جەمیل بایک چووەتە ئیمرالی: سەردەمێکی نوێ لە ناو پەکەکەدا و هاوسەنگییەکانی ئێستا

جەمیل بایک چووەتە ئیمرالی: سەردەمێکی نوێ لە ناو پەکەکەدا و هاوسەنگییەکانی ئێستا

پێدەچێت ئەگەر بایک ڕەتی کردبایەتەوە کە سەردانی ئیمرالی بکات، ژیانی لە مەترسییەکی گەورەدا دەبوو، بۆیە قبووڵی کردووە.

وەک ڕاگەیاندراوە، جەمیل بایک ڕێبەری باڵای پەکەکە سەردانی ئیمرالیی کردووە و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەتەوە. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە پێگەی “دارکا مازی” لە لایەن سەرچاوە تایبەتییەکانیەوە بەدەستی گەیشتووە، جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە و لە ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکە، لە هەفتەی یەکەمی مانگی تەباخدا لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بەرەو تورکیا ڕۆیشتووە. بایک لەگەڵ دوو کەسی دیکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ئیمرالی ماونەتەوە. بەم سەردانەی بایک، نزیک بە سەرجەم سەرکردایەتی باڵای پەکەکە، جگە لە چەند کەسێکیان نەبێت، لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە.

کرۆنۆلۆژی (ڕیزبەندی ڕووداوەکان بەپێی کاتی ڕوودانەکانیان) هاتوچۆ لە ئیمرالی

بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئۆجەلان دوای بانگەوازەکەی 27ی شوبات، دوو جار بە ئۆنلاین لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە قسەی کردووە. لەلایەکی دیکەشەوە هاتوچۆی ئەو بەرپرسە پلەباڵایانەی پەکەکە کەوا سەردانی ئیمرالییان کردووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیادی کردووە:

حوزەیرانی 2025: سەبری ئۆک و بەسێ هۆزات چوونە ئیمرالی.

شوباتی 2025: دوران کاڵکان، هێلین تورک، ڕاپەڕین دێرسیم و بشار قۆسەر بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە کەمپی ئۆجەلان مانەوە. دوای سەردانەکە، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە ئیمرالی یەکتریان بینی.

تەممووزی 2026: دوران کاڵکان لەگەڵ 2 ژن و 2 پیاو بۆ جاری دووەم چوونە ئیمرالی و چاویان بە ئۆجەلان کەوت.

دۆخی سەرکردەکانی دیکە: هەرچەندە گوایە مستەفا قەرەسوو لە ڕێگەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە چووەتە ئیمرالی، بەڵام تا ئێستا ئەم زانیاریانە پشتڕاست نەکراوەتەوە. بەڵام دەوترێت قەرەسوو بەهۆی کێشەی دڵ و سەرسووڕانەوە نەیتوانیوە سواری فڕۆکە بێت و هەرکاتێک کە کێشە تەندروستییەکەی چارەسەر ببێت، ئەویش دەڕوات. سەبارەت بە موراد قەرەیلان دەگوترێت دەوڵەتی تورک بە بیانووی ئەوەی کە “ئەگەر سەردانەکەی ئاشکرا بکرێت، کێشەی لێدەکەوێتەوە”، سەردانەکەی دواخستووە. ئۆجەلان بە قەرەیلان-ی وتووە “ئەو لە خەتی من لانادات”. لە لایەکی دیکەوە دەگوترێ ڕکابەرییەکی جیددی لەنێوان بەرپرسانی ژنی ناو پەکەکە/پژاک سەبارەت بە سەردانیکردنیان لە ئیمرالی هەیە و کاردانەوەش لە دژی پێشنیارکردنی هێلین تورک هەیە.

بۆچی سەردانەکەی بایک واتادارە؟

سەردانەکەی جەمیل بایک لەم پرۆسەیەدا خاڵی وەرچەرخانە. بایک لە کانونی ساڵی 2025دا ڕەتیدەکاتەوە بچێتە ئیمرالی و بەهۆی کێشەی تەندروستیەوە دەیهەویست لە دەرەوەی پرۆسەکە بمێنێتەوە. هەروەها بە توندی ئەو بانگەوازەی ئۆجەلانیشی ڕەتکردەوە کە گوتبووی “با بێتە ئێرە نەشتەرگەری بکات”. بایک بە ئاماژەدان بەوەی کە نەخۆشە، بە تەواوی لە پرۆسەکە کشایەوە و تەنانەت سەبارەت بە ئۆجەلان گوتبووی کە “سەرۆک شێت بووە”.

بەڵام ڕێنماییەکانی ئۆجەلان کە لە مانگی تەممووزدا لە ڕێگەی دوران کاڵکانەوە ڕاگەیەندران و ناڕەحەتی دەوڵەتی تورک لە دوورکەوتنەوەی بایک لە پرۆسەکەدا، هاوسەنگییەکەی گۆڕی. سەردانەکەی بایک بۆ ئیمرالی، وەک کەسایەتییەکی ناو پەکەکە کە دەتوانێت هێڵێکی ئەڵتەرناتیڤ لەدژی ئۆجەلان پێکبهێنێت و بەتایبەتی بە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئێران ناسراوە، نیشانەی بەهێزکردن و گەرەنتی کردنی دەسەڵاتی گشتیی ئۆجەلانە بەسەر ڕێکخراوەکەدا. پێدەچێت ئەگەر بایک ڕەتی کردبایەتەوە کە سەردانی ئیمرالی بکات، ژیانی لە مەترسییەکی گەورەدا دەبوو، بۆیە سەردانەکەی قبووڵ کردووە.

ستراتیژیی دەوڵەت و سەردەمی داهاتوو

ئەم دیدارانە لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە، نە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و نە لەلایەن پەکەکەوە بە فەرمی دانیان پێدا نەنراوە. هەرچەندە لایەنی تورکی لە سەر نهێنیپارێزیی پرۆسەکە بە وریاییەوە دەجووڵیتەوە، بەڵام لایەنی پەکەکە بە مەبەستی ڕێکخستنی جەماوەرەکەی خۆی، کۆمەڵێک زانیاریی لەسەر ئەو کۆبوونەوانە بە میدیاکان داوە.

سەردانە هێدی هێدی و بەش بەشەکانی ڕێبەرانی پەکەکە بۆ ئیمرالی، ئاشکرای دەکات کە ڕاگەیاندراوی گشتیی دەوڵەتی تورک کە دەڵێت “تەنها 800 کەس لە یاساکە سوودمەند دەبن و کەسایەتییە پلە باڵاکانی پەکەکە سوودمەند نابن”، تەنها پڕوپاگەندەیە. لەڕاستیدا مستەفا قەرەسوو، یەکێک لە کەسایەتییە پێشەنگەکانی ڕێکخراوەکەیە، لە بەیاننامەیەکدا لە 2ی ئەیلولی 2026دا بە ئاشکرا ئەم مەبەستەی خۆیانی پشتڕاستکردەوە و وتی، “ئێمە دەمانەوێت بچینە تورکیا و سیاسەتی دیموکراتیک بکەین”.

ئەم وردەکارییانە دەیدەخەن کە ئەنقەرە ئامانجی ئەوەیە لە قۆناغی یەکەمدا هێزە شەڕکەرە بنەڕەتییەکانی پەکەکە بە تەواوی بێکاریگەری بکات و تەنها گرووپێکی سنووردار و کۆنترۆڵکراو لە دەوری سەرکردە باڵاکانی پەکەکە بهێڵێتەوە. یەکێک لەو پرسە سەرەکیانەی کە لە پشت پەردەوە باس دەکرێت ئەوەیە کە دۆخی کۆتایی ئەم سەرکردانەی ماونەتەوە و پێکهاتەی ڕێکخراوەکە، لەگەڵ پەرەسەندنی هاوسەنگییە ناوچەییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە ئێراندا، ڕوونتر دەبێتەوە.

تاکتیکی دەوڵەتی تورکیا بۆ بردنی یەک بە یەکی سەرکردەکانی پەکەکە بۆ ئیمرالی، بە تەواوی لەگەڵ ئامانجی ئۆجەلاندا دەگونجێت کە سەرکردەکانی پەکەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بهێڵێتەوە. لەڕاستیدا سەرچاوەکانی ناو ڕێکخراوەکە باس لەوە دەکەن کە هەم شاندی ئیمرالی و هەمیش کادیرانی دێرینی پەکەکە لە داهاتوودا سەردانەکانیان بۆ ئیمرالی زیاتریش دەکەن.

Share