ئاڵای ئیسرائیل لە سوریا دەشەکێتەوە بەڵام ئێوە کورد بە زایۆنیزم تۆمەتبار دەکەن

“هەڵکردنی ئاڵای ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان و ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل لە پاریس و پەلاماردانی دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب، بە ڕوونی دەریدەخەن کە کێ خزمەتکاری ئیسرائیلە”.
سری ساکیک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارلمانی تورکیا وتی: “ئاڵای ئیسرائیل لە خاکی سوریادا دەشەکێتەوە، بەڵام کوردەکان بە زایۆنیزم تۆمەتبار دەکرێن”.
دوێنێ سری ساکیک پەرلەمانتاری دەم پارتی لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا قسەی کرد.
سری ساکیک وەڵامی ئەو ئیدیعایانەی دایەوە کە دەلێن بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان پشتیوانی لە ئیسرائیل وەردەگرن.
ساکیک سەرنجی بۆ هەڵکردنی ئاڵای ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا ڕاکێشا و وتی: “کورد هەرگیز غوڵامی زایۆنیزم نەبووە”.
ساکیک لە میانەی وتارەکەیدا وێنەی بەرزاییەکانی جۆلانی پیشانی پەرلەمانتاران دا و ناڕەزایی خۆی لە تۆمەتەکانی دژ بە کورد دەربڕی و وتی:
“پەرلەمانتارانی ئازیز، بە باشی سەیری ئەم وێنەیە بکەن، ئەمە بەرزاییەکانی جۆلانە لەناو خاکی سوریادا، ئاڵای ئیسرائیل لەوێ هەڵدەکرێت و دەشەکێتەوە، ئەوانەی کورد بە زایۆنیزم تۆمەتبار دەکەن، سەیرکەن ئاڵای ئیسرائیل لەوێ هەڵدەکرێت و ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل لە پاریس واژۆ دەکرێت و هێرش دەکرێتە سەر دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب. ئەگەر ورد ببنەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە کێ خزمەتکاری ئیسرائیلە”.