“دارکا مازی” قەیران، گەندەڵی و گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی نێو لیوای 30ی حەشدی شەعبی بڵاودەکاتەوە

سەرەڕای ئەوەی کە لیژنەی نەزاهەی مووسڵ ئاگاداری ئەو پێشێلکاریانەیە، بەڵام بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی ڕێگا نادەن کە تۆمەتباران دەستگیر بکرێن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی “دارکا مازی” لە سەرچاوە ئاگادارەکانیەوە لە ناوچەکە دەستی کەوتوون، لە چەند مانگی ڕابردوودا جموجۆڵ و پێشهاتە بەرچاوەکان سەبارەت بە گەندەڵی و قاچاخچێتی و ئاڵۆزی لەناو ڕیزەکانی لیوای 30ی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری دەشتی نەینەوادا تۆمارکراوە.
ڕێگەدان بە هاتوچۆی بارهەڵگرەکانی ماددەی هۆشبەر
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە مانگی ئایاری ساڵی 2026دا، “عەلی ئەل ـ تەویل”، بەرپرسی ئاسایشی لیوای 30، ئاگادار کرابۆوە کە بارهەڵگرێکی پڕ لە ماددەی هۆشبەر لە بازگەی “گوێڕ” دەرچووە و بەرەو مووسڵ دەڕوات. وەک دەستنیشان کراوە، دواتر بە فەرمانی ڕاستەوخۆی “بەشار بەکتاش تورکمانی”، ڕاوێژکاری فەرماندەیی لیوای 30، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، ڕێگاکە کرابوویەوە.
دوای تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەکە، “سەید خزیر ئەل ـ مەترووحی”، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا، لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکرد. لەم نێوەندەدا، “عەلی ئەل ـ تەویل”، لەلایەن “شوعەیب عەبدولکەریم خدر” ناسراو بە “ئەبو یاسین ئەل ـ شەبەکی”، ئەفسەری هەواڵگریی حەشدی شەعبی لە نەینەوا، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستبەسەر کرابوو. بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، “عەلی ئەل ـ تەویل” لەگەڵ بەرپرسی یەکەی K9 “سەفوان فەیسەڵ زەیدان” و “بەشار بەکتاش”، لە بەرامبەر تێپەڕاندنی ئۆتۆمبێلەکەدا بڕی 70 ملیۆن دیناری عێراقییان لە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە وەرگرتووە.
شەپۆلی سزاکان و گۆڕانکاری ئیدارییەکان لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2026دا، “سەید خزیر ئەل ـ مەتروحی” بە ئاگاداریی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی لە بەغدا، چەند بڕیارێکی سەبارەت بە گۆڕین و گواستنەوەی بەرپرسانی لیوای 30ی حەشدی شەعبی واژۆ کرد:
ـ گواستنەوە بۆ یەکەکانی تر (وەک چەکدار): “مستەبا بەکتاش”، بەرپرسی پێشووی ئاسایش، “سەفوان فەیسەڵ زەیدان”، بەرپرسی K9، “عەبدوڵڵا وەحش” جێگری بەرپرسی هەواڵگری، “عەلی حەیدەر مستەفا” (عەلا ئەبو ئەل ـ وروود) بەرپرسی پاسەوانەکان و “بەشار بەکتاش تورکمانی”، گواسترانەوە بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە. هەروەها “زەین ئەل ـ عابدین سەلیم” بەرپرسی نووسینگەی فەرماندەیی، لە کارەکەی دوورخرایەوە.
دامەزراندن و دانانی نوێ: “عەلی ئەیوب خدر ئەل ـ شەبەکی”، وەک بەرپرسی نوێی ئاسایش و “محەممەد عەمەش ئەل ـ شەبەکی” وەک بەرپرسی هەواڵگری لیوای 30 دەستنیشان کران. هەروەها “ئیسماعیل بوو مەهدی ئەل ـ شەبەکی” کرا بە جێگری بەرپرسی ئاسایش بۆ لیوای 30، کە دەبێتە خوارزای “وەعد مەحموود ئەل قەدوو، دامەزرێنەر و فەرماندەی پێشووی لیوای 30 و ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراق، لەسەر (کۆتای شەبەکەکان).
پرسی گەندەڵی دارایی و زەوی و پەیوەندییە نایاساییەکان
زانیاریەکان دەریدەخەن کە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان “محەممەد جەمیل خدر ئەل ـ شەبەکی”، فەرماندەی ئێستای لیوای 30 لەگەڵ “وەعد قەدۆ” دامەزرێنەری پێشووی لیواکە و پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق دروست بووە.
بەگوێرەی ئەو لێدوانانەی ناو کۆبوونەوە داخراوەکانی وەعد قەدوو کە دەست ماڵپەڕی دارکا مازی کەوتوون:
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2026دا، وەعد قەدوو، لە بنکەکەی خۆیدا لە (کۆمەڵگەی تەیبە / بەرتلە) لەلای “محەممەد عارف یووسف قەنبەر”، ناسراو بە “ئەبو لەجین ئەل ـ شەبەکی”، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و بەرپرسی پێشووی هەواڵگری لیوای 30، ئاسکرای کردووە کە نەسریەی لیوای 30، بڕی 210,000,000 (دووسەد و دە ملیۆن) دینارە، بەڵام “محەممەد جەمیل” بە هەماهەنگی لەگەڵ “سەید خدر مەترووحی”، مانگانە 60,000,000 (شەست ملیۆن) دیناری بۆ خۆی دەبات.
هەروەها زانراوە کە “محەممەد جەمیل” فەرماندەی لیواکە، لە قاچاخچێتی ئاژەڵدا بۆ شاری هەولێر، دەستی هەیە. هاوکات بە هاوکاریی فەرمانبەرێکی شارەوانی مووسڵ بەناوی عسمەت، 80 پارچە زەوییان لە ناوچەی گۆجەلی وەرگرتووە و لە بەرانبەر 2.500.000 (دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار) دینار بۆ هەر کەسێک، بەسەر لایەنگرانی خۆیاندا دابەشیان کردووە. بۆیە وەعد قەدۆ هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی کە برازاکەی بە ناوی “ئەحمەد حەسەن ئەل ـ قەدوو”، لە جێگای “محەممەد جەمیل” دابنێت، بەڵام مەترووحی ڕازی نییە و پشتیوانی لە محەممەد جەمیل دەکات.
سەرەڕای ئەوەی کە لیژنەی نەزاهەی مووسڵ ئاگاداری ئەو پێشێلکاریانەیە، بەڵام بە پاڵپشتی بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی وەک “ئەبوو مونتەزەر تەحسین عەبوودی” ئەمینداری گشتیی حەشدی شەعبی و “عەدنان ئیبراهیم ئەل ـ بەسری” فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی، ڕێگا نادرێ کە دەستگیر بکرێن.
قەرەبووکردنەوەی زیانی هێرشەکانی ئەمریکا
لەلایەکی دیکەوە، لە ڕێکەوتی 10ی حوزەیرانی 2026دا، “حوسام ئەل ـ سەحلانی” ئەفسەری لۆجستی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، سەردانی بارەگای سەرەکیی لیوای 30ی کردووە. لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد جەمیل، داوای کردووە کە لیستی زیانەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگای لیواکە، هەروەها بارەگاکانی “شێخ حەسەن سوڵتان فەتاح” نوێنەری عەلی خامنەیی و دامەزراوەی سەید ئەلشوهەدا لە گوندی “خەزنە تەپە” ئامادە بکرێت و بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە ڕەوانەی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت.
وەک زانراوە لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانەدا، “سەید عەقیل”، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا و فەرماندەی لیوای 21ی حەشدی شەعبی، لە مانگی ئایاری ساڵی 2026دا، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە زیندانییەکان دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانی “سەدر ئەل ـ قەنات (تاجی/بەغدا) لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدایە.