کۆبوونەوە و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان و بزووتنەوەکانی باکووری کوردستان!!!

کۆبوونەوە و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان و بزووتنەوەکانی باکووری کوردستان!!!

ئاستەنگەکانی بەردەم یەکێتی و یەکگرتوویی لەناو حیزب و بزووتنەوەکانی باکووری کوردستاندا چین؟

بووبێ ئەسەر

گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە دەردەخات کە دەبێت نوێنەرایەتییەک لە باکووری کوردستان دامەزرێت کە بتوانێت بەرامبەر ئەو هێڵە بوەستێت کە پێی دەوترێت “ئەنتەگراسیۆن” کە لە بنەڕەتدا بۆ لەناوبردنی کوردە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بچنە ناو دەسەڵات و هێز و ئەجێندای جیهانیەوە.

وەک دەزانرێت باکووری کوردستان گەورەترین بەشی کوردستانە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان لایەن و هێزە سیاسییەکاندا نییە، کەس وەک موخاتەبی پرسی کوردانی باکووری کوردستان نایانبینێت. بۆیە پێویستە ، بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لە نێوان بزووتنەوە و حزبەکانی کوردستاندا هەبێت، دەستبەجێ یەکێتی و یەکڕیزیی خوازراو پێکبێت.

بە دامەزراندنی پێکهاتەیەکی لەوشێوەیە، کوردانی باکووری کوردستان دەبنە خاوەن نوێنەرایەتیی نەتەوەکەیان. ئەوان دەبنە هێز و دەسەڵاتێک کە دەتوانن دژی ئەو ئەنتەگراسیۆنە بوەستنەوە کەوا لە بنەڕەتدا بۆ لەناوبردنی نەتەوەی کوردە.

کوردانی باکووری کوردستان چەندە لە یەکتر دوور بن، بەو ڕادەیە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لە دۆزی کوردستان دوورتر دەکەونەوە. خاوەنداری کردن لە دۆزی خۆیان، لە ڕێگەی یەکێتی و یەکڕیزییەوە بەدەست دێت؛ ئەمە لە هەموو جیهاندا وەهایە. لەبیرتان نەچێت کە ئازادی باشووری کوردستان لە سایەی سەرکردایەتی ئەو بەرەیەدا بەدیهات کە بە سەرکردایەتی ئیدریس بارزانی نەمر بنیات نرا.

پێویستە ئێستا بگەڕێینەوە بۆ خۆمان و لە مێژوو و کولتوورەکەمانەوە ئەو ئەزموون و نموونانە فێربین کە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان یارمەتیدەرمان دەبن. با زۆر دوور نەڕۆین و سەیری خۆمان و سەیری مێژووی خۆمان بکەین، سەیری ئەو قارەمان و سەرکردانەی خۆمان بکەین کە خەباتیان کردووە؛ تا بزانین چییان بۆ دۆزی گەلەکەیان کردووە و چۆناوچۆن زۆربەیان لەو ڕێگایەدا شەهید بوون.

با خەباتی سەد ساڵەی گەل و بارزانیەکان لەبەرچاو بگرین، ئەو کەموکووڕی و هەڵانەی کە کراوە ببینین و لە ڕێگای خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی باکوری کوردستان، چارەسەرویان بکەین. سەربەخۆیی باکووری کوردستان ئازادی و سەربەخۆیی پارچەکانی دیکەش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆکە ئەو هێز و وزە و ئیرادەیە و بیروباوەرەی کە لە باکووری کوردستان چاوەڕان دەکرێت، مردووە. ئەمڕۆکە بزاڤ و خەبات و تێکۆشانی باکوور، کەوتوونەتە دەستی خوازیارانی ئەنتەگراسیۆن و ئەنتەگراسیۆنچییەکان بە ناوی “ئەنتەگراسیۆن”ـەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە لەناوچوونی کوردان نزیکمان دەکەنەوە و مانەوە و دابەشنەبوونی داگیرکەران بەهێزتر و پتەوتر دەکەن.

لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا باکووری کوردستان دەبێت خاوەندارێتی لە خۆی و مێژووی خۆی و خەبات و بەرخۆدانەکانی خۆی لە ڕابردوودا بکات. ئەمەش تەنیا لە چوارچێوەی یەکێتی و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی ئەواندا مسۆگەر دەکرێت.

ئەگەر بەدیلێک لە هەموو پێکهاتەکانی باکووری کوردستان پێک بێت، ئێستا بە ئاسانی دەتوانین بڵێین نوێنەرایەتییەکی کوردمان هەیە کە ئیدی جیهان دانی پێدا دەنێت.

لە سایەی ئەو جۆرە نوێنەرایەتییەوە، ئیدی دەتوانین بەناوی باکووری کوردستانەوە بەشداری لە چالاکی و کۆبوونەوە و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا بکەین. بۆیە هەتا نەبینە خاوەن هێزێکی یەکگرتوو و یەک نوێنەرایەتیمان نەبێت، چارەنووسمان لە دەستی ئەنتەگراسیۆنچییەکاندا دەبێت، کە ئامانجی سەرەکییان لەناوبردنی تەواوەتی ئێمەی کوردە.

لە کاتێکدا هەموومان ئەم دۆخە دەزانین و دەیبینین، بۆ ناتوانین پێکەوە هێز و دەسەڵاتێکی یەکگرتوو دابمەزرێنین؟ ئایا هیچ ململانێیەکی گەورە لەناو ئەو حزب و ڕێکخراوانەی باکووری کوردستاندا هەیە کە بە خۆیان دەڵێن “ئێمە کوردستانیین”؟

تا کەی لە کۆبوونەوە و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان بێبەش دەبین؟ ئایا ئەم دۆخە لە بەرژەوەندی ئێوەشدایە کە یەکڕیزیی خۆتان پێک نەهێنن و نوێنەرایەتی باکووری کوردستان بدەنە ئەنتەگراسیۆنچییەکان؟

ئاستەنگەکانی بەردەم یەکێتی و یەکگرتوویی لەناو حیزب و بزووتنەوەکانی باکووری کوردستاندا چین؟ ڕوونی بکەنەوە تا ئێمەش بەو پێیە ببینە خاوەن هەڵوێستی کوردستانی.

زۆر جار لەسەر ئاستەنگ و چارەسەرەکان نووسیومە، بۆیە نامەوێت لێرەدا دووبارەیان بکەمەوە. بەڵام دەبێت لە دووبارەکردنەوەی باسەکان سەبارەت بە ناتەبایی بەردەوام بین تا یەکێتی نەتەوەیی پێکدێت…