کورد لە نێوان خەونی ئاگربەست و واقیعی شەڕدا: ئایا ئازایەتیی گۆڕینمان هەیە؟

کورد لە نێوان خەونی ئاگربەست و واقیعی شەڕدا: ئایا ئازایەتیی گۆڕینمان هەیە؟

پێویستە لەگەڵ خۆماندا ڕاشکاو بین: ئەم ئاگربەستە کۆتایی ململانێکان نییە، بەڵکوو پشوویەکە لە نێوان دوو قۆناغی شەڕدا.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

پێشەکی

لەم کات و ساتە چارەنووسسازە مێژووییانەدا، هێزی گەلان بە ژمارەی چەک و چۆڵەکانیان پێوانە ناکرێت، بەڵکوو پێوانەی ڕاستەقینە، توانای ئەوانە لە خوێندنەوەی واقێعەکاندا و بڕیاردانە لە کاتی گونجاودا.

ئەمڕۆکە کورد لەبەردەم یەکێک لەو ساتە چارەنووسسازانەدا وەستاوە، چوونکە ململانێ لە سووریا و ناوچەکەدا، ئیدی تەنها شەڕی بەرە و سەنگەرەکان نییە، بەڵکوو بۆتە شەڕی پرۆژەکان و شەڕی وشیاریی و ئیرادە سیاسییەکانە.

ئاگربەستی ئێستای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە مانای کۆتایی هاتنی ململانێیەکان نییە و سەرکەوتن بۆ هیچ لایەنێک نییە، بەڵکوو وێستگەیەکی کاتییە لە پرۆسەی دوبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتدا.

ئەمە دەرفەتێکە بۆ دامەزراندن و هەروەک چۆن دەتوانێ دەرفەتێکیش بێت بۆ پەراوێزخستن. ئەمە تاقیکردنەوەیەکە کەوا دەریدەخات کێ عەقڵی سیاسیی هەیە و کێ تەنها کاردانەوە (ردود الافعال)ی هەیە.

ناوەڕۆک

ئەوەی ئەمڕۆکە لە سەر خاکی کورد ڕوودەدات، لە کۆبانێیەوە بگرە هەتا دەشتی جزیرێ و لە قامیشلۆوە تا دەگاتە دێرک، ڕووداوێکی دابڕاو لە دەوروبەر نییە، بەڵکوو بەشێکە لە زنجیرەیەک پیلانگێڕی ناوچەیی و ئامانجەکەشی ئەوەیە کە پرسی کورد جارێکی دیکە بەپێی بەرژەوەندیی دەوڵەتەکان دابڕێژرێتەوە نەوەک بەپێی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد.

ڕژێمی سووریا بە بێدەنگی کار دەکات بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی بڕیاردانی ناوەندی بخاتەژێر دەستی خۆی و ئاگربەستەکە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت نەک وەکوو ئامانج.

ئەنقەرە درێژە بە پرۆژە کۆن و نوێیەکەی دەدات بۆ ئەوەی کە هەر ئەزموونێکی کوردی لە ناوەڕۆکی سیاسی خۆی بەتاڵ بکاتەوە و پرسەکە لە پرسێکی نەتەوەییەوە بگۆڕێت بۆ کێشەیەکی ئەمنی.

لای خۆیەوە تارانیش لە ترسی بڵاوبوونەوەی پەتای شۆڕش بۆ ناو ماڵەکەی، لەو پارچەیەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا هەر جووڵەیەک لە نوتفەوە دەخنکێنێت.

ئەمریکاش، دوای ئەوەی ڕۆڵی وەک هاوپەیمانێکی کاتی کۆتایی هات، خەریکە وردە وردە لە مەیدانەکە دەکشێتەوە.

لەم دیمەنە ئاڵۆزەدا، کورد کارتە هەرە بەهێزەکانی یەک بە یەک لەدەست دەدات.

گواستنەوەی دۆسیەی دیلەکانی داعش بۆ عێراق تەنها ڕێکارێکی ئەمنی نەبوو، بەڵکوو پەیامێکی سیاسی ڕوون بوو، بەو مانایەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووبارە متمانە بۆ دەوڵەتی ناوەندی دەگەڕێنێتەوە و ڕۆڵی بەڕێوەبەریی خۆسەر وەک هاوبەشێکی سەربەخۆ لاواز دەکات. ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە ناونیشانەکەی بریتییە لە: تەعاموڵ کردن لەگەڵ حکومەتەکانە نەک لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێیەکان.

لە هەمووی مەترسیدارتر، ئەو پرۆژە ڕاستەقینەیەی کە ئەمڕۆکە ژێرئاوەوە پوختە دەکرێت، شەڕێکی نوێ نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکە بۆ تواندنەوەی سیاسیی هێدی و لەسەرەخۆ: تێکەڵکردن بەبێ گەرەنتی، تێکەڵکردن بەبێ هاوپشکی و دانپێدانانێکی ڕووکەش بە بێ مافە دەستوورییەکان.

ئەگەر ئەم ڕێگایە هەروا بەردەوام بێت، دۆزی کورد لە دۆزی نەتەوەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ دۆزی بەڕێوەبەرییەکی خۆجێی (ئیداری) کە هیچ سەروەرییەکی نییە.

لە بەرامبەر ئەم واقیعەدا نابێت کورد درێژە بە سیاسەتی چاوەڕوانی یان پشتبەستن بە جیهانی دەرەوە بدات.

ئەزموونەکان دەریانخستووە کە هاوپەیمانەکان دەگۆڕدرێن و بەرژەوەندییەکان بۆ هەتا هەتایە نامێنن و ئەو مافەی کە بە هێزی سیاسیی دەستەبەر نەکرێت، کەس بە خێر پێشکەشامنی ناکات.

مەترسیدارترین شت کە ئەمڕۆ بەدەستیەوە دەناڵێنین، فشاری دەوڵەتان نییە، بەڵکوو لاوازیی ناوماڵی کوردە (دابەشبوونی سیاسی، فرە ـ گوتاری، نەبوونی مەرجەعێکی یەکگرتوو)، هەموویان هۆکارن بۆ ئەوەی کە هەڵویستی ئێمە لە دانوستاندنەکاندا لاواز بن سەرەرای ئەوەی کە قوربانییەکانیشمان زۆر و گەورە بن.

قۆناغی داهاتوو پێویستی بە سەرکردایەتی تاکەکەسی یان دروشمی بریقەدار نییە، بەڵکوو پێویستیی بە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی عەقڵانییە کە لەسەر بنەمای سێ پایەی سەرەکی وەک “یەکگرتوویی بڕیار، بەڵگەنامەی مافەکان و ڕێکخستنی جەماوەری” ڕاوەستابێت.

یەکگرتوویی بڕیار بەو مانایەیە کە کاتی دانوستانی تاکلایەنە بەسەرچووە و پێویستە نوێنەرایەتییەکی هاوبەشی نەتەوەیی هەبێت.

بەڵگەنامەی مافەکانیش واتە وەرگێڕانی داخوازییە مێژووییەکان بۆ دەقی دەستووری ڕوون کە ڕێگە بە تەئویل نادات.

ڕێکخستنی جەماوەری تاکە گەرەنتییە بۆ پاراستنی هەر دەستکەوتێکی سیاسی.

ئێمە نە عاشقی شەڕین و نە تەسلیمبوونیش قبووڵ دەکەین.

ئێمە خاوەنی کەرامەتی سیاسیین.

ئێمە هاوبەشییەکی ڕاستەقینەمان دەوێت لەناو دەوڵەتی سووریادا، نەک ئەوەی کە لەناویدا ون بین و بتوێینەوە.

ئێمە دەمانەوێت دان بە ناسنامە و مافەکانماندا بنرێت، نەک ئیدارەیەکی کاتی کە هەموو ڕۆژێک بەپێی مەزاجی دەوڵەتە ئیقلیمییەکان یاری پێبکرێت.

پێویستە لەگەڵ خۆماندا ڕاشکاو بین: ئەم ئاگربەستە کۆتایی ململانێکان نییە، بەڵکوو پشوویەکە لە نێوان دوو قۆناغی شەڕدا.

هەرکەسێک ئەم دەرفەتە بۆ بنیاتنانی هێزێکی سیاسی بەکار بهێنێت، سەرکەوتوو دەبێت و ئەوەش کە کاتی خۆی بە ناکۆکییەکانەوە بەفیڕۆ بدات، وەدەر دەنرێت.

گواستنەوە لە لۆژیکی چەکەوە بۆ لۆژیکی دەوڵەت بە مانای دەستبەرداربوون لە مافەکان نییە، بەڵکوو بە واتای چەسپاندنی مافەکانە. ئەمە لاوازی نییە، بەڵکو پێگەیشتوویەکی سیاسییە.

ئەمە شەڕی ئەم قۆناغەیە: شەڕی عەقڵ، ڕێکخستن و ڕەوایەتی.

ئەمڕۆ کورد لەبەردەم هەڵبژاردەیەکی ڕوونی مێژووییە: “یان دەبنە هێزێکی سیاسی کاریگەر کە لە هەموو مێزێکدا حسابی بۆ بکرێت، یانیش سیناریۆی پەراوێزخستن بە شێوەیەکی نوێ و نەرمتر دووبارە دەبێتەوە”.

مێژوو بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە.

ئەو گەلانەی کە ناتوانن دەرفەت بۆخۆیان بخوڵقینن… لە لاپەڕەکانی مێژوو دەسڕدرێنەوە.

Share