شارەزایانی نێودەوڵەتی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: کوردانی سووریا مەترسی جینۆسایدیان لەسەرە

شارەزایانی نێودەوڵەتی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: کوردانی سووریا مەترسی جینۆسایدیان لەسەرە

“گەلی کورد لە شەڕی داعش و لە بەرگریکردن لە ئاسایشی جیهاندا باجێکی زۆری داوە و قبوڵکراو نییە ئێستا لەکاتێکدا کە لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی مان و نەمان دەبنەوە، هەوڵ و هەنگاوە نێودەوڵەتییەکان لاواز بن”.

ژمارەیەک لە شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی، چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و ئەکادیمیستەکانی جیهان لە یاداشتێکی بەپەلەدا سەبارەت بە ئەگەری جینۆساید و قڕکردنی نەژادی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هۆشدارییەکی توندیان ئاراستەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کردووە.

لە یاداشتەکەدا کە لە ڕیکەوتی 21/1/2026دا پێشکەش بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، واژۆکاران نیگەرانی قووڵی خۆیان لەو هێرش و پێشهاتە سەربازییانە دەربڕیوە کە لە ناوچە کوردستانییەکان ئەنجام دەدرێن.

لە بەشێکی یاداشتەکەدا هاتووە: ئەم هێرشانە تەنها پێکدادانێکی ئاسایی نین، بەڵکوو پێشێلکارییەکی سیستماتیک و بەربڵاون کە وەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دێنەئەژمار، بەتایبەتیش کە لە لایەن ئایدۆلۆژیای توندڕەوی گرەوپەکانی سەر بە دیمەشقەوە بەڕیوەدەچن.

شارەزایان و چالاکوانان چوار داواکاری بەپەلەیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە؛ سەپاندنی بڕیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیل و پابەندبوونی تەواو بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، دامەزراندنی میکانیزمی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڵگەمەندکردنی پێشێلکارییەکان و دەرکردنی ئاماژەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ئەولەویەتدان بە پاراستنی هاووڵاتیانی کورد و کەمینەکانی دیکەی وەک دروز، ئێزدی، مەسیحی و عەلەوییەکان و هەروەها دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ گەرەنتیکردنی پاراستنی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە مەترسی لەناوچوون.

لە یاداشتەکەدا هاتووە، “گەلی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شەڕی داعش و لە بەرگریکردن لە ئاسایشی جیهاندا باجێکی زۆری داوە و قبوڵکراو نییە ئێستا لەکاتێکدا کە لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی مان و نەمان دەبنەوە، هەوڵ و هەنگاوە نێودەوڵەتییەکان لاواز بن”.

ئەم شارەزایانە هەروەها دەڵێن: مێژوو حوکم دەدات، نەک لەسەر ڕاگەیاندنەکان، بەڵکوو لەسەر ڕێگریکردن لەو کارەساتانەی ڕوودەدەن، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات، پێش ئەوەی کە کارەساتەکە بە تەواوی ڕووبدات.

Share