ترەمپ و پزیشکیان “یاداشتنامەی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد”یان واژۆ کرد

ترەمپ و پزیشکیان "یاداشتنامەی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد"یان واژۆ کرد

ئەمریکا و ئێران رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەسەری کۆتایی و پابەند بن بە وەستاندنی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەکی یەکتر.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، “یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد”یان بەشیوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئامانجی ئەم یادداشتنامەیە، کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئەمریکا ـ ئیسرائیل و ئێرانە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی ئێرنای ئێران رایگەیاند؛ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەقی یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم یاداشتنامەیە کە بە “یاداشتنامەی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد” ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

لای خۆیەوە سوزی وایڵز، سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی مانەوەی لە فەڕەنسا و لە کاتی خوانێکی ئێوارە فەرمیدا لە کۆشکی فرسای، یاداشتەکەی واژۆ کردووە. وایڵز ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ ئەمریکا و جیهان، بەڵام گوتیشی: “60 رۆژی داهاتوو بەهۆی گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکان پڕ دەبێت لە ئالنگاری.”

لەلایەکی دیکەوە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رایگەیاند؛ رێککەوتنەکە دەستبەجێ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی ئەمەش،ئێران دەبێت دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا بکاتەوە و ئەمریکاش دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.

بڕیارە سبەی هەینی، 19ـی حوزەیران، بە میوانداری پاکستان و بە پاڵپشتی قەتەر، مەراسیمێکی فەرمی لە سویسرا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەڕێوەبچێت. هەردوولا رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەسەری کۆتایی و پابەند بن بە وەستاندنی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەک لە سەرجەم بەرەکاندا.

دەقی 14 خاڵەکەی رێککەوتنەکە

1ـ راگرتنی جەنگ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتری ئەنجام نەدەن.

2ـ سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری.

3ـ وادەی دانوستان: هەردوولا 60 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.

4ـ کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی 30 رۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.

5ـ کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.

6ـ ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.

7ـ هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.

8ـ بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.

9ـ پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناتەقێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.

10ـ هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.

11ـ ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک کە وڵاتەکە بیەوێت.

12ـ چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.

13ـ مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی (4، 5، 10 و 11)، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی دەکەن.

14ـ پەسندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە رێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند بکرێت.

Share