ئەرکی سەرەکیی پەیوەندییەکانی نێوان ئۆجەلان و پەرینچەک لە ڕابردوودا، ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بووە.
دەرکەوتووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، نامەیەکی تایبەتی بۆ دۆغو پەرینچەک ناردووە.
هەروەها زانراوە کە دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی حیزبی “وەتەن”ی تورکیا، سڵاوی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناردووە و ئۆجەلانیش لە ڕێگەی دوو ئەندامی سکرتارییەتەکەیەوە نامەیەکی بۆ پەرینچەک ناردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بازنە نزیکەکانی پەرینچەکەوە دەست کەوتوون، ئۆجەلان بۆ دۆغو پەرینچەکی نووسیوە: «تۆ و هەڤاڵانت لە ناساندنی پرسی کورددا ڕەنجێکی گرنگتان کیشاوە.» هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئۆجەلان پێشنیازی هاوکاریی بۆ پەرینچەک کردووە و نووسیویەتی: «ئێمەش هێندەی تۆ نیشتمانپەروەرین. لە ڕاستیدا، جگە لەو جیاوازییە فکرییانەی کە تاوەکو ئێستا هاتوونەتەپێش، بەها و بیروبۆچوونی هاوبەشمان زۆر لەوە زیاترن کە بیری لێ دەکەینەوە. داهاتووی تورکیا، پێکەوەژیانی گەلان و پاراستنی ئیرادەی خۆمان لە بەرامبەر دەستوەردانە دەرەکییەکان، هەموویان ئەرکی سەرشانی ئێمەن.»
ئۆجەلان بۆ پەرینچەک: تێڕوانینی ئێمە جوداخوازی نییە
ئۆجەلان نامەکەی بە «ئەی پەرینچەک!» دەست پێ دەکات و ڕوو لە ناوبراو دەکات و دەڵێت: «لێکدانەوەی تێڕوانینی ئێمە وەک جوداخوازی، هەڵەیە. داواکاریی ئێمە دابڕینی گەلان نییە لە یەکتر؛ بەڵکوو داواکاریی ئێمە بنیاتنانی ژیانێکی هاوبەشە لەسەر بنەمای یەکسانی، ئازادی، ڕێزگرتنی بەرامبەر و سیاسەتی دیموکراتیک. چارەسەرکردنی دیموکراتییانەی پرسی کورد نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکوو لە هەمان کاتدا بۆ داهاتووی دیموکراسیی سەرتاسەری تورکیاش گرنگە.»
ئۆجەلان: ئەرزش و بیروبۆچوونی هاوبەشمان هەیە
بەپێی زانیارییەکان، ئۆجەلان نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە لێدوانەکانی پێشووی پەرینچەک لەسەر پەکەکە دەربڕیوە و داوای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و کاری هاوبەشی کردووە. ئۆجەلان لە نامەکەیدا دەڵێت: «پێشتر ئێوە دەربارەی بزووتنەوەکەمان دەستەواژەی وەک ‘گەمەی ئەمریکا’تان بەکار دەهێنا. دەمەوێت بە تایبەتی جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەم هەڵسەنگاندنانە دوورن لە ڕاستییەوە. دەمەوێت بزانن کە ئێمە یەکێکین لەو بزووتنەوانەی کە لە ناوچەکەدا زۆرترین جار بووینەتە ئامانجی سیاسەتەکانی ئەمریکا و قورسترین باجمان داوە. ئێمە خاوەنی ئیرادەی خۆمانین، مێژووی تێکۆشانی خۆمانمان هەیە و بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر گەلەکەمان لە ئەستۆدایە. ئێمەش وەک ئێوە نیشتمانپەروەری تورکیاین.
لە ڕاستیدا، جگە لەو جیاوازییە فکرییانەی تاوەکو ئەمڕۆ دەرکەوتوون، بەهای هاوبەش و بیروبۆچوونی هاوبەشمان زۆر لەوە زیاترن کە بیری لێ دەکەینەوە. داهاتووی تورکیا، پێکەوەژیانی گەلان، پاراستنی ئیرادەمان لە دژی دەستوەردانە دەرەکییەکان، دوورخستنەوەی ناوچەکە لە شەڕ و پێکدادان، بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتیک و بەدیهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، هەموویان ئەو بابەتانەن کە دەبێت لەبەرچاویان بگرین.»
ئۆجەلان: پابەندی قسەکانی خۆمم لە لوبنان
ئۆجەلان لە نامەکەیدا پێشنیازێکی نوێی بۆ هاوکاری خستووەتە بەردەم دۆغو پەرینچەک و گوتوویەتی: «پێویستە گۆڕەپانی خەباتی هاوبەش بڕەخسێنین”.
لە درێژەدا دەلێ: “بە کورتی و بە کوردی، دەتوانین دەستپێکێکی نوێمان هەبێت. ئەگەر ئێمە بەڕاستی بیروبۆچوونی هاوبەشمان لەسەر کۆماری دیموکراتیک، ئیرادەیەکی سیاسیی سەربەخۆ و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلان هەیە، دەبێت بەدوای ڕێگاکانی وەرگێڕانی ئەمانە بۆ هاوکارییەکی کردەیی و بەرچاو بگەڕێین. مەبەستی ئێمە قووڵکردنەوەی دابەشبوون نییە، بەڵکوو دەمانەوێت ئەو تەمەنەی ماومانە بۆ خەبات و بەرەوپێشبردنی کاری پێکەوەیی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی هاوبەش، یەکسانی و بەرپرسیارێتیی هاوبەش تەرخان بکەین.»
ئۆجەلان لە کۆتایی نامەکەدا جەختیشی کردووەتەوە کە لە پشت قسەکانی پێشوویەوە بۆ دۆغو پەرینچەک دەوەستێت و نووسیویەتی: «لەبەر ئەوەی کە من لەو باوەڕەدام ئەوەی ئەمڕۆ تورکیا پێویستی پێیەتی، هێندە بەردەوامیدان نییە بە لێپرسینەوە لە ڕابردوو، بەڵکو بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەشە پێکەوە کە گەلان بتوانن بە یەکسانی و ئازادی تێیدا بژین. ئێمە پابەندی ئەو قسانەین کە لە کاتی سەردانەکەتاندا بۆ لوبنان کردمان.»
دیدار و دەستکەوتە هاوبەشەکانی نێوان ئۆجەلان و پەرینچەک لە ساڵانی 1990دا
دۆغو پەرینچەک دوو جار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەتەوە؛ جارێک لە تشرینی یەکەمی 1989 و جارێکی دیکەش لە نیسانی 1991. لەو دیدارانەدا دۆغو پەرینچەک سەرنووسەری گۆڤاری «2000 دۆغرو» (2000’e Doğru) بوو. ئەم دیدارانە بەو وێنە بەناوبانگەی ئۆجەلان دێنەوە یادمان کە تێیدا گوڵێک پێشکەشی دۆغو پەرینچەک دەکات.
وا مەزەندە دەکرێت کە ئەم دیدارانە تەنها بە دەستپێشخەریی پەرینچەک نەبووبن، بەڵکو بە پاڵپشتیی باڵێکی ناو دەوڵەت و بەپێی سیاسەتەکانی ئەو گرووپەی ناو هێزە چەکدارەکانی تورکیا ڕێک خرابن کە دواتر وەک ڕێکخراوی «ئەرگەنەکۆن» دادگایی کران. هەروەها بە شێوەیەکی گشتی ئەوە قبووڵ کراوە کە پەرینچەک و یاڵچین کوچوک وەک نێوەندگیر لە نێوان ئۆجەلان و ئەم گرووپەی (ئەرگەنەکۆن) ناو دەوڵەتدا جووڵاونەتەوە.
ئەم دیدارانە هەم بۆ ئۆجەلان و هەمیش بۆ دۆغو پەرینچەک سوودێکی زۆریان هەبوو. تاوەکو ساڵانی نەوەدەکان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە باکووری کوردستان نە هێندەی مەزڵووم دۆغان ناودار بوو و نە وەک ڕێبەرێکی کۆکەرەوە و یەکگرتووش سەیر دەکرا. بەڵام دوای ساڵی 1988، دەوڵەتی تورکیا مۆڵەتی بە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان دا کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان بکەن. ئەم پرۆسەیە بووە هۆی ئەوەی ئۆجەلان هەم لە کۆمەڵگەی تورکیا و هەمیش لە کۆمەڵگەی کوردیدا بناسرێت و ببێتە کەسایەتییەکی دیار و ناودار.
بە هەمان شێوە، دۆغو پەرینچەکیش لە ڕێگەی ئەم چاوپێکەوتنانەوە ناوبانگی دەرکرد. لە ساڵانی 1970 و 1980دا، پەرینچەک ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتی گرووپە چەپڕەوەکانی تورکیا بووەوە بەوەی گۆڤاری «ئایدنڵک» وەک دەزگایەکی سەر بە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) کار دەکات، ئەمەش بووە هۆی پەراوێزخستنی لە ناو بازنەی چەپڕەوەکاندا. جێگەی سەرنجە کە تەنها سێ مانگ دوای دیدارەکانی لەگەڵ ئۆجەلان لە دۆڵی بیقاع، گۆڕانکاری لە یاسای سزادانی تورکیادا کرا و قەدەغەی سەر کاری سیاسیی ناوبراو هەڵگیرا.
لە تەممووزی 1991دا، پەرینچەک وەک سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیست هەڵبژێردرا و بەشداریی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا کرد؛ لە شارە کوردستانییەکانی وەک جزیرە، باتمان، ئامەد و سلۆپی گردبوونەوەی جەماوەریی ساز کرد. پەکەکە لایەنگرانی خۆی دەناردە گردبوونەوەکانی پەرینچەک، کە ئەمەش زیاتر ناوبانگی پەرینچەکی بەرز کردەوە.
پەرینچەک بۆچی چووە دۆڵی بیقاع؟
ئۆجەلان لە نامەکەیدا بۆ پەرینچەک دەڵێت: «من پابەندی ئەو قسانەی خۆمم کە لە لوبنان لەگەڵ تۆ کردمن.» لەو سەردەمەدا لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە کە پەرینچەک و ئۆجەلان لەسەر سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی لەسەر ئەگەری ئەوەی بزووتنەوەی بارزانی لە باشووری کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، گفتوگۆیان کردووە.
پەرینچەک خۆی ئەو کاتە سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ دەڕڕەی بیقاع بەم شێوەیە گوتبووی: «ئامانجی ئێمە لەم دیدارە تەنها ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی نەبوو، بەڵکوو لە هەمان کاتدا بەرتەسککردنەوەی زەمینەی دەستوەردانی ئەمریکا بوو لە پرسی کورددا لە سەروبەندی شەڕی کەنداودا. ئێمە لە سەبارەت بەو هەلومەرجانە گفتوگۆمان کرد کە ئەمریکا دەیویست گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ناوچەکەماندا لە دژی یەکتر هان بدات.»
کەواتە ئەرکی سەرەکیی پەیوەندییەکانی نێوان ئۆجەلان و پەرینچەک، ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بووە.