ئەڵمانیا پرۆسەیەکی بەرفراوان بۆ گەڕاندنەوەی بەکۆمەڵی کوردەکان دەستپێدەکات

بڕیارە هەفتانە نزیکەی 500 کەس لە ڕێگەی گەشتی تایبەتەوە بگوازرێنەوە بۆ تورکیا.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئەڵمانیا، حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ تورکیا گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ گەڕاندنەوەی بەکۆمەڵ و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی کە داواکاری مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە.
حکومەتی ئەڵمانیا پرۆسەیەکی هەمەلایەنەی بۆ دیپۆرتکردنەوە و گواستنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی تورکیا دەستپێکردووە کە مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە پێنەدراوە. ئەم بڕیارە دوای ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی کۆتایی نێوان بەرلین و ئەنقەرە دێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی 15 هەزار و 561 هاووڵاتی تورکیا کە داواکاری مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە، لە لیستی دیپۆرتکردنەوەدان.
زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە و داواکەیان ڕەتکراوەتەوە، هاووڵاتی کوردی باکووری کوردستان و تورکیان.
بڕیارە هەفتانە نزیکەی 500 کەس لە ڕێگەی گەشتی تایبەتەوە بگوازرێنەوە بۆ تورکیا.
ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی توندکردنەوەی یاساکانی مافی پەنابەری و دیپۆرتکردنەوەی بەربڵاوی ئەو کەسانە دێت کە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی و بەڵگەنامەی پەنابەرییان نییە.