بەسێ هۆزات لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی تورکیا: “ڕێبەر ئاپۆ نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینەی تورکیایە”

بەسێ هۆزات لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی تورکیا: "ڕێبەر ئاپۆ نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینەی تورکیایە”

بەسێ هۆزات: “سەرۆک ئاپۆ هەرگیز تاقە یەک گوللـەشی نەتەقاندووە؛ پێویستە وەک کەسێک قبووڵ بکرێت کە هەرگیز چەکی هەڵنەگرتووە”.

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکى کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ توگچە تاتارى ڕۆژنامەنووسى T24 ئەنجامدا.

ئەو لێدوانەی هۆزات لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کاردانەوەی بەربڵاوی کوردانی بەدواداهات. ئیدیعاکانی ئەو کە ئۆجەلان گەورەترین نیشتمانپەروەری تورکیایە و هەرگیز تاقە یەک گوللـەشی بە چەکدارانی تورکەوە نەناوە، مشتومڕێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. خاڵە سەرەکییەکانی چاوپێکەوتنەکەی بەسێ هۆزات بریتین لە:

“لە نێوان ئێمە و دەوڵەت [تورکیا]دا کەناڵێک، میکانیزمێک هەیە؛ ئێمە جاروبار پێکەوە دیدار دەکەین”

هەرچەندە پەکەکە هێشتا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو دیدارانەی نێوان دەوڵەتی تورکیا، پەکەکە و ئیمرالی نەداوە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام بەسێ هۆزات ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەیە و گوتوویەتی: “لە نێوان ئێمە و دەوڵەت [تورکیا]دا کەناڵێک، میکانیزمێک هەیە؛ ئێمە جاروبار کۆدەبینەوە و دیداری جۆراوجۆرمان هەیە. هەم میکانیزم هەیە و هەمیش نێوبژیوان لە نێوان ئێمەدا هەیە کە لە نێوان ئێمە و ڕێبەرێتی [ئۆجەلان] و دەوڵەت [تورکیا]دا پەیوەندیی دروست دەکەن”.

“سەرۆک ئاپۆ هەرگیز تاقە یەک گوللـەشی نەتەقاندووە؛ پێویستە وەک کەسێک قبووڵ بکرێت کە هەرگیز چەکی هەڵنەگرتووە”

بەشی هەرە ناکۆک و شرۆڤەهەڵگر لە چاوپێکەوتنەکەی بەسێ هۆزاتدا ئەو قسانەی سەبارەت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوون کە گوایە هەرگیز چەکی هەڵنەگرتووە. هۆزات ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یاسایەی کە پەرلەمانی تورکیا لەسەر پەکەکە پەسەندی کردووە، سوودی بۆ ئەو کەسانە نییە کە “چەکیان هەڵگرتووە”. ئەو وتی، بەپێی ئەم یاسایە پێویستە ئۆجەلان یەکەم کەس بێت کە سوود لەو یاسایە وەربگرێت. هۆزات لە قسەکانیدا گوتی: “ئەگەر پێناسەی ‘هەڵگرتنی چەک’ ئاماژەیە بۆ چالاکییەک کە تێیدا مرۆڤ کوژرابێت، ئەوا پێویستە ڕێبەری ئێمە یەکەم کەس بێت کە سوود لەم یاسایە وەربگرێت. لەبەر ئەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ تاقە یەک گوللـەشی بە دەوڵەتی تورکیاوە نەناوە و لە هیچ توندوتیژییەکی پلان بۆ داڕێژراودا بەشدار نەبووە و تاقە یەک چەکداری تورک نەکوشتووە و پۆلیسێکیشی نەکوشتووە. بۆیە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ سوود لەم یاسایە وەربگرێت. بۆیە لەو چوارچێوەیەدا، پێویستە ئەو وەکوو کەسێک بێتەئەژمار کە قەد ‘چەکی هەڵنەگرتووە’. ئێمە داوای ئازادیی فیزیکیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین، هەر هیچ نەبێ با لە مافی هیوای خۆی سوودمەند بێت”.

هۆزات هەروەها ڕایگەیاندووە، پێویستە زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە سوود لەم یاسایە وەربگرن و دەشڵێت: “هەڤاڵانمان لە ڕێکخراوەکەدا هەن کە بەشداری هیچ چالاکیەکیان نەکردووە، چەکیان بەکارنەهێناوە یان تەقەیەکیان نەکردووە، ئەوان لە بەرزترین ئاستی ڕێکخراوەکەدان، بەڵام قەد تەقەیەکیان لە دژی دەوڵەتی تورکیا نەکردووە. بۆیە پێویستە کە ئەوانیش لەم یاسایە سوودمەند بن”.

کوردان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەمشێوەیە شرۆڤەیان کردووە؛ “لەبەر ئەوەی کە ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە بۆخیان چەکیان لە دژی دوژمن بەکارنەهێناوە و تەقیەکیان لە چەکدارانی تورک نەکردووە، بەڵکوو لاوانی کوردیان خستۆتە بەردەم دوژمن، ئێستاکە داوا لە دەوڵەتی تورک دەکەن کە بیانبوورێت و عەفوویان بکات”.

“ئامانجمان دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی نییە”

هۆزات هەروەها باسی لەوە کرد کە دروستکردنی دەوڵەت، کێشەکان چارەسەر ناکات.

دەشڵێت: “بڕیارمان داوە دەوڵەتی نەتەوەیی دروست نەکەین، دەستبەرداری ئەم پارادایمە و ئەم ستراتیژەیە بووین، دەوڵەتی نەتەوەیی هەرگیز ئازادیی بۆ هیچ نەتەوەیەک نەهێناوە. ئەمە ئەو دەرئەنجامەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لەماوەی دەیان ساڵدا بە خوێندنەوە، لێکۆڵینەوە و ئانالیزکردنی ئەزموونە جیهانییەکان و خەباتەکانی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی و ئەزموونەکانی سۆسیالیزم پێی گەیشتووە. هیچ دەوڵەتێکی نەتەوەیی بە ڕاستی ئازادی و یەکسانی و دیموکراسیی بۆ گەل و کۆمەڵگە و ژنانی وڵاتەکەی نەهێناوە”.

هۆزان هەروەها گوتییەتی: “تەنانەت دوای داڕمانی سۆسیالیزمی مەوجوودیش، ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندن و شیکاری بەرفراوانی لەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی کرد. دەسپێکی پێشخستنی ئەم پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکە لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993”. ئەو هەروەها وتی: “ئێمە لە ڕاستیدا زیاتر لە 20 ساڵە ستراتیجی خەباتی چەکداریمان وەلا ناوە”.

بەڵام هۆزات ڕوونی نەکردەوە کە ئەگەر لە ساڵی 1993ـەوە باوەڕیان بە خەباتی چەکدارانە نەماوە، کەواتە بۆچی زیاتر لە 20 هەزار گەنجی کوردیان ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کردووە و بۆچی ئەوان لە یەکی حوزێرانی ساڵی 2004دا جارێکی دیکە بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕیان دەرکرد.

هۆزات هەروەها سیاسەتی کۆلۆنیالیستەکانی لە کوردستان بە نەبوونی “ئەمپاتی” دەوڵەتانی بە کوردانەوە گرێدا. ئەو گوتیشی: “ئەو خەباتەی دەیان ساڵە ئەنجامی دەدەین، لەڕاستیدا خەباتێکە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا…”.

“رێبەر ئاپۆ بۆخۆی نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینەی تورکیایە”

پەیڤی هەرە سەرنجڕاکێشی وتارەکە ئەوە بوو کە هۆزات سەرهەڵدانی پەکەکەی بە بزاڤەکانی بەرخۆدانی کوردەوە گرێنەدا، بەڵکوو بە بزووتنەوە چەپیەکانی تورکیەوەی بەستەوە.

هۆزات گوتی: “تەڤگەری پەکەکە لە میراتی ماهیر چایان و دەنیز گەزمیشەوە سەریهەلداوە” و ئەوەشی پێ زیاد کرد کە “ڕێبەر ئاپۆ کەسێکە کە ژیانی خۆی بۆ خەبات لە پێناو دیموکراتیزەکردنی تورکیا تەرخانکردووە، هەر بۆیە ئەگەر ئێمە بمانهەوێ باس لە وڵاتپارێزێکی دیاری تورک، وڵاتپارێزێکی ڕاستەقینەی تورک بکەین، ئەو نیشتمانپەروەرە ڕاستەقینەیەی تورک، خودی ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ بەڕاستی نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینەی تورکیایە”.

لێدوانەکانی باسی هۆزات لە لایەک دانوستان و پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ دەوڵەتی ترک بە ڕوونی ئاشکرا دەکات کە تا ئێستا لە ڕای گشتی دەشاردرایەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دابڕانیان لە دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕە 50 ساڵەیەی کە ئەوان بەڕیوەیان بردووە، بە ڕوونی ئاشکرا دەکات. دوای نزیکەی 50 ساڵ لە شەڕی چەکداریی پەکەکە کە بووەتە هۆی کوژرانی بە هەزاران کەس و ماڵوێرانی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە، سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوە هەوڵیداوە خۆی لە پێناسەیەکی یاسایی بۆ ‘لە چالاکیدا بەشدار نەبوون/ چەکیان هەڵنەگرتووە’ سنووردار بکات. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی سەرکردایەتی پەکەکە و بە تایبەت ئۆجەلان بۆ ڕزگارکردنی خۆی سەیر بکرێت.

ئەو پرسیارانەی کە ڕۆژنامەنووس توگچە تەتاری لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بەسێ هۆزات هێناویەتە ئاراوە و وەڵام و قسەکانی بەسێ، وەک بەشێک لە پیلانەکانی دەوڵەتی تورک دادەنرێت کە دەیهەوێت “پەکەکە لە ناو ڕای گشتیی کۆمەڵگەی تورکیادا وەک بێتاوان قبووڵ بکرێت”.