پاک: “پێگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێز نێچیروان بارزانی نەک هەر بۆ باشووری کوردستان بەڵکوو بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لە ڕابردوودا گرینگ و لە داهاتوودا گرینگتر دەبێ”.
پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) دوای دیداری مێری لە دژی هەوڵە ئیستفزازیەکان کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەنە ئامانج، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دوای ئەوەی دیداری مێری کە لە 12-13ی ئۆکتۆبەر لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، هەڵمەتێکی چەواشەکارانە بەتایبەتی دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکادا، هەڵمەتێکی شەڕی تایبەت دەستیپێکرد کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە ئامانج دەگرت. ئەم هەڵمەتە کە سەرکردە و بنەماڵە و حیزبەکانی دەکردە ئامانج و زانیاریی چەواشە و دەستکاریکراوی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاودەکردەوە، لەم دواییانەدا زیاتریش بووە.
سەبارەت بە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی لە “دیداری مێری”دا، هەواڵی ساختە بڵاوکرایەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی پاک و لایەنە کوردستانییەکانی دیکە و سەرکردەکانیان کرانە ئامانج و زانیاری زۆر بەتایبەتی لەسەر حوسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی PAK، بڵاوکرایەوە.
لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا ئەو ئیدیعایە کراوە کە گۆیا لە مانگی ئەیلولەوە حوسێن یەزدانپەنا بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی دەستگیر کراوە. ئەم هەواڵە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن ماڵپەڕە هەواڵییەکانی نزیک لە عێراق و سەر بە یەنەکەوە، بە چەندین شێوازی جیاواز بڵاوکرایەوە.
دارکا مازی، دوای ئەوەی زانیاریی لە سەرچاوەکانی PAK و هەرێمی کوردستانەوە پێگەیشت، پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەواڵی “دەستگیرکردنی حوسێن یەزدانپەنا” ڕاست نییە.
تاکتیکی “بەردانی کەروێشکەکان” لە دژی حوسێن یەزدانپەنا…
بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، تاکتیکی “بەردانی کەروێشکەکان”، کە لە زاراوەی سیاسی و ئەندازیاری قەیرانی سیاسیدا بەکاردێت بۆ دۆزینەوەی کەسێک و دەرهێنانی لە شوێنی خۆحەشاردانی، بۆ ئەوەی کە بکرێت بە ئامانجێکی ئاشکرا بەکار دێت، دژی حوسێن یەزدانپەنا بەکاردەهێنرێت.
دوای ئەوەی کوڕەکەی لە هەوڵێکی تیرۆرکردندا بە سەختی بریندار بوو و زانیارییەکان دەریانخست کە هەندێک تیمی تیرۆرکردن کردوویانەتە ئامانج، حوسێن یەزدانپەنا ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی باشتر کرد و لە میدیاکان دوورکەوتەوە. لە ئێستادا، هەوڵدەدرێت کە شوێنی فیزیکی ئەو دیاری بکرێت هەتا بکرێتە ئامانج.
وتەبێژی PAK: ڕێگە نادەین هەوڵی چاندنی تۆوی فیتنە و فەسادی بدرێت
لە وەڵامی ئەو هەواڵەدا کە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناخوێندرێنەوە، خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەناونیشانی “حەولێکی فیتنەگەرانە و هێرشکردنە سەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان”، هاتووە: “سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گیانی برایەتییەوە ڕەخنەکانی خستووەتەڕوو”، و دەشڵێت، “بەڵام هەندێک لایەنی ئاشکرا و شاراوە بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕێکخراو ئەو ڕەخنە و گلەییانەیان گۆڕیوە بۆ هێرش و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پۆزیسیۆنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خودی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییان کردۆتە ئامانج”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئێران وەک هێزی پشت ئەو هەواڵانە ناسێندراوە کە بڵاوکراونەتەوە و دەڵێت: “وەک هەمیشە لە پشت زیاترین ورووژاندن و هێرش و کای کۆن بە باکردن و هەڵدانەوەی قەتماغەی برینە کۆنەکانی نێوان کوردییە، مەکینەی فیتنەگێڕی و چەواشەکاری و ئاژاوەگێڕیی ئێران و دەست و پێوەندەکانییەتی”.
سەبارەت بە ئامانجی ئەو پروپاگندا ڕەشە وتەبێژی پاک لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەلێ: “ئەو لایەنانە بێجگە لە پێگە و پەیجە دیارەکانیان دەیانی دیکەشیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لە هەموو لایەک بدەن و دەمار و هەوداکانی پێوەندیی نێوان پارچەکانی کوردستان و لایەن و کاراکتێرە سیاسییەکانیان بپسێنن و لە بەرانبەر یەکدا ڕامانگرن”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێرشەکان بۆ سەر ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی قبوڵکراو نین و دەڵێ: “پێگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێز نێچیروان بارزانی نەک هەر بۆ باشووری کوردستان بەڵکوو بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لە ڕابردوودا گرینگ و لە داهاتوودا گرینگتر دەبێ. بۆیە سەرەڕای هەر ڕەخنە و گلەییەک، نابێ ڕێگا بدەین، بدرێن بەدەم دوژمنان و دەست و پێوەندەکانیانەوە”.
پاک لە ڕاگەیاندراوەکەیدا داوایەک ئاراستەی ڕۆشنبیران دەکات و تێیدا هاتووە: “بۆیە داوا لە هەموو لایەک بەگشتیی و چالاکانی دڵسۆز و بەپەرۆشی دۆزی کوردستان لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتیی دەکەین پیلانگێڕیی داگیرکەران و نەیاران و دەست و پێوەندەکانیان بۆ تەشەنە پێدانی ئەو هێرشانە و حەولەکانیان بۆ پێکهێنانی ناکۆکیی، پووچەڵ بکەنەوە و گیانی تەبایی و پێکەوە هەڵکردن بەهێز بکەن”.
ڕاگەیاندراوەکەی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) بەم ڕستەیە کۆتایی هاتووە کە پاک “پاراستنی هەرێمی کوردستان و ڕەچاکردنی بارودۆخی تایبەتی، وەک هەمیشە بە ئەرکی خۆی و هەموو لایەنەکان دەزانێ”.