ئایا بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ “کشانەوە لە حکومەت” لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ قالیباف بوو؟

ئایا بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ "کشانەوە لە حکومەت" لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ قالیباف بوو؟

هەوڵەکانی یەنەکە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و گۆڕینی بۆ سیستمی دوو ئیدارەیی، شتێکی نوێ نییە. ئەمە پیلانێکی زۆر مەترسیدارە کە بە سەرکردایەتی بەرەیەکی دژە کورد بەڕێوە دەچێت.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە لە ڕێکەوتی 5/11/2026دا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “وەک یەنەکە دان بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستاندا نانێین و لە حکومەت دەکشێینەوە”. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵوێستەکەی بافڵ تالەبانی لە میانەی کۆبوونەوەکەی ڕێکەوتی 15ی ئەیلوولدا لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف لە تاران بڕیاری لەسەر دراوە. هەروەها ئەو باسانەش لە ئارادان کە قالیباف دوو ڕۆژ بەر لە کاراکردنەوەی پارلمان بە دزیەوە سەردانی بەغدای کردووە و جگە لە بافڵ تالەبانی، لەگەڵ سیاسەتمەدرانی عێراقییشدا کۆبۆتەوە.

بەپێی ئەو لێدوانەی بافڵ تاڵەبانی کە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابووی، مەزەندە دەکرا کەوا یەنەکە بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا بکات و پێشتر کاندیدەکانی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئاشکراکردبوو. بەڵام 24 کاتژمێر بەر لە دانیشتنەکە، یەکێتی ڕایگەیاند، ئامادەی کۆبوونەوەکە نابن. ڕۆژی 4ی نۆڤەمبەر پەرلەمانی کوردستان بەبێ یەنەکە کۆبووەوە و نیسابی یاسایی بەدەستهێنا. لە کۆبوونەوەکەدا کە 52 پەرلەمانتار بەشدارییان تێیدا کرد، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

ئایا بافڵ تاڵەبانی بەگوێرەی داواکاری لایەنە عێراقییەکان مامەڵە دەکات؟

دوای کاراکردنەوەی پارلمان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە کشانەوەی خۆی لە حکومەت ڕاگەیاند و لێدوانی لەبارەی جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان دا، بەمەش ڕاستەوخۆ پاڵپشتی ڕژێمی شیعەی بەغدای کرد. بەپێی پێشهاتە سیاسییەکان ئامانجی تاڵەبانی بریتییە لە “کۆکردنەوەی هاوپەیمانەکانی بۆ فشارخستنە سەر بەغدا بۆ ئەوەی دان بە پەرلەمانی کوردستاندا نەنێت و هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە”.

بێگومان ئەگەر ئەو ئامانجانە بەدی نەهێنرێن، ئەوا سلێمانی ئۆتۆنۆمی خۆی ڕادەگەیەنێت؛ ئەمەش بە مانای دوو ئیدارەیی دەبێت.

بە گوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی، ئێران لە پشت لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانیەوەیە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارە لە سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران لە 15ی ئەیلولدا دراوە.

بافڵ تاڵەبانی لە ڕێکەوتی 15ی ئەیلولدا سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆبووەوە. لە نێو ئەو کەسانەی کە دیداری لەگەڵ کردبوون، یەکێکیان محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو. قالیباف کەسایەتییەکی گرنگی سیاسەتی ئێرانە. جگە لە ئەرکە فەرمییەکانی، بە ڕووخساری دەوڵەتی قووڵی ئێران ناسراوە. زۆرێک پێیان وایە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان ڕادەستی قالیباف کراوە.

بۆیە ئیدیعای بەرچاو هەیە کە لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی کە “هەرێمی کوردستانی خستۆتە مەترسییەوە”، ڕاستەوخۆ لە کاتی دیدارەکەیدا لەگەڵ قالیباف پلانی بۆ دانراوە.

سیاسەتمەداری ئەهوازی: لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی، دەرئەنجامی دیدارەکەی لەگەڵ قالیباف بوو

حافز فازلی، سیاسەتمەداری خەڵکی ئەهواز کە بە شارەزایەکی بواری کاروباری عێراق و ئێران دەناسرێت، لەسەر ئەو بابەتە وتی: لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن بازنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران لە ناو عێراقدا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لێدەکرێت…”.

فازلی هەروەها گوتی: “ئەوەی کە ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ سەفەر و کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، گومانی جیددی لەسەر ڕۆڵ و ئامانجەکانی تاران لە پێشهاتە سیاسییەکانی عێراقدا دروست دەکات، ئایا ئەم کردەوانە تەنیا بابەتی سروشتی و ناوخۆیین، یان سیاسەتێکی حیسابکراوە بە ئامانجی ئاڵۆزکردنی ڕووداوەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و لەناوبردنی کوردستان و بەناوەندیکردنی دەسەڵاتە لە بەغدا؟

فازلی هەروەها دەڵێ: لەم پێشهاتانەدا، مەحاڵە ئاسەواری سیاسەتە دەستێوەردانگەرییەکانی تاران پشتگوێ بخرێت، ئەزموونی ناوچەیی دەریدەخات کە لە هەر شوێنێک فراوانخوازی و دەستێوەردانی ئێرانی هەبێت، ناکۆکی ناوخۆیی و تێکچوونی سیاسیش لەوێ زیاد دەکات.

لە کۆتاییدا فازلی وتی: “لە هەر شوێنێک شوێنەواری قەیران و جوداخوازی و تیرۆر و ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینن، ئەوە بزانن کە ئێرانییەک یان لە ڕابردوودا لەوێ بووە یان تا بە سەو لەوێ ماوەتەوە”.

زەنگەنە: یەنەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا بڕیارەکەی گۆڕی

محەمەد زەنگەنە، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کە لە بەرنامەیەکدا لە کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلئەحەد (کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناسراو بە دۆستایەتی لەگەڵ شیعەکان ناسراوە) دەرکەوت، ڕایگەیاند کە “بەیاننامەکەی یەنەکە لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکەی بافڵ تالەبانی لەگەڵ قالیبافە”.

زەنگەنە ئاماژەی بەوەشکرد، تا 48 کاتژمێر پێش دانیشتنی پەرلەمان، یەنەکە بە گەرمی لە کۆبوونەوەکە نزیکبووەوە، بەڵام لە کۆتا خولەکدا بیرۆکەکەی گۆڕی و ئەمەش بەهۆی کۆبوونەوەی نهێنی بافڵ تاڵەبانییەوە بوو. زەنگەنە ئاماژەی بەوەشکرد، زانیارییە نهێنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قالیباف سەردانێکی نهێنی بۆ بەغدا کردووە، لەوێ لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسی کۆبووەتەوە و جارێکی دیکە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی قسەی کردووە. زەنگەنە ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا یەکێتی بەردەوام بەڵێنی دەدا بەڵام لەڕووی ستراتیژییەوە بەردەوام ئەوانی سەرقاڵ دەکرد، ئێستاش بەتەواوی کشاوەتەوە.

زەنگەنە هەروەها ڕایگەیاند کە بافڵ تاڵەبانی هەڵویستی خۆی گۆڕێوە “تەنها مەسەلەیەکی غورووری پەیرەو دەکات و ئەمەس زیان بە گەلی کوردستان دەگەیەنێت”.

ئایا پەدەکە بۆ پەکخستنی یارییەکە پەرلەمانی کۆکردەوە؟

بافڵ تاڵەبانی وەک ئەو ئەکتەرە دەرکەوت کە لە چەند قۆناغێکدا نەیهێشت پەرلەمان کۆببێتەوە. لە هەڵبژاردنەکەدا یەنەکە 23 کورسی و پەدەکە 39 کورسی بەدەستهێنا. سەرەڕای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، یەنەکە داوای دابەشکردنی دەسەڵاتی بە شێوەی 50-50 کرد و داوای پۆستە سەرەکییەکانی وەک وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی کرد. زۆر ڕوون بوو کە داواکارییەکانی یەنەکە لەلایەن پێکهاتەکانی دیکەوە قبووڵ ناکرێن.

پێداگری یەنەکە لەسەر داواکارییەکانی لە دەرەوەی ئەنجامەکانی دەنگدان، بەبێ ئەوەی هەنگاوێک بۆ دواوە بنێت، زیاتر هەوڵێک بوو بۆ درێژکردنەوە و پەکخستنی پرۆسەکە.

بەڵام هەرگیز پردەکانی دانوستان بە تەواوی لەناو نەچوون و پرۆسەکە بەردەوام بوو. داتا سیاسییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم هەڵوێستەی یەکێتی تەنها بۆ وەستان و سەرقاڵکردنی لایەنەکان بووە. سەرەڕای ئەمەش هەنگاوەکانی بافڵ تاڵەبانی بەرەو دامەزراندنی ئیدارەیەکی جیا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سلێمانی و هەڵەبجە و دابڕینیان لە هەولێر بەردەوامە.

پلانی ئۆتۆنۆمی یەنەکە تازە نییە…

هەرێمی کوردستان لە دەستووری بنەرەتیی عێراقدا وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناسراوە. بۆیە ئەگەر عێراقیش بیویستایە، بەهۆی ئاستەنگی دەستوورییەوە نەیتوانی بە ئاسانی ئەم هەنگاوە بنێت. بەڵام دوای خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکوک، سەردەمێکی نوێ لە عێراق دەستی پێکرد. ئامانجی ئەم سەردەمە ئەوە بوو کە لە ناو کوردستاندا دابەشبوونێکی سیاسی دروست بکات و کاریگەریی حکومەتی هەرێم لەناو ببات و ستاتۆیەکەی بچووک بکاتەوە.

پلانی ئۆتۆنۆمی یەنەکە بە تەواوی لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا یەکدەگرێتەوە. لە ساڵی 2017دا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی “پڕۆژەی ئۆتۆنۆمیی” ئامادەکرد. لە مانگی ئایاری 2020دا بۆ دامەزراندنی “کۆمیسیۆنێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی”، داواکارییەک ئاراستە کرا.

لە ڕاستیدا ڕاگەیاندنی “کشانەوە لە حکومەت” لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە لە 5ی نۆڤەمبەری 2026 و بڕیارە نهێنییەکەی بۆ “ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی” درێژەپێدەری ئەو هەوڵە جیاخوازانەیەی ساڵی 2017یە.

زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەوڵەتی ئێران و ڕژێمی شیعە لە عێراق لە پشت ئەم بڕیارەوەن. ئێستا هەوڵەکانی یەنەکە بۆ لاوازکردنی حکومەت لە هەولێر بەتایبەت لەکاتێکدا کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات، ئەوە دەردەخات کە ئەمە هەنگاوێکی فرەلایەنە و پلان بۆ داڕێژراوە.

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو داتا سیاسییەکان، ئەوە ڕوونە کە هەوڵەکانی یەنەکە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و گۆڕینی بۆ سیستمی دوو ئیدارەیی، شتێکی نوێ نییە. ئەمە پیلانێکی زۆر مەترسیدارە بە سەرکردایەتی بەرەیەکی دژە کورد بەڕێوە دەچێت و پێویستە هەموو لایەنە نیشتمانپەروەرەکان بە وریاییەوە لەهەمبەر ئەم پیلانە بجووڵێنەوە.