ئامانجی پەکەکە ئەوەیە کە لە هەر ماوەیەکدا کۆمەڵێک ناسنامە بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ وەک ئامرازێکی پروپاگاندا بەکاریان بهێنێت. ئامانج لێی ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەی قوربانییەکان نییە؛ بەڵکوو ئامانجەکەی ئەوەیە کە نمایشێکی سیاسی بە تەرمی ئەو لاوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بکات و کاریگەریی لەسەر هەست و سۆزی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دابنێت.
هەرچەندە پەکەکە، یان وەک بۆخۆیان وەک “تەڤگەری ئاپۆیی” خۆیان پێناسە دەکەن، ئەگەرچی هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام لە گەمەکردن بە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا ناوەستێت. ناوچەیەکی دیکە کە دەیهەوێت پەلاماری بدات (یان هەوڵدەدات کە کاریگەریی لەسەر دروست بکات) ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە. پەکەکە لەژێر ناوی پژاکدا دەیەوێت بچێتە ناو پڕۆسەی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە و حزووری سیاسیی خۆی لەوێ جێگیر بکات و پەرەی پێبدات. واتە دەیەوێت پرۆژەی ئەنتەگراسیۆنەکەی ئۆجەلان کە لە ساڵی 2025 ئامادەکراوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بڵاوبکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوێکی فرەلایەنەی دەستپێکردووە؛ ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی پەکەکە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ناسنامەی 24 گەریلای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دە ساڵی ڕابردوودا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ تورکیا گیانیان لەدەستداوە، بەشێک لەم ستراتژییە پێک دەهێنن.
بۆچی ئەو قوربانیانەی کە 19 ساڵە ئاشکرا نەکراون، ئێستا ڕادەگەیەندرێن؟
هەپەگە لە 5ی نۆڤەمبەردا، ناسنامەی 9 گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستدابوو. دواتر لە ڕێکەوتی 9ی نۆڤەمبەردا، ناسنامەی 15 گەنجی دیکەی ڕاگەیاند کە هەموویان خەڵکی شاری ماکۆ بوون. مرۆڤ کاتێک سەیری کات و دابەشبوونی ئەو ڕاگەیاندراوانە دەکات، دەبینێت کە بە شیوەیەکی ورد لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە موهەندسی کراوە.
لە نێو ئەو ناسنامانەی کە بڵاو کراونەتەوە، کەسانێک هەن کە لە ساڵی 2011دا گیانیان لەدەستداوە، وەکوو ڕەشید ئەزنەد (چاڤڕەش گابار) کە ناسنامەکەی ئاشکرا کراوە و گوتراوە لە ساڵی 2011دا لە دەڤەری حەفتەنین لە باشووری کوردستان گیانی لەدەستداوە. ئەمەش ڕێک 15 ساڵ لەمەوبەرە. بۆچی تا ئێستا ناوەکەی بڵاونەکراوەتەوە؟ پەکەکە بەزۆری هۆکاری دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی ناسنامەی شەهیدەکانی بۆ “بارودۆخی شەڕ” دەگەڕێنێتەوە. بەڵام هیچ پاساوێکی لەو جۆرە بۆ ڕەشید لۆژیکی نییە، بەو پێیەی حەفتەنین لە باشووری کوردستان هەڵکەوتووە و بە ئاسانی دەستی پێدەگات. جگە لەوەش لە ساڵی 2011 تا 2015 پرۆسەی چارەسەرکردن و ئاگربەست لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا هەبووە، بەڵام دیسانیش پەکەکە هەواڵی گیانلەدەستدانی گەریلاکانی ڕانەگەیاندووە.
بە هەمان شێوە ئاشکراکردنی ناوی هێرش وەلات (محەممەد محەممەدزادە) کە لە ساڵی 2007دا لە قەندیل گیانی لەدەستداوە، زۆر سەرنجڕاکێشە. شوێنی گیانلەدەستدانەکەی لە قەندیل و نزیک لە بارەگای ناوەندیی پەکەکە بوو، بەڵام دوای 19 ساڵ ئەوسا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەی ڕادەگەیەنرێت. لە ڕاستیدا هەندێک سەرچاوەی نزیک لە پەکەکە باس لەوە دەکەن کە محەممەد محەممەدزادە بە تۆمەتی سیخوڕی لە ژێر ئەشکەنجەدا ژیانی لەدەستداوە، بەڵام بەو پێیەی ئەم زانیاریانە بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە، نامانەوێت هیچ شتێکی یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بڵێین.
بازرگانی مایەپووچ و دەفتەری ناسنامەکانی پەکەکە
چی ڕوویدا کە پەکەکە دوای 19 ساڵ ئەو کەسانەی وەبیر هاتەوە و ناسنامەکانیانی ڕاگەیاند؟ هۆکاری ڕاستەقینە ئەمەیە: چونکە ئێستا پەکەکە بە پێویستی دەزانێت کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای خوێن و قوربانیدان و شەهیدەکانی، پڕوپاگەندە بکات.
لە نێو گەورەکاندا وتەیەک هەیە کە دەڵێت: “بازرگانی مایەپووچ، دەفتەرە کۆنەکانی هەڵدەداتەوە”. پەکەکەش وەک ئەو بازرگانە، کاتێک تووشی کێشە دەبێت، بەناو دەفتەر و تۆمارە کۆنەکانیدا دەگەڕێت؛ کەسێک دەدۆزێتەوە کە ساڵانێک لەمەوبەر ژیانی لەدەستداوە بەڵام بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بۆیە بۆ کاریگەریی دانان لەسەر هەست و سۆزی گەلی کورد ئەو کەسانە بەکار دەهێنیت.
پەکەکە لە باکوری کوردستان هەمان شتی کرد. کاتێک گەلی کورد لەهەمەبەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئەنتەگراسیۆن و لەناوبردنی ڕۆژئاڤای کوردستان کاردانەوەی توندی پیشاندا، لەناکاو ناسنامەی دەیان کەسیان ڕاگەیاند کە ساڵانێک لەوەپێش گیانیان بەخت کردبوو بەڵام هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بە فەرمی ڕانەگەیندرابوو. لە شارەکاندا مەراسیم و یادکردنەوەیان ڕێکخست. بە واتایەکی تر، هەوڵیاندا جارێکی تر لە ڕێگەی تەرمی لاوانی کوردەوە، بناخەی سیاسی خۆیان یەکبخەنەوە.
ئایا پەکەکە دەیەوێت بەم شێوەیە هەناسەیەک وەبەر پژاکدا بکاتەوە؟
لەم دواییانەدا پەکەکە و پژاک لە لایەن حیزب و سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لەلایەن جەماوەری کوردەوە ڕەخنەی زۆریان لێ گیراوە. ڕاستە پەکەکە ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا و بەتایبەت بەرخۆدانی کۆبانێی وەک پڕوپاگەندە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرکەوتوویی بەکارهێنابوو و پشتیوانیی پەیدا کردبوو. لە ڕێگەی کەنەکەوە پەیامی “یەکێتی کوردانی” بە لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەوروپا گەیاندبوو و بەمەش وێنەیەکی ئەرێنی کوردانەی لەخۆی خستبووەڕوو. بەڵام پڕۆسەی ئەنتەگراسیۆن کە لە ساڵی 2025دا دەستی پێکرد و دواتر سیاسەتەکانی پەکەکە کە بووە هۆی لەناوچوونی دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، وێنەکەی پەکەکەیان شڵەقاندبوو.
بە تایبەتی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەڵوێستی پژاک واقیعی پەیوەندی نێوان پەکەکە و پژاکی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوونتر کردەوە. لێدوانەکانی ئەمیر کەریمی و ڕێوار ئاودانان، سەرکردەکانی پژاک، کە پارتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردە ئامانج و دەستەواژەی ئەنتەگراسیۆنی ئۆجەلان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاردانەوەی گەورەی لە دژی پژاک و ئۆجەلان و پەکەکە لێکەوتەوە.
بۆیە پەکەکە هەڵمەتێکی میدیایی بۆ چاککردنەوەی ئەم وێنا تێکچووە دەستپێکرد. ئێستا ئەوەی ساڵانێکە لە باکوور دەیکەن، لە ڕۆژهەڵاتیش دووبارەی دەکەنەوە: هەوڵ دەدەن بە گوتنی ئەوەی کە: “ئێمە شەهید دەدەین، بۆیە کەس ناتوانێت ڕەخنەمان لێبگرێت و هەرکەسێک ڕەخنەمان لێبگرێت بێڕێزی بە شەهیدان دەکات”، فشار بخەنە سەر هەموولایەک. بێگومان دەیانەوێت لە پرسە و مەراسیمی ڕاگەیاندنی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو گەنجانە کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی خۆیان وەک بێ تاوان و قوربانی پیشانی ڕای گشتی کورد بدەن.
ئایا شێواز و کاتی ڕاگەیاندنی ناسنامەی ئەم شەهیدانە، ئەندازیارییەکی کۆمەڵایەتی نییە؟
مرۆڤ کاتێک سەیری تۆماری ئەو گەنجانە دەکات کە ناسنامەکانیان ڕاگەیەندراوە، ئەوەی بۆ ئاشکرا دەبیت کە هەموو شتێک بە مەبەستی پڕوپاگەندە پلانی بۆ دانراوە و ئۆرگانیزە کراوە. هەرکام لەوانە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ناوچە و شاریکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕاگەیەندراوە.
بۆ نموونە ناسنامەی ئەو 24 گەنجە بە یەکجار بڵاو نەکرایەوە، بەڵکوو بە دوو گرووپ ڕاگەیاندران.
نزیکەی سەرجەم ئەو 9 ناوەی یەکەم جار ئاشکرا کران، خەڵکی ئەو شارانەن کە کوردەکان بە شێوەزاری سۆرانی قسە دەکەن و زۆربەیان گەنجانی شاری سنە بوون.
کۆمەڵەی دووەمی ناسنامەکان هەموویان خەلکی شاری ماکۆی سەر بە پارێزگای ئورمیە بوون. ماکۆ لە ڕاستیدا درێژەپێدەری ناوچەی سەرحەدی باکووری کوردستانە و بە کرومانجی سەروو قسە دەکەن. ئەمە یەکێکە لەو شوێنانەی کە پەکەکە زۆرترین بەشداربووی لێوەرگرتووە.
بە واتایەکی تر ئامانجی پەکەکە ئەوەیە کە لە هەر ماوەیەکدا کۆمەڵێک ناسنامە بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ وەک ئامرازێکی پروپاگاندا بەکاریان بهێنێت. ئامانج لێی ئاگادارکردنەوەی بنەمالەی قوربانییەکان نییە؛ بەڵکوو ئامانجەکەی ئەوەیە کە نمایشێکی سیاسی بە تەرمی ئەو لاوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بکات و کاریگەریی لەسەر هەست و سۆزی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دابنێت.
وەک لە سەرەوە وتمان؛ بازرگانی مایەپووچ، دەفتەرە کۆنەکانی هەڵدەداتەوە، ئێمە زیاتر دەبینین کە پەکەکەش دەفتەرە کۆنەکان و ڤیدیۆ و ئاخاوتنەکانی ئۆجەلان لە بێژنگ دەدات و بڵاویان دەکاتەوە بۆ ئەوەی خۆی بە “بێ تاوان” نیشان بدات و یاری بە هەست و سۆزی گەلی کوردەوە بکات.