەڕەشە پێناسە دەکات و وتی: “کوردەکان دەپرسن؛ بۆچی تورکیا کورد لە سووریا وەک هەڕەشە دەبینێت؟ لە لایەکی ترەوە هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل دەوڵەتێک لە باکوری سووریا دادەمەزرێنێت. ئەم موناقەشانە دەبنە هۆی ئەوە کە پشتیوانیی گەل بۆ پرۆسەی ئاشتی کەم ببێتەوە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی زیاتر ببێت. ئێمە هیچکات قبووڵ ناکەین کە مافەکانی کورد لە سووریا پێشێل بکرێن”.

لە کۆتایی قسەکانیدا داودئۆغڵو داوای لە حکومەتی تورکیا کرد کە سیاسەتێکی ڕوونتر و دادپەروەرانەتر بەرامبەر بە کوردەکانی ناوچەکە پەیڕەو بکات، بۆ ئەوەی ئاشتی ناوخۆیی تورکیا تێک نەچێت.

Share

پوستێن ھەمان بەش