دەستبەسەرکردنی ئەندامانی «هەڤبەندی» زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ داهاتوو!!

دەستبەسەرکردنی ئەندامانی «هەڤبەندی» زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ داهاتوو!!

پێویستە کورد ئەمە باش بزانێت کە ئیتر ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی پێش بە نیشتمانپەروەرانی کورد بگرن تا خۆیان ڕێک نەخەنەوە.

✍️ بووبێ ئەسەر

پێش ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەین، پێویستە ئاوڕێک لە قسەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدەینەوە تا بزانین لە پشتیانەوە چ داواکارییەک دەکات.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە قسەکانیدا لە ڕۆژی 28ی نیسانی 2026دا دەڵێت: «وەک چۆن پەروین خانیش گوتوویەتی، پێویستە پێش بە نەتەوەپەروەرانی کورد بگیرێت و ڕێگە نەدرێت سەرلەنوێ خۆیان ڕێک بخەنەوە».

هەروەها کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا بوو، گوتبووی: «تا من و پەکەکە مابین، بارزانی ناتوانێت دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنێت».

ئەی یاڵچین کوچک چی گوتبوو؟

یاڵچین کوچوکیش گوتوویەتی: «جەنابی حاکم، ئەگەرچی پاشناوەکەم بچووک (کوچووک)ـە بەڵام کاری گەورە بۆ دەوڵەتەکەم دەکەم. سبەینێ ئەو گەریلایانەی بە ناو بۆ کوردستان شەڕیان دەکرد، دەبنە پاسەوانی گەلی تورک و لە پێناو کۆماری تورکیادا خۆیان بە کوشت دەدەن».

ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئێستاش کە کراوەتە سەر بەرپرسانی «هەڤبەندی»، ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەوڵەتی تورک و عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێکەوە ئەمەیان ئۆرگانیزە کردووە.

هەر بۆیە، گرنگ و پێویستە هەموو ئەو کوردانەی وڵاتەکەی خۆیان، واتە کوردستانی جوانیان خۆش دەوێت، بە یەک هەڵوێست دژی ئەم دەستدرێژییەی سەر هەڤبەندی بوەستنەوە. لە گۆڕەپانی شێخ سەعید کۆ ببنەوە، بێ ئەوەی هیچ بڵێن دابنیشن و تەنیا بە نووسین بڵێن: «ئێمە داوای ئازادکردنی ئەو کەسانە دەکەین کە دەستبەسەر کراون».

لەمەودوا پێویستە کورد ئەمە باش بزانێت کە ئیتر ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی پێش بە نیشتمانپەروەرانی کورد بگرن تا خۆیان ڕێک نەخەنەوە.

ئەگەر تا ئێستا لەمە تێنەگەیشتبین، ئەوە بەو مانایەیە کە لە سیاسەتی کوردستانیش هیچ تێنەگەیشتووین… سەیری مێژووی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و قسەکانی بکەن…

یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزراندنی پەکەکە ئەوە بوو کە لەسەر دەستی ئەو حیزبە گەنجانی کورد بکوژرێن، تاڵانی و وێرانکاری ببێتە بەشی کورد، کورد لە وڵاتی خۆی دەربکرێت و لە کۆڵان و شەقامەکانی شارەکانی تورکیادا ببێتە کۆچبەر و ئاوارە ببێت.

زۆربەی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر دەستی پەکەکە هاتنە دی. بەڵام دیسان دەوڵەت و پەکەکە سەرنەکەوتن؛ بینییان و دەبینن کە نیشتمانپەروەرانی کوردستان سەرلەنوێ خۆیان ڕێک دەخەنەوە و دەیانەوێت پێکەوە لە پێناو ئازادیی کورداندا کار و خەبات بکەن.

ڕێکخراو و پارتە کوردستانییەکان یەکیان گرت و لە ژێر چەتری “هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان (هەڤبەندی)دا ویستیان پێکەوە لە بواری دیموکراتیکدا کار بۆ داواکارییە ڕەواکانی نەتەوەکەیان بکەن. بەڵام ئەمەش بە دڵی عەبدوڵڵا نەبوو، بۆیە دەوڵەتی ئاگادار کردەوە کە هێشتا ئەم هەڤبەندییە لە سەرەتادایە، لەناوی ببات.

ئەگەر ئەمڕۆکە عەبدوڵڵا لە ڕێگەی دەوڵەتەوە ئەم کارە دەکات، بڕوا بکەن سبەینێ ئەو گەریلایانەی سەر شاخەکان و ئەندام و بەرپرسانی پەکەکە هەموویان دەبنە پارێزڤانی دەوڵەتی تورک، تا ئیتر خۆیان بزووتنەوە و بەرخودانەکانی باکووری کوردستان تێک بشکێنن.

ئەمڕۆ کە بە نهێنی ئەمە دەکەن، تەنیا لەسەر بنەمای قسەکانی عەبدوڵڵایە؛ بەڵام سبەینێ گەریلا بە ئاشکرا چەکی دەوڵەت هەڵدەگرێت، ڕووی تفەنگەکانیان دەکەنە کوردانی نیشتمانپەروەر و هەر کەسێک داوای دۆزی کوردستان بکات، لەلایەن ئەوانەوە گولـلەباران دەکرێت.

ئەگەر هەر لە ئێستاوە ئەو کوردانەی وڵاتەکەیان خۆش دەوێت ئەمە نەبینن، سبەینێ زۆر درەنگ دەبێت. چونکە پرۆژەی پەیمانی لۆزان ئەوە بوو کە لە ماوەی سەد ساڵدا کورد بکەن بە تورک، ئەگەر ئەوە نەکەن، کورد دەتوانێت ئازادی و سەربەخۆیی خۆی بەدەست بهێنێت.

وادەی پەیمانەکە تەواو بووە، بۆیە لە پێناو ئەوەی لە باکووری کوردستان کورد هیچ شتێک بەدەست نەهێنێت، چی پێویست بێت دەیکەن. پێویستە ئێمەی کوردیش بەپێی ئەوە پێکەوە بجووڵێینەوە. ئەگەر لێرەدا کورد ژیرانە هەڵسوکەوت نەکات، تا سەد ساڵی تر کورد وەک کورد نامێنێتەوە و ئێمەش دەبینە وەک لاز، چەرکەز و ئەو کەمینە نەتەوەییانەی کە تورکەکان کردیانن بە تورک.

بۆیە پێویستە هەموو کورد وەها بیر لە دەستبەسەرکردنی بەرپرسانی هەڤبەندی بکاتەوە کە ئەمە تەنیا دەستگیرکردنی کادیرەکانی ئەو هاوپەیمانەتییە نییە، بەڵکوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەبێت کورد ئیتر بێدەنگ بێت و ئەوە بکات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەیڵێت.

ئەو کاربەدەستانەی دەوڵەتی تورک کە ڕاوێژ لە عەبدوڵڵا وەردەگرن، سبەینێ کورد ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەتر دەکەنەوە. دەستگیرکردنی ئەندامانی هەڤبەندی تەنیا سەرەتایەکە و سبەینێ کارەسات و نەهامەتیی گەورە بەسەر ئێمە و نەتەوەکەماندا دێت.

ئەی ئێمە چی بکەین؟

پێویستە سەرەتا کورد ببێتە خاوەنی نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی. پێویستە کورد لە سەرتاسەری ئەورووپادا لە بواری دیپلۆماسیدا بەهێز بێت، تا دۆزی گەلەکەی بە جیهان بناسێنێت و بیسەلمێنێت کە ئامانجی سیاسەتمەدارە دەستبەسەرکراوەکان لێرەدا کۆتایی نایەت…

ڕۆژانی پڕ مەترسی لە پێشمانن، بۆیە پێویستە هەموومان وریابین.