دۆغو پەرینچەک: بەڵێ نامەکەم پێگەیشتووە و ئۆجەلان خزمەتێکی باش بە دەوڵەت دەکات

دۆغو پەرینچەک: بەڵێ نامەکەم پێگەیشتووە و ئۆجەلان خزمەتێکی باش بە دەوڵەت دەکات

پەرینچەک: “ئەم پەیامەی ئۆجەلان زۆر گرینگ بوو کە بە پەکەکەی گوت کۆنگرە بگرن، چەکەکانتان دابنێن و بە مەبەستی ئەنتەگرەبوون لە ناو دەوڵەتدا، پارتەکە هەڵبوەشێننەوە”.

دۆغو پەرینچەک، دوای وەرگرتنی نامەیەک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، بۆ یەکەمجار قسەی لەبارەیەوە کرد و گەیشتنی نامەکەی پشتڕاست کردەوە.

لە ڕێکەوتی 20ی دیسەمبەردا، تیمی «دارکا مازی» لە بابەتێکدا بەناونیشانی «نامەی ئۆجەلان بۆ پەرینچەک: دەتوانین لەسەر خاڵە هاوبەشەکان، سەردەمێکی نوێی هاوکاری دەستپێبکەین»، ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی بڵاو کردەوە کە ئۆجەلان بۆ دۆغو پەرینچەکی ناردبوو. دوای بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی نامەکە، دۆغو پەرینچەک یەکەم لێدوانی خۆی لەوبارەوە دا.

نامەی ئۆجەلان بۆ پەرینچەک: دەتوانین لەسەر خاڵە هاوبەشەکان، سەردەمێکی نوێی هاوکاری دەستپێبکەین

دۆغو پەرینچەک پشتڕاستی کردەوە کە نامەیەکی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە وەرگرتووە و ڕایگەیاند کە وەڵامی دەداتەوە. پەرینچەک لە لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی «نۆتبیر» (Notbir)، ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئاکپارتی پڕۆسەکە تێک دەدات.

دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی “پارتی وەتەن”ی تورکیا، پشتڕاستی کردەوە کە نامەیەکی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوەوە، بەدەست گەیشتووە. پەرینچەک ڕوونی کردەوە کە وەڵامی نامەکە دەداتەوە؛ نامەیەک کە تێیدا ئۆجەلان بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەکانی پێشوویان لە دۆڵی بیقاع، پێشنیازی کاری هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگیی کردووە. پەرینچەک لە هەڵسەنگاندنەکەیدا سەبارەت بە نامەکە گوتی: «بەڵێ، نامەیەکم لە ئۆجەلانەوە وەرگرت. ناوەڕۆکی نامەکە، وەک ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە، ڕاستە. من هەرگیز هیچ نامەیەکم بێ وەڵام نەهێشتووەتەوە و بێگومان ئەم نامەیەش بێ وەڵام ناهێڵمەوە.» هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە ئاکپارتی پڕۆسەکەی بە هەڵەدا بردووە.

«پرۆسەی ئەنتەگراسیۆنە»

پەرینچەک پڕۆسەی «تورکیای بێ تیرۆر»ی بە پێچەوانەی ئەو دەستەواژەیەی کە لەلایەن حکوومەتەوە بەکار دەهێنرێت، وەک «پڕۆسەی ئەنتەگراسیۆن» پێناسە کرد. ناوبراو متمانەی خۆی بە سەرکەوتنی پڕۆسەکە نیشان دا، بەڵام بانگەشەی ئەوەی کرد کە حکوومەتی ئاکپارتی پڕۆسەکەی شێواندووە.

پەرینچەک گوتی: «حکوومەت پێی دەڵێت تورکیای بێ تیرۆر، بەڵام ئێمە پێی دەڵێین پڕۆسەی ئەنتەگراسیۆن. ئێمە پێشبینی دەکەین پڕۆسەکە سەرکەوتوو بێت. لە ڕاستیدا، ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی ئەنتەگراسیۆنە لە نێوان دەوڵەت و نەتەوەدا، بەڵام حکوومەتی ئاکپارتی پڕۆسەکەی تێک دا؛ چەکەکان بێدەنگ کران، بەڵام چەکەکانی ناو مێشکی مرۆڤەکان بێدەنگ نەکران.» ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی ئاشتیی پێشوو لەلایەن ئەمریکاوە پلانی بۆ داڕێژرابوو.

«عەبدوڵڵا ئۆجەلان لێرەدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت»

لە وەڵامی پرسیارێکی «نۆتبیر»دا سەبارەت بە جیاوازیی نێوان پڕۆسەی ئاشتیی پێشوو و پڕۆسەکەی ئێستا، پەرینچەک ئاماژەی بەوە دا کە خاڵەکانی دەستپێکی هەردوو قۆناغەکە لە یەکتر جیاوازن. ئەو ڕوونی کردەوە کە پڕۆسەکەی پێشوو بە پلانی دەرەکی (ئەمریکا) ئەنجام درابوو، بەڵام پڕۆسەکەی ئێستا لە دینامیکە ناوخۆییەکانی تورکیاوە سەری هەڵداوە. ناوبراو گوتی: «ئامانج لێرەدا یەکگرتنی نەتەوەی تورکە. پڕۆسەی ئاشتیی پێشوو لەلایەن ئەمریکاوە پلانی بۆ داڕێژرابوو، بەڵام ئەمەی ئێستا پڕۆسەیەکە کە ڕاستەوخۆ لە ناوخۆی خۆمانەوە هەڵقوڵاوە و دەستی پێ کردووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لێرەدا ڕۆڵێکی زۆر باش و گرنگ دەگێڕێت؛ پێویستە ئەمە بە باشی بقۆزینەوە و ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەین.»

پەرینچەک جەختی کردەوە کە پێویستە پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی پەکەکە بە وردی بخوێنرێتەوە و گوتی کە ئۆجەلان یەکێکە لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی پرۆسەکە. هەروەها گوتی: «پێویستە بانگەوازە بەناوبانگەکەی 27ی شوباتی 2025 بە وردی بخوێنرێتەوە… ئۆجەلان لە نامەکەیدا بۆ کۆنگرەی پەکەکە چی گوت؟ گوتی: کۆببنەوە، چەکەکانتان دابنێن و بە مەبەستی ئەنتەگرەبوون لە ناو دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، پارتەکە هەڵبوەشێننەوە. ئەمە پەیامێکی زۆر گرنگ بوو. ئۆجەلان لەم پڕۆسەیەدا کارەکتەرێکی سەرەکییە.»

پەرینچەک باسی لەوەش کرد کە پڕۆسەی ئێستا نابێت تەنیا لە چوارچێوەی پێشهاتە سیاسییە هەنووکەییەکاندا هەڵبسەنگێنرێت، بەڵکوو ئەم پرسە بە گۆڕانکارییە مێژووییەکانی تورکیاوە بەستراوەتەوە.

پەرینچەک چارەسەرکردنی پرسی تیرۆری وەک یەکێک لە پێشهاتە بنەڕەتییەکانی شۆڕشی 200 ساڵەی تورکیا ناو برد و گوتی کە پڕۆسەکە لە ناوخۆی تورکیاوە هەڵقوڵاوە و ئەمەش ئەگەری سەرکەوتنی زیاتر دەکات و بەم شێوەیە گوزارشتی لێکرد: «لە ڕاستیدا، چارەسەرکردنی پرسی تیرۆر ڕووداوێکە کە لە بنەمای شۆڕشی 200 ساڵەی تورکیادایە. ئەمجارەیان، لەبەر ئەوەی پڕۆسەی چارەسەریش هەر لەم خاکەوە سەری هەڵداوە، بە تەواوی متمانەم هەیە کە سەرکەوتوو دەبێت.»

لەو نامەیەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ دۆغو پەرینچەکی ناردووە، هاتووە: « ئێمەش وەک ئێوە نیشتمانپەروەری تورکیاین. لە ڕاستیدا، جگە لەو جیاوازییە فکرییانەی تاوەکو ئەمڕۆ دەرکەوتوون، بەهای هاوبەش و بیروبۆچوونی هاوبەشمان زۆر لەوە زیاترن کە بیری لێ دەکەینەوە”، ئۆجەلان لە نامەکەیدا ئەم ئیفادەیەی بەکارهێنابوو.