ئەو دیدارە کە لە ناو قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەچوو، داخوازییەکانی کوردی نەخستەڕوو، بەپێچەوانەوە ڕوانگەی ئەو کەسانەی دووپات کردەوە کە دەیانهەوێت دەستکەوتەکانی کورد سەرکوت بکەن.
“دیداری مێری” کە لە 12-13ی ئۆکتۆبەری 2026دا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بووەتە جێی ڕەخنەی هەموو ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سیاسەتی کورد دەکەن. ماوەیەک پێش ئێستا بارەگای بارزانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، هیچ پەیوەندییەکیان بە دیداری مێرییەوە نییە و ڕەخنەی خۆی لە دیدارەکە دەربڕی.
هەندێک لایەن و لە سەرووی هەموویانەوە پەکەکە و لقوپۆپەکانی، بۆ شێواندنی جەوهەری بەیاننامەکە هەڵمەتێکی ناشرینیان دەستپێکرد و هەوڵیاندا تا جەوهەری ڕاگەیاندراوەکە چەواشە بکەن. ئەوان ڕەخنەکانی بارەگای بارزانییان بۆ هۆکاری بێ بنەمای وەک “ململانێی دەسەڵات لە نێوان دوو ئامۆزادا” و “ناڕەحەتی لە یەکڕیزی کورد” گەڕاندەوە. تەلەفزیۆنی ستێرکی پەکەکە، وێنەیەکی “مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی و تونجەر باکرهان”ی پێکەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “ئایا بارزانی بەم وێنەیە ناڕەحەت بووە؟”
بەڵام ڕەخنەکانی بارەگای بارزانی زۆر ڕوون بوون. لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، “مێری هەموو لایەنە سیاسییەکانی لەخۆ نەگرتووە و هەندێک پارچەی کوردستانیش نوێنەرایەتیان نەبووە”. هەروەها هۆشدارییەکی زۆر ڕوونیشی دا کە “ئەم دیدارە دابەشبوون و دابڕان لە نێوان گەلی کورددا قووڵتر دەکاتەوە”.
دیداری ئەمساڵی مێری هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لەلایەن زۆرێک لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانەوە ڕەخنەی لێگیرا. ئەوەی کە هیچ نوێنەرایەتییەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بانگهێشت نەکرابوو، بە تایبەتی جێگەی سەرنج بوو. نەک هەر لایەنە سیاسییەکان، بەڵکو ڕۆشنبیر و نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بانگهێشت نەکرابوون. جگە لەوەش کەسێکی وەک بافڵ تاڵەبانی کە پەیوەندییەکی جێی پرسیاری لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەیە، هەستا و وتی: “پرۆسەی ئەنتەگراسیۆن لە ئێرانیش دەست پێدەکات”.
لە لایەکی دیکەوە جگە لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کە نوێنەرایەتی سیاسەتی ئەنتەگراسیۆن لە ڕۆژئاڤا دەکەن، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هیچ لایەنێکی دیکە بۆ ئەو یدارە بانگهێشت نەکرابوو. ئەنەکەسە و هیچکام لە حیزبەکانی پێکهێنەری ئەو هاوپایمانییە، بۆ دیدارەکە بانگهێشت نەکرابوون. جگە لەوەش لە باکووری کوردستان تەنها تونجەر باکرهان سەرۆکی دەم پارتی بانگهێشت کرابوو، وەک ئەوەی کە باکووری کوردستان کوردی دیکەی لێ نەبێت. هەروەها پڕۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” کە لە لایەن باخچەلییەوە لە باکووری کوردستان دەستیپێکردووە، بە شێوەیەکی یەکلایەنە بەرجەستە کرا و پرۆسەکە تەنها ستایشی لێکرا. بەڵام لە باکوری کوردستان بەشێکی گەورە هەیە کە ڕەخنەیان لە ئەتەگراسیۆن هەیە و ژمارەیان زۆر زیاترە لەوانەی کە پشتیوانی لە ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەکەن. ئەم لایەنانەش بەتەواوی پشتگوێ خران.
ڕەخنە لەسەر یەکدەنگی و یەکلایەنەبوونی مێری کە نوێنەرایەتی هەموو کورد ناکات، هەر لە سەرەتاوە گیراوە. زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان، ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە بۆ زۆرێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربڕیوە. بارەگای بارزانی سەبارەت بە ڕوانگەی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن و دابەشکاری مێری بەرامبەر بە بەشێکی زۆری دانیشتوانی کوردستان، هەڵویستێکی ڕوونی پیشان دا. سەرۆک بارزانی مەرجەعی گەلی کوردە و بەرپرسیارە لە هەموو نەتەوەکە و لە کاتە دژوارەکاندا سەرکردایەتی هەموو پارچەکانی کوردستان دەکات. بێگومان کۆنفرانسێکی وەک مێری کە ئەرکێکی بۆ خۆی داناوە، بەرپرسیارێتیشی هەیە کە بەرامبەر بەو کۆبوونەوانەی کە کورد دابەش دەکەن و پرسەکە تەنها لە پەیڕەوانی ئەنتەگراسیۆن سنووردار دەکەن، هەڵوێستێکی ڕوونی پیشاندا.
بۆیە نابێت مرۆڤ باوەڕ بەو کەسانە بکات کە دەیانهەوێت جەوهەری بەیاننامەی بارەگای بارزانی چەواشە بکەن. بەپێچەوانەوە ڕەخنەکانی بارەگای بارزانی یارمەتیدەر بوو تا ڕۆژەڤی ناوماڵی کورد و شەقامی کوردی ڕاست بکاتەوە. بەم شێوەیە ڕێگەی ڕەخنەی نەک هەر لە قەوارەی مێری، بەڵکوو لە سەر لادان لە ڕۆژەڤ و گفتوگۆکان گرتووە کە سوودیان بۆ هەبوونی نەتەوەیی کورد نییە.
ئەو دیدارە کە لە ناو قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەچوو، داخوازییەکانی کوردی نەخستەڕوو. بەپێچەوانەوە ڕوانگەی ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێت دەستکەوتەکانی کورد سەرکوت بکەن، نەرم کرد و دووپاتی کردەوە. تەنانەت بچوکترین ڕەخنەش لە هیچ پێکهاتەیەک نەگیرا کە دەیانهەوێت داخوازییەکانی کورد لاواز بکات.
بۆیە کێشەی دیداری مێری ساڵی 2026 تەنیا پێکهاتەی دیدارەکە نەبوو، بەڵکو ناوەڕۆکەکەیشی بوو. بێگومان بۆچوونی بەشداربووان، مۆری خۆیان لەسەر دیدارەکە بەجێهێشت و بەو پێیەی دیدارەکە ناوەکانی نزیک لە پەکەکە لە ڕۆژئاڤا و باکووری بانگهێشت کردبوو، دۆخی ڕاستەقینەی ئەو لایەنانە نەبینرا. هێڵی ئەنتەگراسیۆن بەسەر کۆنفرانسەکەدا زاڵ بوو.
بۆ نمونە سەرەڕای شکستەکەی ڕۆژئاڤا، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد وەک پاڵەوان و وەک تاکە نوێنەری ڕۆژئاڤا، بانگهێشت کران. بەڵام ئەو سیاسەتەی کە ئەوان 13 ساڵ بەسەر ڕۆژئاوای کوردستانیاندا سەپاند، هۆکاری سەرەکیی ڕادەستکردنی سەرجەم دەسکەوتەکانی ڕۆژئاڤا بە سووریا بوو. هەر لە سەرەتاوە ئەو حزب و ڕۆشنبیر و سیاسیانەی ڕەخنەیان لەم سیاسەتە هەبوو، بانگهێشتی دیدارەکە نەکران و لە دیدارەکەدا دەنگی ئەوان نەبیسترا.
بە هەمان شێوە تونجەر باکرهان لە لێدوانەکانیدا هەوڵیدا وێنەیەکی گەشاوە دەربارەی “ئەنتەگراسیۆن” بخاتەڕوو. تەنانەت ناوی فەرمی ئەم پڕۆسەیەی بەکارنەهێنا کە دەوڵەتی تورک بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات. باکرهان هەروەها دەوڵەتی کوردییشی ڕەتکردەوە و وتی: “هەندێکجار پێویست ناکات خاوەنی پارچەیەک خاک بیت بۆ ئەوەی ئازاد بیت”. بەو پێیەی کەسێکی تر نەبوو کە نوێنەرایەتی باکوور بکات، قسەکانی باکرهان بێ وەڵام مانەوە.
لە ڕاستیدا ناونیشانی کەسانی بانگهێشتکرا، مۆرکی خۆی لە سەر ڕۆژەڤدا چەسپاند.
بەڕاستی کاتێک سیاسەتمەدارانی پەکەکە لە باکوور و ڕۆژئاڤاوە دێنە هەولێر، میوانێکی زۆر باشن، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن، لەگەڵ هەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندن قسە دەکەن، خۆیان دەخەنە پێشەوە و بە ڕێزەوە هەڵسوکەوت دەکەن. بەڵام کاتێک سنوور دەبڕن و دەچنەوە ماڵەوە، تەنیا دوژمنایەتی بەرامبەر بارزانی نیشان دەدەن و بەهەموو شێوازێک بێڕێزی بە بەهاکانی نەتەوەی کورد و هەرێمی کوردستان و مەرجەعی کوردان دەکەن.