ڕەوەندی کورد لە ئەڵمانیا بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان

لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە سووریا، کورد وەک گرنگترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە شەڕەکەدا سەیر دەکرا، بەڵام دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد واشینگتۆن لە دیمەشق نزیک بووەتەوە.
هەزاران کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا کە لە شارەکانی وەک (کۆڵن، دوسلدۆرف و بۆن) دەژین، خۆپیشندانێکی گەورەیان لە شاری بۆن بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاڤای کوردستان و مەحکووم کردنی هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر کورد ئەنجامدا.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی (DW)ی ئەڵمانی کە یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین ئاژانسەکانی ئەو وڵاتە، خۆپیشاندەران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی حکومەتی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر زۆر ناوچە و دەستیان بەسەر هەندێک شوێندا گرتووە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ژمارەیەک شارۆچکە و گوند کشاونەتەوە.
نزیکەی 15 هەزار کەس لە شاری بۆن لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی کە دۆخی ئێستای کوردانی دانیشتوی باکووری سووریا پرۆتستۆ بکەن. چەند سەد پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ چاودێریکردنی خۆپیشاندانەکە و ڕێگریکردن لە ئاڵۆزی لەوێ بوون. گردبوونەوەکە بەبێ ڕووداوی نەخوازراو کۆتایی هات و کوردانی دانیشتووی شارەکانی شتوتگارت و جێناش خۆپیشاندانیان کرد.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر حکومەتی سووریا و هەسەدە بە چاودێریی ئەمریکا گەیشتنە ڕێککەوتن و ئاگربەستیان ڕاگەیاند.
لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە سووریا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) وەک گرنگترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە شەڕەکەدا سەیر دەکرا، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ دەسەڵات، واشنتۆن لە دیمەشق نزیک بووەوە.
ئەمریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ڕووی سەربازییەوە دەستوەردانی لە شەڕەکەدا نەکردووە، بەڵام فشاری خستووەتە سەر هەردوولا بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن.