لە کاتی کۆبوونەوەی نێوان ئیبراهیم کالن و بافڵ تاڵەبانیدا، کێ لە ژوورەکەی تەنیشتیاندا بوو؟

لە کاتی کۆبوونەوەی نێوان ئیبراهیم کالن و بافڵ تاڵەبانیدا، کێ لە ژوورەکەی تەنیشتیاندا بوو؟

لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا ستراتژییەکی شاراوە هەیە کە لە ڕای گشتیی کورد دەشاردرێتەوە و ئەویش ستراتژیی ڕێگریکردنە لە کورد.

لە ڕێکەوتی 2ی تەمموزدا، ئیبراهیم کالن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. لەم سەردانەدا لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک سەرۆکوەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە. پاشان چووە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. تا ئەم خاڵە هەموو شتێک بەپێی ڕێکار و پلانی فەرمی ئەنجامدرابوو.

دوای هەولێر ئیبراهیم کالن چووە سلێمانی و لە کۆشکی دەباشان کە بارەگای بنەماڵەی تاڵەبانییە، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە کۆبووەوە. بەگوێرەی لێدوانە فەرمییەکانی هەردوولا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە “گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا” کراوەتەوە؛ هەروەها باس لە چالاکیی هاوبەش بۆ مسۆگەر کردنی سەرکەوتنی پرۆسەی “تورکیا بێ تیرۆر” کراوە.

تورکیا دەیهەوێت یەنەکە تێکەڵ بە چ یارییەک بکات؟

تەنها یەک ڕۆژ دوای ئەم دیدارە، واتە ڕۆژی 3ی تەمموز، قوباد تاڵەبانی لە ئەنقەرە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەشدا  ڕۆژەڤی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، بابەتی “تورکیایەکی بێ تیرۆر” بوو. دوای کۆبوونەوەکە قوباد تاڵەبانی وتی: “ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ مسۆگەر کردنی سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە دەربڕی و پاڵپشتی تەواوی یەنەکەمان دووپات کردەوە”.

بێگومان ئەنجامدانی ئەم ڕیزە کۆبوونەوانە بە ڕێکەوت نییە. شاراوە نییە کە تورکیا هەوڵدەدات کە یەنەکە تێکەڵ بە “گەمەی بێ ستاتۆ کردنی کورد” لە ناوچەکە بکات و بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ پەکەکە ـ یەنەکە بەکاردەهێنێت.

بەڵام ئەمە بابەتی ئەم نووسینە نییە… بابەتی ئەم نووسینە ئەوەیە کە ئیبراهیم کالن لە دەباشان جگە لە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ کێ کۆبووەوە؟

ئەو کەسەی لە ژوورەکەی تردا بوو و لە کامێراکاندا نەبینرا، کێ بوو؟

ئەم کۆبوونەوەیە مشتومڕێکی گرینگی لەناو ڕای گشتیدا لێکەوتەوە. واتە دەکرا دیدارەکە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لە هەولێر ئەنجام بدرێت و لە ڕابردوودا بەرپرسانی تورکیا بۆ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، بانگهێشتی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیان دەکرد. کەواتە بۆچی ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی میت بۆ ئەم کۆبوونەوەیە چووە سلێمانی؟

چونکە چووبوو بۆ ئەوەی کە جگە لە بافڵ تالەبانی، لەگەڵ کەسانی دیکەشدا کۆببێتەوە. ئەو کەسانەش دوو لە سەرکردەی باڵاکانی پەکەکە واتە سەبری ئۆک و بەسێ هۆزات بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو هەم لەنو یەنەکە و هەمیش لە ناو پەکەکەدا دەستمان کەوتوون، لەڕاستیدا کاڵن بۆ ئەوە چووەتە سلێمانی کە لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە کۆببێتەوە نەک تەنها بافڵ تاڵەبانی. هەرچەندە دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە لە ڕای گشتی بشارێتەوە، بەڵام چیتر بۆی ناشاردرێتەوە. لایەنی دەوڵەت بۆ دوورکەوتنەوە لە کاردانەوەی گشتی و بە هۆکاری سیاسی ئەم بابەتە دەشارێتەوە، بەڵام سەرکردەکانی پەکەکە هەندێک جار ئەم بابەتە دەوروژێنن بۆ ئەوەی نیشانی ڕای گشتی بدەن کە ئەوان وەک موخاتەبێکی ڕەوا سەیر دەکرێن. جگە لەوەش دکتۆر خەیری هەزارگۆڵ (سەرنووسەری ڕۆژنامەی یەنی یاشام کە لەلایەن پەکەکەوە لە ناو تورکیا بڵاو دەکرێتەوە)، بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا، پەیوەندیی تەلەفۆنی هەیە. هەروەها بە ئاشکرا بڵاوکرایەوە کە شاندێکی دەوڵەتی تورکیا لە قەڵادزێ (پارێزگای سلێمانی) لەگەڵ پەکەکە کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی کە وێکڕا ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە، تاوتوێ بکەن.

چی لەسەر مێزەکە بوو؟

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە گرنگانەی کە دارکا مازی پەیوەندیی پێوەکردوون، جگە لە “ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە و جێبەجێکردنەکەی بەشیوەی پراکتیکی”، بابەتی گرنگی دیکەش تاوتوێ کراون:

1- دۆخی هێزەکانی پەکەکە لە ئێران (بەتایبەت پژاک): دەوڵەتی تورکیا داوای لیستی چەکەکانی پژاک و ژمارەی کادیرەکانیان لە ڕۆژهەڵات و توانای شەڕکردنیانی کردووە.

2- بنکەکانی پەکەکە لە دەڤەری بادینان: وەک دەزانرێت، لە ساڵی 2025 بەملاوە، پەکەکە لە زۆرێک لە سەنگەر و تونێلەکانی لە دەڤەری بادینان کشاوەتەوە؛ کەمپ و چەکەکانیان لەوێ بۆ دەوڵەتی تورکیا بەجێهێشتووە. سەرچاوە خۆجێیەکان ڕۆژانە ئەم هەواڵانە بڵاودەکەنەوە.

3- دۆخی دەڤەری گارە؛ ئەمە گرنگترین بابەت بوو. گفتوگۆکە لەسەر ئەوە بوو کە دەوڵەتی تورکیا چۆن دەچێتە ناو گارە (کە یەکێکە لە چیا ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان) و ئەمە چۆن ڕەوایەتیی پێدەدرێت. بەپێی سەرچاوەکان، دەوڵەتی تورکیا دەیهەوێت پەکەکە هەندێک ناوچەی وەک گارە لە دەڤەری بادینان و گۆشینە لە دەڤەری سیدەکان ڕادەستی دەوڵەتی تورک بکات و هێزەکانی بەرەو ناوچەی سلێمانی و بەرەو سنووری ئێران بکشێنێتەوە.

ئەم ڕێککەوتنە لەسەر ڕادەستکردنی ناوچەکانی باشووری کوردستان لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، پرۆسەیەکی زۆر مەترسیدار و گرنگە کە پێویستە کورد لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ بکات. بەڵام لەم نووسینەدا لەسەر ئەم بابەتە نادوێین؛ بەڵکو دەمانەوێت سەرنجمان لەسەر کۆبوونەوە نهێنییەکانی نێوان دەوڵەت و پەکەکە بێت.

ئایا ئەو ئیدیعایانەی کە دەڵێن “گۆشەگیری (تەجرید) هەیە و پرۆسەکە بەرەوپێش ناچێت” ڕاستن؟

ئەگەر سەیری لێدوانی سەرکردەکانی پەکەکە بکەین، ئیدیعای ئەوە دەکەن کە “پرۆسەکە بەرەوپێش ناچێت و ئۆجەلان لە 40 ڕۆژی ڕابردوودا لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە”.

بەڵام ئەم ئیدیعایانە زۆر لە ڕاستییەوە دوورن. ئۆجەلان لە نێوان 8ی حوزەیران و 4ی تەمموزدا نامە و پەیامی بۆ کارگێڕە هەرێمییەکانی دەم پارتی تا کۆچی دوایی کادر ئینانر و دواجاریش لە ماوەی 26 ڕۆژدا وتارێکی بۆ گۆڤاری کۆمووناری پەکەکە ناردووە. ئەگەر گۆشەگیری هەبێت، ئەم پەیامانە لە کوێوە دێن؟ ئەمەش بەو مانایەیە کە لە ڕاستیدا هیچ تەجرید ـ مەجریدێک بوونی نییە؛ بە پێچەوانەوە ئۆجەلان ئەوەندە لە ڕۆژەڤدایە کە تەنانەت پەیام بۆ کۆنفرانسە ناوچەییەکان دەنێرێت و دەتوانێ بەڕێوەیان ببات.

جگە لەوەش لە نێوان بەڕێوەبەرانی پەکەکە و بەرپرسانی میتدا، پەیوەندی تەلەفۆنی ڕاستەوخۆ هەیە. وەک دەبیندرێ پەکەکە سەبارەت بە چیاکانی باشووری کوردستان و تەنانەت دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، تەعلیمات لە ئیبراهیم کاڵنەوە وەردەگرێت.

هەروەها زانیاری دیکەمان لەسەر ئەم بابەتە هەیە، بەڵام بەو پێیەی ئێمە هێشتا ناتوانین 100% پشتڕاستیان بکەینەوە، وەک هەواڵ بڵاوی ناکەینەوە. بەپێی هەندێ زانیاری، لەم دواییانەدا ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە بردراوە بۆ ئەنقەرە. گوایە دوران کاڵکانیش براوەتە ئەنقەرە بۆ ئەوەی کە یەکتر ببینن. کاتێک ئەم زانیاریانەمان بەتەواوی پشتڕاست کردەوە، بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەینەوە.

ئەم هەوڵانە هەوڵ دەدەن یەنەکە بەرەو کێ ڕابکێشن؟

لە کاتێکدا دۆخەکە بەم شێوەیەیە، پەکەکە و میدیاکانی بۆ شاردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئیبراهیم کاڵن، شێوازێکی دیکە بەکاردەهێنن. بەرنامەی میدیا ئاکتووەل کە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی پەکەکە لە ئەوروپا پەخشکرا، ئەم لێدوانەی دا: “دەوڵەت هەوڵدەدات کە یەنەکە بەرەو هێڵی پەدەکە ڕابکێشێت”.

لێرەدا دەبێ ئەوە دەستیشان بکەیەن کە ڕاستە یەنەکە بەرەو هێڵی تورکیا ڕادەکێشرێت، بەڵام ئەو هێڵەی کە یەنەکەی بۆ ڕادەکێشرێ هیچ پەیوەندییەکی بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ـەوە نییە. یەنەکە بەرەو هێڵی خیانەتی پەکەکە واتە خەتی ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ تورکیا ڕادەکێشرێت. یەنەکە کەوا خۆی لە خۆیدا هاوپەیمانی عێراقە، هەنووکە داوای لێدەکرێت هێڵێکی هاوبەش لە نێوان عێراق و تورکیادا پەیڕەو بکات.

ئەوەی پێویستە بە ڕوونی تێبگەین ئەمەیە: لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا ستراتژییەکی شاراوە هەیە کە لە ڕای گشتیی کورد دەشاردرێتەوە. ستراتژیی ڕێگری کردن لە کورد بەڕێوەدەچێت. بۆیە ئەو شتانەی کە بەرچان و واقیعەکان و ئەوانەی کە دەگوترێن و ئەوانەی کە بەڕێوەدەچن، زۆر لە یەکتر جیاوازن.

Share