ئایا لە ڕۆژئاڤا خیانەت لە کورد کراوە؟

هێرشێکی گەورە دژ بە دەسکەوت و مافەکان و جوگرافیا و تەنانەت هەبوونی فیزیکیی کورد لە ڕۆژئاڤا بەڕێوەدەچێت. مێژوو ئێمەی گەیاندوویەتە ئاستێک کە دەبێ هەموو کوردێکی بە شەرەف و بە کەرامەت، لەپێناو ڕۆژئاڤادا تێبکۆشێت و ئەوەی لە توانایدا بێت بیکات. کورد لە هەموو جیهان و لە کوردستان، لە هەولێرەوە تا بۆچوم، لە دهۆکەوە هەتا نسێبین، لە ئاکرێ هەتا ستۆکهۆڵم، نیشانیان داوە کە نەتەوەیەکی سەربەرزن و بە دروشمی “ڕۆژئاڤا تەنیا نییە” ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. کورد دڵتەنگ و تووڕەن… و کورد پێی وایە مێژوو دووبارە دەبێتەوە و جارێکی دیکە خیانەتیان لێ کراوە.

لەڕاستیشدا خیانەت لە کورد کراوە.

خیانەتکارەکان کێن؟

خیانەتکارانی یەکەم زلهێزەکانی ڕۆژئاوایی بوون کە ساڵانێک بوو بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە لەگەڵ ڕۆژئاڤادان، دوای 25 ساڵ ئەمریکا بە فەرمی سووریای ڕادەستی قاعیدە کرد کە لە 2001دا هێرشی کردبووە سەر تاوەرە دووانەکان لە نیویۆرک. داڕێژەری ئەم خیانەتە بەریتانیا بوو. لەم نێوەندەدا فەرەنسا بە ترسەوە خۆی پەیوەست بەو سیستەمە دژە کوردەوە کردبوو، کە دامەزرابوو. تۆم باڕاک نوێنەری ئەمریکا بەوپەڕی بێشەرمییەوە ڕایگەیاند، “سەردەمی هەسەدە بەسەرچووە”.

گرووپی دووەمی خیانەتکاران هێزەکانی عەرەب بوون. لەبەر ئەوەی کە ئەو عەرەبانەی ساڵانیکە بە دروشمی “سیستەمی گەلان”، “برایەتی گەلان” و هتد…دا لە ناو سیستمی هەسەدەدا بوون، نەک هەر لە یەک ڕۆژدا دەستبەرداری هەسەدە بوون، بەڵکو لە پشتەوە خەنجەریان لە هاوسەنگەرەکانیان واتە شەڕڤانانی کورد، وەشاند.

کورد ئەم خیانەتە دەبینێت و تووڕەیە

بەڵام بەداخەوە، لەلایەن خودی کوردانیشەوە خیانەت لە ڕۆژئاڤا کرا. ئەم خیانەتکارە ناوخۆییانە ئۆجەلان و حیزبە هەڵوەشاوەکەی (پەکەکە) بوون کە 45 ساڵ بوو خەڵکی ڕۆژئاڤا لەسەر شانی خۆیان هەڵیانگرتبوون.

پەکەکە لە ساڵانی 1980 بەملاوە، سوود لە گەلی ڕۆژئاڤا وەردەگرێت. منداڵەکانیانی کردە گەریلا، پارەیان لێوەرگرتن و کەمپی مەشق و ڕاهێنانیان لە نێوانیاندا دامەزراند. لە ساڵی 2012دا بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران، ڕۆژئاڤایان وەرگرت و کردیان بە ڕووبارێکی ژیان بۆخۆیان. بە ڕۆژئاڤاوە بازرگانییان لەگەڵ هەمووکەسدا کرد و هەم لە ئێران و هەم لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی پشتیوانییان وەرگرت. بە دەیان تەن چەک، مەشقی سەربازی، پەیوەندیی دیپلۆماسی، پاسپۆرت، نوێنەرایەتی، قاچاخچێتی چەک، پارەی نەوت و هتد…یان لە ڕێگەی ڕۆژئاڤاوە وەرگرت. گوتیان ڕۆژئاڤا هی ئێمەیە و بۆ کورد و خەباتی نەتەوەیی کورد قەپاتیان کرد. ئەوان زیاتر بیرۆکەی ئانارشیستیی مۆرای بۆکچینیان بەسەر هزری ڕۆژئاڤادا سەپاند.

دوای ئەوەی پەکەکە هەموو ئەو شتانەی کە لە توانایدا بوو بە ناوی ڕۆژئاڤاوە بەدەستهێنا، ڕێک لەو کاتەدا کە دەسکەوتەکانی ڕۆژئاڤا پێویستیی بە هەبوونی دەسەڵات هەبوو، پێڤاژۆی بەناو “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” لە لایەن باخچەلی، ڕاستترین کەسایەتی فاشیستی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان خاوەنی ئێستای دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلانەوە دەستی پێکرد. لە ڕاستیدا ئەم پێڤاژۆیە “پێڤاژۆی خەندەقەکانی ڕۆژئاڤا” بوو. ئۆجەلان پشتی ڕۆژئاڤای شکاند. ئۆجەلان هێزەکانی ڕۆژئاڤای وەک حەشدی شەعبی ئیسرائیل ناوبرد. ڕێگای پەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەکییەکان لەسەر ڕۆژئاڤا داخست. بە لێدوانەکانی وەک “داوای فیدراڵیزم مەکەن”، “داوای ئۆتۆنۆمی مەکەن” و هتد…، ڕۆژئاڤای لە بارەی داخوازییە سیاسی و ئیدارییەکانییەوە لە حاڵەتێکی بێ ئامانجیدا هێشتەوە.

ئەوان باسکی ڕۆژئاڤایان شکاند. ئێستا سەرکردەکانی پەکەکە بێدەنگن… دیار نییە کە دەم پارتی دەیهەوێ چی بڵێت. ئێستا هەمووان چاویان لەدەستی سەرۆک مەسعوود بارزانیە بۆ ئەوەی کارێک بکات. بۆ ماوەی 14 ساڵ هەموو پێشنیارەکانی سەرۆک بارزانییان ڕەتکردەوە و بەناوی ڕۆژئاڤاوە هێرشیان کردە سەر بزووتنەوەی بارزانی. ئەوان ڕۆژئاڤایان وشک و کاول کرد. ئەوان ئێستاکە هەموو بارگرانییەکەیان لەسەر کادیرانی ڕۆژئاڤا و خەڵکی ڕۆژئاڤا و بارزانییەکان بەجێهێشتووە.

لەئێستادا کورد نە بە حەماسەتی ئیدئۆلۆژیک و قسە، بەڵکوو بە ڕۆحێکی نەتەوەیی و کوردایەتییەوە، شان بە شانی یەکتری لەپێناو ڕۆژئاڤادا دەجەنگن و لە هەموو جیهاندا تێدەکۆشن. نەتەوەی کورد جگە لە کوردان، هیچ دۆستێکی دیکەی نیە، جگە لەوەی کە شان بە شانی یەکتری خەبات بکەین و تێبکۆشین، هیچ شانسێکی دیکەمان نییە.

Share