کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە باکووری کوردستان، تورکیا و یۆنان: زیاتر لە 200 ناوچە سووتاون

هەوڵەکانی تیمەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەردەوامییان هەیە.
لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لەئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە 218 دارستان و کێڵگەدا، دۆخێکی نالەبار لە باکووری کوردستان و تورکیا سەریهەڵداوە. هاوکات ئاگرێکی گەورە گەیشتووەتە ناوەندە گەشتیارییەکانی دورگەی کریتی یۆنان و زیانێکی زۆری لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا سەبارەت بە دوایین دۆخی ئاگرکەوتنەوەکان لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە 213 ئاگرکەوتنەوە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام هەوڵەکانی ئاگرکوژێنەوە لە 5 ناوچەی جیاواز بەبێ پچڕان بەردەوامن.
بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی بای بەهێز و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، تیمەکان لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا، لەگەڵ گرفتی گەورە بەرەوڕوو دەبن و هەروەها بەتایبەت لە قەزاکانی ئایدن، سوسورلووک، ئەنتالیا و گوڵنار مەترسییەکانیش ڕوو لە زیادبوون دەکات.
لە لایەکی ترەوە لە دورگەی کریتی یۆنان کە دەکەوێتە دەریای ناوەڕاستەوە ئاگرێکی گەورە کە لە دارستانەکانەوە دەستی پێکرد بە خێرایی گەیشتە ناوچە گەشتیارییەکان. بەهۆی خێرا تەشەنەسەندنی ئاگرەکە و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، دەسەڵاتدارانی یۆنان سەدان هاوڵاتی و گەشتیاریان لە ناوچەکە گواستەوە بۆ شوێنە ئارامەکان.
بەگوێرەی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی لە ناوچەکەوە بڵاو کراونەتەوە، هۆتێلێکی گەورەی گەشتیاری و بەشێکی زۆر لە خانووەکانی دەوروبەری بە تەواوی گڕیان گرتووە. باس لەوە دەکرێت کە هەوڵەکانی تیمەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەردەوامییان هەیە.