ترەمپ بە نهێنی پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران دادەنێت

ترەمپ بە نهێنی پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران دادەنێت

NBC: “ترەمپ لە چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆدا باسی بژاردەی هێرشی زەمینیی بۆ سەر ئێران کردووە”.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵێکی ڕاگەیاندنی ئەمریکی، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی هێرشی زەمینی سنووردار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

کەناڵی NBC نیوزی ئەمریکی بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ترەمپ دەیەوێت بە نهێنی پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران دابنێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە هەشت ڕۆژە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران ئەنجام دەدەن.

هەروەها کەناڵەکە بە پشت بەستن بە چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە ترەمپ لە چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆدا باسی بژاردەی هێرشی زەمینیی بۆ سەر ئێران کردووە و هێرشی زەمینی سنووردار بۆ سەر ئەو وڵاتەی بە بژاردەیەکی گونجاو زانیوە.

لای خۆیەوە کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا بۆ کەناڵە ئەمریکییەکە پلانی هێرشی زەمینی ڕەتکردەوە، بەڵام دانی بەوەدانا کە هەموو بژاردەکان کراوەن بۆ سەرۆک ترەمپ و تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەسەر هێرشی زەمینی نەدراوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی پنتاگۆن، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا، شەش سەربازی ئەمریکی کوژراون و 18 سەربازی دیکەش برینداربوون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە کاتژمێرەکانی دەسپێکی ڕۆژی شەممە 28/2/2026 بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران و بۆردومانی زۆرێک لە شارەکانی ئەو وڵاتەیان کرد و لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژران.

لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا ئێران هێرشی کردە سەر وڵاتی ئیسرائیل و شوێن و بنکە ئەمریکییەکان لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە و هێرشەکانی هەردوولا تا ئەمڕۆش بەردەوامن و ژمارەی کوژراوان و بریندارەکان و زیانەکانی ماددیش لە زیادبووندایە.

هەروەها لەو چوارچێوەیەدا باشووری کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێری پایتەختیش، چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، بەڵام سەرجەم هێرشەکان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیەوە لە هەرێمی کوردستان، پووچەڵ کراونەتەوە.

Share