تا نەتەوەی کورد دەسەڵاتداریی خۆی و میکانیزمەکانی خۆی لەسەر خاکی خۆی دانەمەزرێنێت و مافەکانی بەدەست نەهێنێت، دەوڵەتی تورکیش لەسەر دڕندەیی، ڕەگەزپەرستی و نکۆڵیکردنەکانی بەردەوام دەبێت.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
«هەڤبەندی» ماوەیەکی بەرچاو بوو کە چالاکیی ئامادەکاری و ڕێکخستنی بەڕێوەدەبرد. دوای دانوستاندنە بەرفراوانەکان، گفتوگۆی قووڵ و بەڕێوەبردنی چەندین کۆنفرانسی گرنگ، لە ڕێکەوتی 7ی نۆڤەمبەری 2026دا دامەزراندنی خۆی بە فەرمی ڕاگەیاند. لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئەم هاوپەیمانییە کە لە چەندین لایەنی کورد و کوردستانی پێک دێت، وەک «هاوپەیمانییەکی ستراتیژی» ناوزەد کرا.
ئەم هەنگاوە نوێیە، مۆدێل و پرۆسەیەکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کوردستان خستە بەر چاومان. هەر کوردێک کە خاوەنی هەست و بیری نەتەوەییە، خۆی لە نێو ئەم بەرنامەیەدا بینییەوە و پشتگیریی لەم مۆدێلە نوێیە کرد. هەڤبەندی وەک دەنگ و هێزێکی نوێ، هیوایەکی تازەی بۆ یەکێتیی کوردان و بەرخودان دژی داگیرکاری خوڵقاند.
بەڵام هەر لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕاگەیاندنی کۆنفرانسەکەوە، دامەزراوە قووڵەکان و میدیای دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی، بە زمانێکی هەڕەشەئامێز، قێزەون و ڕەگەزپەرستانە هێرشیان کردە سەر هەڤبەندی. ئەوان بانگی دادوەر و پارێزگارە کۆلۆنیالیستەکانی خۆیان کرد ڕەگەزپەرستییە دێرینەکەی خۆیان دەستپێکردەوە.
ئەوە سەد ساڵە ئێمەی کورد و دەوڵەتی تورک ڕووبەڕووی یەکترین. لە مێژووی ئەم سەد ساڵە ڕەشەدا، نەتەوەی کورد لە ژێر سایەی سیاسەتی دڕندانەی ئەم دەوڵەتەدا ڕووبەڕووی چەندین ئەزموون و پرۆسەی جینۆساید بووەتەوە. یەکەمین و گرنگترین ئەزموونێک کە لەم دەوڵەتە وەرمانگرتووە ئەمەیە: بۆ کورد و کوردستان، لە هیچ قۆناغێکدا دەوڵەتی تورک نەبووە و نابێتە دەوڵەتی کوردان. یاسا هەرگیز جێبەجێ نەکراوە و کورد ڕووبەڕووی یاساکانی دەوڵەت یان یاسا نێودەوڵەتییەکان نەبووەتەوە. هەر هەنگاوێک کە کورد نابێتی، لە بەرامبەر خۆیدا پۆلیس، هێزە نیمچەسەربازییەکان (پارامیلیتەر)، هەواڵگری و ڕەگەزپەرستیی تورکی بینیوەتەوە. هەمیشە ڕێگای توندوتیژی، تیرۆریزەکردن، کوشتن، زیندانیکردن و هەڕەشە گیراوەتە بەر.
لە لایەکەوە باس لە «پرۆسەیەکی نوێ»، «تورکیای بێ تیرۆر» و «ئاشتی» دەکرێت، لە لایەکی دیکەوە لە ئیمرالی «سکرتاریەت» و دەزگای نوێ دادەمەزرێنن، لەگەڵ ئۆجەلان و هاوپەیمانەکانی قسە دەکەن و دەیانهەوێت کورد «ئەنتەگرە” بکەن، ئاسمیلەیان بکەن و بیانتوێننەوە و بیانکەن بە تورک؛ لە لایەکی تریشەوە، لەگەڵ سپێدەی بەیانیدا هەڵدەکوتنە سەر ماڵی کوردپەروەران و دەیان خانەوادەی کوردپەروەر دەکەنە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی فشار و تیرۆریزەکردن.
لێرەدا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کە دەوڵەتی تورک، بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتەی لە دژی کورد پەیڕەوی دەکات بگاتە ئامانجی خۆی، نایهەوێت دەنگێکی جیاواز، هێزێکی جوداخواز و سەربەخۆ بێتە مەیدان. هەر لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بڕیاری بەتیرۆریستکردن و بەریوەبردنی ئۆپەراسیۆنی دەرکرد! دادگاکانی داگیرکەران لە کوردستان، دادوەر و پارێزگارەکانی کۆلۆنیالیزمی خستە کار و پەلاماردانی دەستپێکرد.
ئەمە شتێکی نوێ نییە. ئێمە دەوڵەتی تورک، سیاسەتەکەی و «یاسا»کەی باش دەناسین. دەزانین تا کوردستان لە ژێر پێی داگیرکەراندا بێت، دەوڵەتی تورک هەرگیز دیموکراتیزە نابێت، یاسا جێبەجێ ناکرێت و ئێمەی کورد هەمیشە ڕووبەڕووی هێرشی پۆلیس، دەزگا ڕەش و نیمچەسەربازییەکان، کوشتن و زیندانیکردن دەبینەوە. ئەمە زۆر ڕوونە و پێویستی بە تیۆریی قووڵ نییە.
ئێمە کوردین و کوردستان وڵاتی ئێمەیە. دەوڵەتی تورک وڵاتی ئێمەی داگیر کردووە و هەموو مافەکانمانی پێشێل کردووە. ئێمە خەبات لە پێناو دۆزی نەتەوە و وڵاتی خۆماندا دەکەین. هیچ هیوایەکمان بە دەوڵەتی تورک نییە کە مافەکانمان پێ بدات. ئێمە خۆمان دەزگا و میکانیزمەکانی نوێنەرایەتی و بڕیاردانی خۆمان دادەمەزرێنین و ڕووبەڕووی داگیرکاریی ئەم دەوڵەتە دڕندەیە دەبینەوە. ئێمە داوای ماف و خاکی خۆمان دەکەین و نەتەوەی کورد هەرگیز لەم مافەی خۆی خۆش نابێت.
ترسی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک و مەترسییەکەی، لەم چەند ڕستەیەدایە؛ نەک لە «تیرۆر» و هیچ شتێکی تر. بزووتنەوەیەک کە تەنیا دە ڕۆژە ڕاگەیەندراوە و جگە لە بەیاننامەیەک هیچ بانگەوازێکی تری نەبووە، چۆن دەکرێت دەوڵەتی تورک بە هەزاران هێزی نیمچەسەربازییەوە هەڵبکوتێتە سەر ماڵەکانیان لە دەیان شاردا؟
لێرەدا زۆر بە ڕوونی دەبینرێت کە دەردی دەوڵەتی تورک نە «تیرۆر»ـە و نە «هێزی چەکدار». دەردی ئەو، ئاشکراکردنی پیلان و پرۆژەکانی دەوڵەتە کە لەگەڵ هاوبەشەکانیدا بەسەر کورددا پەیڕەوی دەکات. هەڤبەندی ئەم ڕۆڵەی گرتە ئەستۆ.
کەی لەهەمبەر کورددا، ڕەچاوی یاسا کراوە؟
لە هەموو هەوڵێکی کورداندا، ئەو دەزگایانەی دەوڵەت کە هاتوونەتە بەردەممان بریتی بوون لە پۆلیس، میلیتاریزمی دەوڵەت، دادگای سەربازی و زیندان. تا کوردستان لە ژێر پێی داگیرکەراندا بێت، ئەو سیاسەتەش هەر بەردەوام دەبێت.
ئێمەی کورد لەو هۆشیارییەداین کە تا نەتەوەی کورد دەسەڵاتداریی خۆی و میکانیزمەکانی خۆی لەسەر خاکی خۆی دانەمەزرێنێت و مافەکانی بەدەست نەهێنێت، دەوڵەتی تورکیش لەسەر دڕندەیی، ڕەگەزپەرستی و نکۆڵیکردنەکانی بەردەوام دەبێت.