ئازادی ئۆجەلان پرسێکی یاسایی و سیاسییە، بەڵام ئازادی گەل پێویستی بە یاسا و دامەزراوەیەک هەیە کە تەنانەت دوای گۆڕینی سەرکردە و حکومەتەکانیش، بەرگری لە مافەکانی بکات.
سمکۆ عەبدولعەزیز
میدیاکانی پەکەکە، سەبارەت بە کشانەوەی گەریلا و چۆڵکردنی تونێلەکانی مەتینا و داوای ئازادی ئۆجەلان، پرسیارێکی گەورەتر لە چارەنووسی ئەو ڕێکخراوە دەوروژێنن: دوای چل ساڵ خەبات و قوربانیدان، چ ماف و دیدگایەک بۆ گەلی کورد کراوەتەوە؟
لە نێو بەروارییەکاندا ئەو پرسیارە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا دەرناکەوێت: کەی دەتوانن بێ ترس بگەڕێنەوە گوندەکانیان و بە بێ دڵەڕاوکێ بچنە سەر زەوی و مێرگ و مەزرا و چیاکانی خۆیان؟
بەروارییەکان دەیانزانی کە بۆچی ڕژێمی سەدام حوسێن خاکەکەیان بە “ناوچەی قەدەغەکراو” ناساندبوو. بەروارییەکان باوەڕیان بە شۆڕشی کورد هەبوو و سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەیان بە تاکە ڕێگەی گەیشتن بە ماف و ئازادی خۆیان دەزانی. هەروەها زوڵم و ستەم و سەرکوتی ڕێژیمیان بە باجی پشتیوانی لە شۆڕش دەزانی.
دوای ڕاپەڕینە بەشکۆکەی ساڵی 1991، گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەستکەوتی سیاسی و نەتەوەیی بەدەستهێنا، بەڵام بۆ خەڵکی دەڤەری بەرواری، پرسیارێکی بێ وەڵام ماوەتەوە: کەی دەگەڕێینەوە سەر ماڵ و زەوی و زێدی خۆمان؟
بە گوتەی دانیشتوانی ناوچەکە، دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991، بەهۆی حزووری پەکەکە و شەڕی پێوەندیدار بەوان و سوپای تورکیاوە، ڕێگاکانی زۆرێک لە گوندەکان داخران. دواتر دەستێوەردانی تورکیا و زیادبوونی بنکە سەربازییەکان ترسی بەردەوامبوونی ئەو بێبەشیەی زیاتریش کرد. هێزەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام هێشتا خاوەن زەوییەکە ناتوانێت بە ئازادی بگەڕێتەوە سەر خاک و زیدی خۆی. برینەکانی ئەو بە گۆڕینی هێز و ئاڵاکان ساڕێژ نابن.
لەم ڕووەوە ڕەنگە بەشێک لە بەروارییەکان چۆڵکردنی مەتینا لە لایەن پەکەکەوە وەک وەڵامێک بۆ دوعا و نزاکانیان و شکستی سیاسەتێک کە ژیانی ئەوانی دژوار کردبوو، ببینن. بەڵام بە تەنها چۆڵکردنی تونێلەکان، گوندەکان بۆ خەڵکەکەی ناگەڕێنێتەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، حزووری پەکەکە بیانوویەک بوو بۆ هاتنی سوپای تورکیا، بەڵام ئەمە ڕێگری لە دەستێوەردانەکانی تورکیا و زیانگەیاندنەکانی ناکات. تا ڕێگاکان نەکرێنەوە و ئاسایش دابین نەکرێت، “زەوی قەدەغەکراو” بە فۆرمێکی تر بەردەوام دەبێت.
ئەو بەروارییانەی کە دەڵێن ئێمە بەڵێنی “کوردستانی گەورە”مان لە پەکەکە بیستووە و لە ڕوانگەی پەکەکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک “دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی” دادەنرا و دەیانگوت لەناو دەچێت، خەڵکی بەرواری باڵا مافی خۆیانە کە لە پەکەکە بپرسن: ئەم بەڵێنانە چ دەسکەوتێکی بۆ ژیانی ئێمە هەبوو؟ چۆن بەڵێنی کوردستانی گەورە بە ئێمە دەدرا، بەڵام ڕێگای گوندەکانمان دادەخران؟ خەبات بۆ ڕزگاری چی دەگەیەنێت ئەگەر خاوەن زەوی لە زەویەکەی خۆی بێبەری بکرێت؟
دوای ئەم چل ساڵە هەزاران شەهید و بریندار و زیندانی سیاسی و ئاوارە هەن، ئەو گەنج و لاوانەی کورد کە خوێندن و کار و بنەماڵەکەیان بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی ببنە گەریلا، قوربانیدانەکانیان ئەمانەتێکە لەلای پەکەکە و سەرکردایەتی پەکەکە بەرپرسیارە لە دەرئەنجامەکانی. بەڵام ڕێزگرتن لە شەهیدان پێویستی بەوە نییە کە زیندووەکان بەردەوام بن لە قوربانیدان. کۆتاییهێنان بە شەڕ دەتوانێت بڕیارێکی بەرپرسیارانە بێت ئەگەر ڕێگایەک بۆ ژیان و مافەکان بکاتەوە.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” هیچ مافێک دەستەبەر دەکات؟ گەرەنتیەکان بۆ ناسنامەی کوردی و زمانی دایکی و پەروەردە و ڕێکخستنی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی خەڵک چین؟
ئازادی ئۆجەلان پرسێکی یاسایی و سیاسییە، بەڵام ئازادی گەل پێویستی بە یاسا و دامەزراوەیەک هەیە کە تەنانەت دوای گۆڕینی سەرکردە و حکومەتەکانیش، بەرگری لە مافەکانی بکات.
گەل ئامانجی خەباتە و ڕێکخستن ئامرازی گەیشتن بەو ئامانجەیە. هەروەها دەڤەری بەرواری باڵا پێوەرێکی ئەخلاقییە بۆ هەر پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی. ئاشتی ئەوکاتە واتای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت کە خەڵکی دەڤەری بەرواری بتوانن بگەڕێنەوە ناو گوندەکانی خۆیان و زەوی و زارەکانیان بچێنن و ئازادانە بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان بدەن و چیتر زەوییەکانیان باجی شەڕ و ڕێککەوتنی نێوان هێزەکان نەبێت.