هەندێک دەڵێن…

هەندێک دەڵێن...

نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دەبێت یەک نوێنەرایەتی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە یەک دەنگ داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەی بکات.

بووبێ ئەسەر

ھەندێک دەڵێن ئێمە بارزانیین، بەڵام ئەوان ڕێبازی پیرۆز ناناسن، ئەوەی بۆ کورد کردوویانە و نووسیوویانە و گوتوویانە، جێبەجێی ناکەن. بزاڤ و بەرخۆدانەکانیان بە باش نازانن و نایناسن. خەبات و ڕاپەڕین و تێکۆشانی سەدان ساڵەیان نابینن یان نایانهەوێت بیبینن. بۆیە دەپرسم ئەمە چ جۆرە بارزانیبوونێکە؟

هەندێک دەڵێن ئێمە نەتەوەیین، بەڵام میللەتەکەیان، زمانەکەیان وهەبوون و مانەوەیان لە لێواری لەناوچووندایە، بەڵام لە خەم و بیری زۆرینەدا نییە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە ناوی “ئەنتەگراسیۆن”ـەوە کە لەڕاستیدا تواندنەوە و لەناوبردنی نەتەوەی کوردە، پروپاگاندا دەکرێت. دەیانهەوێت ئەو بیروباوەڕە هەڵە و پووچ و بێ مانایە لە ناو گەلدا بقەبووڵێنن و کەچی نەتەوەگراکانی ئێمە هێشتا بێدەنگن. ئەمە چ جۆرە نەتەوەییبوونێکە؟

هەستی پێدەکرێت و دەزانرێت کە هێشتا هەندێک حیزب و تاک و کەسایەتی کە خۆیان بە نەتەوەیی ناودەبەن، بێدەنگن یان ناتوانن بەوڕادەیە دەنگیان بەرز بکەنەوە کە ببیسترێت. کەواتە ئەمە چ جۆرە نەتەوەییبوونێکە؟

هەندێک یەکێتی و یەکگرتووییان دەوێت: بەڵام دابەشبوون و لەبەر یەک هەڵوەشانەوە لەناخیاندایە و لە لاپەڕەی لێنووسەکانیان (دەفتەرەکانیان)دا، خاڵی دابەشبوون و هەڵوەشانەوەیان نووسیوە. چۆن بەم هەڵوێستە یەکڕیزی بەدی دێت؟ پێویستە بزانین کە بناغەی یەکێتی و یەکڕیزی لەسەر بنەمای یەکتر قبووڵکردن و نیازپاکی بەرانبەر بە یەکتری دامەزراوە. بەڵام ئەمە هێشتا دوورە لە ئێمە و تێناگەم چۆن هەندێک دەتوانن بەم شێوەیە باسی یەکگرتوویی گەل و یەکێتی نەتەوەیی بکەن.

هەندێک هەمیشە دەڵێن ئێمە سیاسەتمەدارین؛ بەڵام لە سیاسەتی کوردستانی بەدوورن. بەپێی بەرژەوەندیی شەخسی و خێزانی بەشداری ئاهەنگەکان دەکەن. ساڵانێکە لە ناو حیزب و لایەنە سیاسییەکاندا بەرپرسن، بەڵام دوو ئەندامی کارا و نوێیان بەدەست نەهێناوە، کتێبێکیان نەنووسیوە، بیروبۆچوون و بڕوانگەکانی خۆیان بە ئاشکرا و بە ڕوونی دەرنەبڕیوە و باسی ناکەن. ئایا چۆن دەکرێ لە ڕێگای ئەم جۆرە سیاسەتمەدارانەوە یەکێتی و یەکڕیزی پێکبێت؟

بۆیە دەڵێم: هەر حیزب و بزووتنەوەیەک دەبێت لە پێناو ئازادی گەلەکەیدا بجوڵێتەوە و بە پێی بیروباوەڕی هێڵی نەتەوەیی خۆیان پێشبخەن. لە بڕیارێکی وادا هەموو هەڵەکان دەدۆزرێنەوە و ڕاست دەکرێنەوە و کەموکوڕییەکان بەتەواوی چارەسەر دەبن.

گرنگترین شت ئەوەیە و ئەوەش کە درکی پێناکرێت هەر ئەوەیە: نزیکەی سەرجەم لایەنەکان خۆیان بە کوردستانی ناودەبەن، بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێکی بەرجەستە بۆ بەرژەوەندی و یەکڕیزیی گەلەکەیان هەڵناگرن. زۆربەیان تەنیا لە قسە و نووسیندا دەمێننەوە.

ئەگەر بەڕاستی یەکڕیزی گەلی کوردمان دەوێت: پێویستە بەرژەوەندی تاک و لایەنەکان، تەنانەت ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانیش وەلا بنێن، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کار بۆ ئازادیی گەلەکەمان بکەین.

هەروەها پێویستە لە ژێر چەترێکی نەتەوەییدا، جێگا بۆ هەموو حیزب و لایەن و تاک و کەسایەتییەکان هەبێت. ئەگەر بەڕاستی باوەڕمان بەوە هەبێت کە بەبێ یەکگرتوویی نەتەوەیی ناتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین، ئەوکات ئێمە پێویستیمان بە یەکتر هەیە و ناچار دەبین بەیەکەوە بین و پێکەوە کار بکەین. با چەترە نەتەوەییەکەمان بکەینەوە و جێگەی خۆمان لە ژێریدا بگرین بۆ ئەوەی کە ئێمەش لە ستەم و چەوساندنەوە و ژێردەستەیی ڕزگارمان بێت.

دەبێت وەک ساڵانی بەر لە هەشتاکان، واز لە گەمە و فرت و فێڵ و فریودان بهێنین. پێویستە بە شێوەیەکی مەعقوول، بە دیدێکی نەتەوەیی و یەکسانییەک مرۆڤایەتییەوە لە یەکتر نزیک ببینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کاربکەین.

وەک ڕێبەر و سەرکردەی وڵاتی خۆمان، پێویستە دەست لە ناو دەستی کەمینەکان بگرین. لە یەکێتی نەتەوەییدا، پەراوێزخستنی هەندێک حیزب و لایەن و کەسایەتی، نابیت بە یەکێتی نەتەوەیی، بەڵام دەتوانێ یەکگرتنی هەندێ لە حیزب و کەسایەتییەکن بێت. بێگومان ئەوەش شتێکی باشە.

هەروەک زۆر جار گوتوومانە و نووسیومانە، دەبێ کورد یەکگرتوو بێت. ئەمە بۆچوونی نەتەوە و گەلی کوردیشە. بەڵام بۆچی ڕوونادات؟ ئەوە پرسیارێکە کە پێویستە هەمووان لە خۆیان و سەرکردەکانی خۆیانی بپرسن.

ئەوەندەی من بزانم حزبە کوردستانیەکانمان، تا ئێستاش لە سایەی سەرکردە بەساڵاچووەکانی خۆیان و بە پێی بیرۆکە و بۆچوونەکانی ئەوان دەجووڵێنەوە، کە هی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوون. بۆیە بە بیروباوەڕ و هزر و ڕوانگەکانی ئەو سەردەمە ئیدی ناتوانین لە بارودۆخی ئەمڕۆدا خاوەندارێتی لە خۆمان بکەین و ببینە خاوەن چەترێکی نەتەوەیی…

ئەمڕۆکە خەباتی یاسایی یان ئاشکرا لە پێشە: بۆیە دەبێت ئێمەش بەو پێیە دەنگ و ڕەنگی خۆمان دیاری بکەین کە لە کوێین، لەگەڵ کێ دەتوانین بەشداریی لە هەوڵە دیموکراتیکەکان بکەین. گرنگترین و فەرزترین مەسەلە ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دەبێت یەک نوێنەرایەتی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە یەک دەنگ داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەی بکات.

بۆئەوەی بتوانین بەدیلێکی لەو شێوەیە بدۆزینەوە، پێویستە یەکتر قبووڵ بکەین، لەگەڵ توانا و هەڵە و کەموکوڕیەکانمان، دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی ببینە جێگرەوە (ئاڵترناتیڤ)ێک لە باکووری کوردستان…

Share