کۆمەڵکوژیی گوندی دەزو: پاشخانی پڕۆژەی گواستنەوەی شەڕ بۆ باشووری کوردستان

کۆمەڵکوژیی گوندی دەزو: پاشخانی پڕۆژەی گواستنەوەی شەڕ بۆ باشووری کوردستان

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پەکەکە لە دوای ساڵی 1990، ڕێگریکردن لە دامەزراندنی قەوارەی باشووری کوردستان بوو.

لە رێکەوتی 22ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1997دا، لە هێرشێکی گەریلاکانی پەکەکە بۆ سەر گوندی دەزو سەر بە ناحیەی مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێری باشووری کوردستان، 16 کەس شەهید بوون کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو. کۆمەڵکوژیی گوندی دەزو لە هەڵکوتانە سەر گوندێک و کوشتنی خەڵکی سڤیل زیاترە؛ ڕووداوێکی مێژووییە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، پاشخان و ئامانجە تاریکەکانی حزووری پەکەکە لە باشووری کوردستان لە ساڵانی 1990دا ئاشکرا دەکات.

وردەکارییەکانی کۆمەڵکوژییەکە

ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ساڵی 1997 لە گوندی دەزو سەر بە شارۆچکەی شێروانی مەزن سەر بە قەزای مێرگەسۆر ڕوویدا، وەک یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی پەکەکە چووەتە مێژووەوە. گەریلاکانی پەکەکە هەڵیانکوتایە سەر گوندەکە و 16 کەسیان لە دوو بنەماڵە شەهید کرد.

گەنج و پیر، ژن و منداڵ پێکەوە کۆمەڵکوژ کران. یەکێک لە ژنەکان دووگیان بووە. شەش لەو منداڵانەی کوژراون، خوشک و برا بوون، تەمەنیان لە نێوان 1 بۆ 12 ساڵیدا بوو. هێزەکانی پەکەکە منداڵانی ناو لانکەیان بە بۆمب کوشتووە. دوای کۆمەڵکوژییەکە تەرمەکانیان سووتاند.

ئەو بنەماڵانەی قوربانیی ئەو کۆمەڵکوژییە بوون، نیشتمانپەروەر بوون کە لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی بارزانییەکان لەلایەن ڕێژیمی سەدامەوە ڕزگاریان ببوو. ئەم کۆمەڵکوژییە بە دەستپێشخەری هێزێکی بچووکی سەربازی لە ناوچەکەدا ئەنجام نەدراوە. کۆمەڵکوژییەکە ستراتژییەکی گەورەی لە پشت بوو کە لە دیمەشق ئامادە کرابوو و لەلایەن کەسایەتییە باڵاکانی پەکەکەوە داڕێژرابوو.

کێ فەرمانی کۆمەڵکوژییەکەی داوە؟

فەرمانی کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن کەسانێکەوە دراوە کە تا ئێستاش لە باڵاترین ئاستی بەڕێوەبەریی پەکەکەدا ماون. جەمیل بایک لە کاتی کۆمەڵکوژیەکەدا فەرماندەی بارەگای سەرەکیی ئارگەکە، باڵی چەکداریی پەکەکە بوو. ئەم بارەگایە بە پلەی یەکەم لە جێبەجێکردنی ئەو ستراتژییەی کە بوو بە هۆی کوشتنی خەڵکی گوندەکە، بەرپرسیار بوو.

کەسێکی دیکەی بەرپرس دوران کاڵکانە. کاڵکان فەرماندەی گشتی ئەیالەتی زاگرۆس بوو کە کۆمەڵکوژییەکەی ئەنجامدا. ئەو کەسەی ئەم فەرمانەی جێبەجێ کرد، یەکێک لە فەرماندەکانی پەکەکە بە ناوی “ئامەد مەلازگرت” بوو. ئامەد مەلازگرت کە بە ناوی پەکەکە لێدوانی زۆری بۆ ڕۆژنامەنوسان داوە، ڕاستەوخۆ بەرپرسی کۆمەڵکوژییەکە بوو. گەریلاکانی پەکەکە بە فەرمانی ئەو گوندەکەیان گەمارۆ دا و کۆمەڵکوژیان کرد.

هۆکارەکانی پشت هێرشی دووەمی 15ی تەباخی پەکەکە و کردنی باشووری کوردستان بە چەقی گۆڕەپانی جەنگ

کۆمەڵکوژیی گوندی دەزو وەک یەکێک لە نموونە دیارەکانی تەعاموڵی پەکەکە لە گەڵ خەڵکی باشووری کوردستان و ئامانجە سیاسییەکانی لە ساڵانی 1990دا، لە ناو مێژوودا جێی گرت. ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین بەسەر باشووری کوردستان لە ساڵی 1991، پاشەکشەیەکی گەورە بوو بۆ بەرەی دژە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەرەیەک کە کورد و کوردستانی پشتگوێ خست، تووشی شکستێکی گەورە هات. ئەم بەرە دژە کوردە، بە کەڵک وەرگرتن لە خودی کورد هەوڵی دا ئەم شکستە داپۆشێت.

پەکەکە لە باشووری کوردستان وەک یەکێک لەو هێزانە هاتەمەیدان. پەکەکە بەشیوەی ڕێکخراو، گۆڕەپانی شەڕی لە باکووری کوردستانەوە گواستەوە بۆ باشووری کوردستان. پەکەکە فراوانتر بوو و بەرەو ناوچەکانی حەفتەنین- بادینان- بارزان- خواکورک ڕۆیشت. پەکەکە پڕۆژەیەکی فرەلایەنەی لە باشووری کوردستان پێکهێنا. لە لایەک گوند و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی کردە بەرەی شەڕ و دانیشتووانی ناچار کرد کۆچ بکەن؛ لە لایەکی ترەوە دانیشتوانی ئاوارە و هەژاری بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بەکاردەهێنا. جگە لەوەش بۆ شاردنەوەی شکستە فرەلایەنەکانی لە دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ساڵی 1992 و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی 1993-94، هەوڵیدا شەڕی باشووری کوردستان وەک سەرکەوتنێک پیشان بدات. بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی 1995دا لە ژێر ناوی “هەنگاوی دووەمی 15ی تەباخ”، زنجیرەیەک هێرشی دژ بە باشووری کوردستان دەستپێکرد.

تۆڵە هەڵوەشانەوەی کۆماری زاپ، لە خەڵکی هەژاری گوندی دەزو کرایەوە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەکەکە بۆ وێرانکردنی باشووری کوردستان، گوندی دەزوو تووشی کۆمەڵکوژیی هات.

لە هاوینی ساڵی 1997 هێزە چەکدارەکانی تورکیا زنجیرە هێرشێکیان بۆ گرتنی هەموو پێگەکانی پەکەکە لەسەر سنوور، ئەنجامدا. تەنانەت چوونە ناو ناوەندەکانی پڕوپاگەندەی پەکەکە کەوا لە ژێر ناوی کۆماری زاپدا دایانمەزراندبوو. لە هێرشێکدا بۆ سەر کەمپێکی پەکەکە لە ئاڤاشین، بەشێکی زۆر لە گەریلاکانی پەکەکە گیانیان لەدەستدا. چەکدارانی پەکەکە ڕایانگەیاند بوو کە ئەوان “بۆ سەندنەوەی تۆڵەی هەڤاڵەکانیان” پەلاماری گوندەکەیان داوە. بە واتایەکی تر تۆڵەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدراوبوو، لە گوندنشینانی نیشتمانپەروەر و بێتاوانی کورد لە گوندی دەزو کرایەوە.

هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر باشووری کوردستان چییان لەپشتە؟

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پەکەکە لە دوای ساڵی 1990، ڕێگریکردن لە دامەزراندنی قەوارەی باشووری کوردستان بوو. لە چەند بۆنەیەکدا، لە وەڵامی بانگەوازەکانی باشوور بۆ وەستاندنی شەڕ، پەکەکە ئاگربەستی شکاند و بە هێرشی کتوپڕ شەڕی دەستپێکردەوە. داتای بەرچاو هەیە کە دەریدەخات حزووری پەکەکە لە باشووری کوردستان نەک تەنها لەلایەن ئەو حیزبەوە، بەڵکو لەلایەن ئەو دەزگا هەواڵگرییانەی کە پەکەکە بەستراوەیە پێیانەوە، پیلانی بۆ دانراوە.

سیاسەتەکانی پەکەکە لە دوای ساڵانی 1990، لەلایەن دەوڵەتانی ئێران و سووریا و تورکیاوە داڕێژرا. لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئێران و سووریا بە تەقەمەنی پشتیوانی هێرشەکانی پەکەکەیان لە باشووری کوردستان کرد و لە پشتەوە پشتگیریان لێکردن. هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا زۆر جیاواز بوو. پەکەکە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک هێرش بکاتە سەر قوڵاییەکانی باشووری کوردستان. لە ڕێگەی ئەم پێکدادانانەوە کە لە شەڕێکی هاوبەش دەچوو، هەموو چیا گرنگ و ستراتژیکەکان باشووری کوردستان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی دەولەتی تورکیا.

ئۆجەلان چیی بە نێچیرڤان بارزانی گوت؟

دووەم هێرشی پەکەکە بۆ سەر باشوور کە لە 26ی تەباخی 1995 بە فەرماندەیی عەلی حەیدەر قەیتان دەستی پێکرد، کە بەهۆی بەرخۆدانی پێشمەرگەوە شکستی هێنا. هەوڵی پەکەکە بۆ گەمارۆدانی شاری ئامێدی شکستی هێنا و لە تشرینی دووەمی ساڵی 1995دا ناچار بوون پاشەکشە بکەن. لە 13ی کانووندا ئاگربەست واژۆ کرا. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیمەشق لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە تا سەبارەت بە ئاگربەست گفتوگۆ بکات.

بەپێی چیرۆکێک کە چەندیان شایەتحاڵی هەیە، کاتێک نێچیرڤان بارزانی بە ئۆجەلانی وتووە، “تۆ دەزانیت شکست ناهێنین، بۆچی هێرشت کردە سەرمان؟” ئۆجەلان ئاماژەی بە وێنەیەکی ئەسەد لە پشتیەوە کرد و وتی: “ئەوان گوێمان لێدەگرن، من ناتوانم قسە بکەم”.

باسکردنی نهێنی ئۆجەلان لە ئەسەد، تەواوی ڕادەی هێرشەکانی پەکەکە ئاشکرا ناکات. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ئەرکی پەکەکە لە بەرامبەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی لە ساڵی 1991دا، گرینگییەکی زۆری هەیە.

هەڵوێستی دوژمنکارانەی پەکەکە لە هەمبەر بەدەوڵەتبوون و بەدەستهێنانی قەوارەیەکی کوردی، دوای 50 ساڵ شەڕ و 50 هەزار قوربانی، پێویستی بە لێکۆڵینەوە لە سەرجەم ئەو مێژووە هەیە. کۆمەڵکوژییەکەی گوندی دەزو، لەم پرۆژەی سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکردنەی مێژوودا، بەسێکی سەرەکی پێکدەهێنێت.