تەڤگەری تەسلیمچییەکان..

تەڤگەری تەسلیمچییەکان..

پێویستە ئیدی گەلی کورد ڕووی ڕاستەقینەی “تەڤگەری تەسلیمچییەکان” بە باشی بناسێت و لەهەمبەر ئەم سیستەمە خیانەتکارەدا، هەڵوێستێکی نەتەوەیی، وشیار و شەرەفمەندانە نیشان بدات.

ئەو تەڤگەرەی کە ساڵانێکە بە دروشمی “سەرهەڵدان”، “بەرخۆدان” و “سەرکەوتن” لەسەر پشت و خوێنی لاوانی کورد خۆی گەورە کردووە، کاتێک لاپەڕەکانی مێژوو و واقیعی مەیدانەکە دەکرێنەوە، دەبینرێت کە لەسەر بنەمای بەرخۆدان نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای “تەسلیمبوون”ـە. ئەم ڕاستییە ئەمڕۆکە لە هەموو کاتێک زیاتر لەبەرچاوە. ئەوانەی ساڵانێکە خۆیان بە “ئاپۆچی” و داکۆکیکارانی مافەکانی گەلی کورد دەناسێنن، ئێستا ئیدی دەبێ لەسەر هەقێقەتی ڕاستەقینەی خۆیان بناسرێن و نیشانیان بدرێن: ئەوە تەڤگەری بەرخۆدان نییە، بەڵکوو “تەڤگەری تەسلیمچییەکان”ـە.

زنجیرەی تەسلیمبوون لە هەموو پارچەکانی کوردستان

پەکەکە بە درێژایی مێژووی خۆی، لەبری پاراستنی خاک و مافەکانی گەلی کورد، هەموو شوێنێک و هەموو دەستکەوتێکی تەسلیمی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان کردووە. تۆماری ئەم خیانەت و تەسلیمبوونە زۆر درێژە: باکووری کوردستانی بە تەواوی و بەشێکیش لە باشووری کوردستانی ڕادەستی تورکیا کردوە؛ ڕۆژئاڤای کوردستانی ڕادەستی ڕێژیمی سووریا کردوە؛ شنگالی ڕادەستی عێراق کردووە و ئێستا دەیهەوێت باقی باشووری کوردستان بەتەواوی تەسلیمی حکوومەتی بەغدا بکات. بەهەمان شێوە ئامانجی ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان دەرد ببات و لەژێر ناوی “ئەنتەگراسیۆنی دێموکراتیک”دا ڕادەستی رێژیمی ئێرانی بکات.

لە کینیاوە بۆ ناو فڕۆکە: مێژووی تەسلیمبوونی ئۆجەلان

ئەم مەسەلەی تەسلیمبوون و بێمانابوونی قسەکردن لەسەر “بەرخۆدان” شتێکی نوێ نییە؛ بەڵکوو هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە لە ژیان و کەسایەتی سەرۆکی ئەم تەڤگەرەدا ئامادە بووە. کاتێک لە ساڵی 1999دا دەیانویست سەرۆکی پەکەکە لە کینیا دەستگیر بکەن، بەبێ ئەوەی کە بە ئەندازەی سەرەدەرزییەک بەرگری لە خۆی بکات یان تەنانەت فیشەکێک بتەقێنێت، بە ئاسانترین شێوە خۆی تەسلیمی هێزە ئەمنییەکانی تورک کرد. نەک هەر ئەوە؛ کاتێک پاسەوانە دڵسۆزەکەی لەو کاتەدا بە دڵەڕاوکێیەوە پێی گوتبوو: “سەرۆک، ئەو دەمانچەیە بگرە و بەرگری لە خۆت بکە، ئێمە ناتوانین بەم شێوەیە تەسلیم ببین”، ئۆجەلان بە شێوەیەک وەڵامی دابووەوە کە شکۆی بەرخۆدانی پێشێل دەکات و گوتبووی: “من بە شێوەی کلاسیکی بەرگری ناکەم”!

هەڵوێستی ئۆجەلان لە کاتی دەستگیرکردنیدا نهێنی ئەم ڕاستییە ئاشکرا دەکات. هەروەها کاتێک بە فڕۆکە دەگوازرایەوە بۆ تورکیا، بەبێ ئەوەی زیللەیەک بەر دەموچاوی بکەوێت، لە ترسدا و بە ئامانجی ڕزگارکردنی ژیانی بە نوێنەرانی میت گوتبووی: “لێم مەدەن، دایکم تورکە، من ئامادەم خزمەتی دەوڵەتی تورک بکەم”. ئەم قسە و هەڵوێستانە ئەوە دەردەخەن کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئامانجەکەی بەرگریکردن لە دۆزی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆی بووە.

ئەم زنجیرە تەسلیمبوونە ئەوە دەردەخات کە پەکەکە و سەرۆکایەتییەکەی نەک هەر خۆیان لە دۆزی نەتەوەیی دوور کەوتوونەتەوە، بەڵکوو بە ئاشکرا و بەبێ ئەوەی کە شەرم بکەن، خیانەت لە گەلی کورد دەکەن و ئەم خیانەتەش وەک نیشتمانپەروەری بە گەلی کورد دەفرۆشنەوە. ئەو کەسانەش کە ڕەخنە دەگرن وەک بەکرێگیراوی میت دەناسێنن، لەکاتێکدا کەسێک کە لە تورکێکی نەتەوەپەرست زیاتر خزمەتی تورکیای کردووە و نە تەنها نزیکە لە میتەوە، بەڵکوو خودی میتە، ئەوە شەخسی ئۆجەلانە.

لە مێژووی پەکەکەدا زۆر کەس بە “ئیعترافچییەتی” تۆمەتبار کراون و ب خیانەتکار ناسراون. بەڵام لەمڕۆدا پێویستە ئەوە بزانرێت کە مرۆڤ پێویست ناکات سەیری ئەوانی دیکە بکات بۆ ئەوەی ناوی “گەورەترین ئیعترافچی”ی لەسەر دابنێت؛ نەدەبوو ناوی کەسانی وەک شەمدین ساکک وەک ئیعترافچی گەورە ناوببرێت، چونکە گەورەترین دانپێدانەر و ئیعترافچی، گەورەترین خیانەتکار و ئەندازیاری ئەم تەسلیمبوونە مێژووییە، خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.

پەکەکە وەک ڕێکخراوێک کە ساڵانێکە هەموو سەرچاوە مرۆیی و زیندووەکانی ئەم گەلە بۆ ئامانجی غەریب بەکار دەهێنێت و لە ئەنجامدا هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانی لەسەر مێزی بازرگانی پێشکەش بە داگیرکەران کرد، چیتر ناتوانێت ڕووخساری قێزەون و ڕەش و ناشیرینی خۆی بشارێتەوە. پێویستە ئیدی گەلی کورد ڕووی ڕاستەقینەی “تەڤگەری تەسلیمچییەکان” بە باشی بناسێت و لە هەمبەر ئەم سیستەمە خیانەتکارەدا، هەڵوێستێکی نەتەوەیی، وشیار و شەرەفمەندانە نیشان بدات.