چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان لە دەستی کورد دەردەچێت!

هەڕەشە ئەمنییەکان (هەتەشە + پاشماوەکانی داعش + ئەو میلیشیایانەی کە دەوڵەتی تورک پشتیوانییان لێدەکات) لە زیادبووندان و مەترسییەکانی کۆمەڵکوژییەکی نوێ زیاتر دەبن.
بەو گەمە و زوڵم و ستەمانەی لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، لەم دواییانەدا بە سەرکردایەتی تۆم باراک و هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک، بەرەو کۆتاییهێنان بە دیفاکتۆی ئۆتۆنۆمی کورد دەڕۆن.
حەز دەکەم بەپێی دوایین پێشهاتەکان (بەتایبەتی ئەوانەی لە ژانیڤەری 2026دا ڕوویاداوە)، ئەم شیکارییە ئەنجام بدەم و بڵاوی بکەمەوە بۆ ئەوەی ئێوەش بیبینن. هەروەک دەزانین ڕۆڵی تۆم باراک، وازهێنانە لە هەسەدە (هێزەکانی سووریای دیموکراتیک) لە لایەن ئەمریکاوە و سەرکردایەتی ئیدارەی نوێی دیفاکتۆ لە دیمەشق (ئەحمەد ئەلشەرع بە ئەسڵی خۆی هەتەشە) و ڕادەستکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکان بە دەوڵەتی ناوەندی و سروشتی ڕاستەقینەی ئەنتەگراسیۆن (تێکەڵبوون)ی سەربازی و زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکانە.
تۆم باراک، وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە لە سووریا، لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەدا ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکە و ئاسانکاریی بۆ دەکات. باراک بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ڕۆڵی هەسەدە لە دژی داعش “بەزۆری بەسەرچووە”، تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان بۆ ناو دیمەشق وەک “گەورەترین دەرفەت بۆ کورد”(!) دەخاتە ڕوو – ئەم لێدوانە بە تەواوی پشتگیری لە ئەلگۆریتمی درێژخایەنی تورکیا “درێژکردنەوەی پەکەکە” و نەهێشتنی پێکهاتەی دیفاکتۆی کوردی دەکات. دوای کۆبوونەوەی زۆر لەگەڵ ئەنقەرە (بۆ نموونە لەگەڵ هاکان فیدان)، لەکاتێکدا نێوەندگیری بۆ ئاگربەست و ڕێککەوتنەکانی ئەنتەگراسیۆن دەکات، ڕێگە بۆ داواکارییەکانی وەک ڕادەستکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکان (نەوت، دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان) بە حکومەتی ناوەندی و تێکەڵکردنی تاکەکەسیی هەسەدە لە ناو سوپای سوریادا، خۆش دەکات. بەگوێرەی هەواڵەکانی سەرچاوە خۆجێیەکان و بەشێک لە ستراتیژیستەکانی ناوچەکە، باراک بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا، ئیدارەی دیفاکتۆی کوردی دەکاتە قوربانی و دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا لە سووریا بەهێز دەکات؛ ئەمەش دەبێتە یەکێک لە ئەندازیارانی سەرەکی ئەو هەڵوەشاندنەوەی کە کۆتاییهێنان بە دیفاکتۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. باراک بووەتە ئەو کەسایەتییە سەرەکییەی کە سیاسەتی دەوڵەتی تورک بۆ تەسفیەکردنی کورد لە ژێر پەردەی “جەنگی تیرۆر”دا، لە ڕێگەی ئەمریکاوە شەرعیەت پێدەدات و جێبەجێی دەکات.
1ـ چوارچێوەی دانوستانەکان:
لە ڕێککەوتنی چوارچێوەوە بۆ ئاگربەست و تەسلیمبوون!
پرۆسەی نێوەندگیریی تۆم باراک لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ئازاری 2025ـەوە گەیشتۆتە پەیمانی ئاگربەستە 14 خاڵییەکەی ژانیڤەری 2026. ئەم ڕێککەوتنە بە فەرمی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وەک بەشێک لە دەوڵەتی سووریا دادەنێت؛ بەڵام زۆر بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە هیچ دانپێدانانێک بە قەوارەی ئۆتۆنۆمی سیاسی یان فیدراڵی بۆ کورد لەئارادا نییە. دەوترێت کورد وەک “کارمەندی دەوڵەتی سووریا” لە ئیدارەی خۆجێیدا دەتوان قسەیان هەبێت.
ئەمەش لە ڕاستیدا بە مانای کۆتاییهاتنی ئوتۆنۆمی دیفاکتۆ دێت و سەرچاوە ستراتژیک و ئابووریییەکانی “بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان و فڕۆکەخانەکان” وەک خاڵە گرنگەکان ڕادەستی دیمەشق دەکرێن.
فەرمانبەرانی کورد تەنیا لە ڕۆڵی چاودێریدا (وەک فەرمانبەری دەوڵەت) دادەمەزێن؛ داهات و مافی تەسەڕوف کردن بە تەواوی لە ژێردەستی حکومەتی ناوەندییە. ئەمەش سەربەخۆیی ئابووری ڕۆژئاوای کوردستان لەناو دەبات و سەرچاوەکان لە ژێر کۆنترۆڵی ناوچە کوردستانییەکان وەردەگرێت و دەیانخاتە دەستی دەوڵەتی سووریا!
تێکەڵکردنی سەربازی:
تێکەڵبوونی شەڕڤانانی هەسەدە وەک “پێکهاتەیەکی دەستەجەمعی” نییە، بەڵکوو بە شێوەی تاک ڕێگا دەدرێت بڕۆنە ناو سوپای سووریا – ئەمە وەکوو “هێڵی سوور” پێشکەش کرا. لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە هێزەکانی هەسەدە وەک “سێ فیرقەی جیا” سەرلەنوێ ڕێکدەخرێنەوە و لەژێر فەرماندەیی ئەفسەرانی کورددا دەمێننەوە. بەڵام لەژێر زنجیرەی فەرماندەیی سوپای عەرەبی سوریادا دەبن. ئەمە مۆدێلێکە هاوشێوەی پشکی کورد لە عێراقدا: سوپا وەک “سوپای عێراق” دەمێنێتەوە، کورد لە پشکەکەدا نوێنەرایەتی دەکرێت، بەڵام سوپای سەربەخۆی کورد نامێنێت. بەڵام ئەزموونی باشووری کوردستان لەبەردەمماندایە؛ هەروەها فیدراسیۆن هێزی خۆی هەیە کە ئێمە پێی دەڵێین “هێزی پێشمەرگە”. لە ڕۆژئاوای کوردستان داخوازییەکی لەو شێوەیە نابێت. هەرچەندە پێدەچێت یەکپارچەیی ناوخۆیی هەسەدە پارێزراو بێت – لە واقیعدا، تەسلیمبوون بە سوپای سووریا بەرنامە بۆ داڕێژراوە. لێرەدا وشەی “ئەنتەگراسیۆن” بە ئەنقەست وەک ئامرازێک بۆ فریودان بەکارهاتووە. لە پشت ئەم داواکارییەوە، دەوڵەتی تورک ماوەیەکی زۆرە لە ڕێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە و بە پەیام و نامە و تێلەکۆنفڕانس و دیدار لەگەڵ کادیرانی ئاپۆچیدا فشاری مەعنەویی هێناوە و دەیهێنێت! بەیاننامەکەی باراک (“ڕۆڵی هەسەدە لە دژی داعش بەسەرچووە”، “گەورەترین دەرفەت بۆ کورد تێکەڵبوونە بە سووریا”) ئەوە دەردەخات کە ئەمریکا دەستبەرداری هەسەدە دەبێت و ڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە داواکارییەکانی تورکیا دەکات.
2- مەترسییە ئەمنییەکان:
هەتەشە و پاشماوەکانی داعش و شەپۆلی نوێی هێرشەکان!
هێرشەکانی ناوچەکە “شەڕی کورد و عەرەب” نین؛ ئێمە ڕووبەڕووی بزووتنەوەیەکی هاوشێوەی داعش دەبینەوە کە لە ژێر ناوی هەتەشە (هەیئەی تەحریر ئەلشام) خۆی ڕێکخستۆتەوە. هەڕەشەی هێرشی میلیشیاکانی تورک و عەشیرەتە عەرەبەکان کە پێشتر لەگەڵ داعش بوون – دواتر پەیوەندییان بە هاوپەیمانی هەسەدەوە کرد – لە زیادبووندایە.
هەڵهاتووانی داعش و شانە نوستووەکان:
ڕاپۆرتی هەڵاتنی ئەندامانی داعش لە کەمپەکانی وەک ئەلهۆڵ، زیندانی شەدادییە بڵاو دەکرێنەوە (سەدان هەڵاتن لە مانگی یەکی ساڵی 2026). شانە نوستووەکان، لەگەڵ لقەکانی هەتەشەدا دەبنە یەک و ئامادەکاری بۆ کۆمەڵکوژییەکی نوێ دەکەن. ئەم هەڕەشەیە تەنیا بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە سنووردار نییە؛ بەڵکوو هاوکات باشووری کوردستان و عێراقیش تەهدید دەکات.
ڕۆڵی هەتەشە:
ئەحمەد شەرع سەرۆکی هەتەشە، سەرەڕای قسە و باسەکانی دژی داعش، بەڵام لە پراکتیکدا توخمە ڕادیکاڵەکانی تێدایە. هێرشەکان بۆ لاوازکردنی هەسەدە بۆ “خێرایی لە تێکەڵکردن” بەکاردەهێنرێن. ئاگربەست لەسەر زەوی ڕەچاو ناکرێت؛ گەمارۆدان و شەڕ لە ناوچەکانی وەک حەسەکە، ڕەققە، تەبقا و کۆبانێ بەردەوامە.
هەڵسەنگاندنی گشتیی و دەرئەنجام!
ئەم پرۆسەیە وانیشان دەدات کە چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان لە دەستی کورد دەردەهێنرێت:
– ئۆتۆنۆمی سیاسی و ئیداریی دیفاکتۆ کۆتایی دێت.
– سەرچاوە ئابوورییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ژێردەستی دەوڵەتی ناوەندی.
– هێزی سەربازی سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات، ڕادەستی سوپای سووریا دەکرێت.
– هەڕەشە ئەمنییەکان (هەتەشە + پاشماوەکانی داعش + ئەو میلیشیایانەی کە دەوڵەتی تورک پشتیوانییان لێدەکات) لە زیادبووندان و مەترسییەکانی کۆمەڵکوژییەکی نوێ زیاتر دەبن.
پشتیوانیکردنی ئەمریکا لە هەسەدە وەک “هاوبەشێکی مێژوویی” (لە ڕێگەی باراکەوە) ڕەتکرایەوە و ئێستا پاڵپشتیکردن لە دیمەشق پەیوەستە بە زەختی تورکیا و گۆڕینی پراگماتیکیی هەتەشەوە؛ هەوڵدەدرێت کورد لەژێر ناوی “ئەنتەگراسیۆن”دا تەسلیم بکرێت. ئەمەش لە درێژخایەندا سەرجەم دەستکەوتە سیاسییە چاوەڕوانکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەخاتە مەترسییەوە و ڕێگە بۆ سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا خۆش دەکات.
واقیعیترین ڕێگا بۆ کورد:
بنیاتنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت لە ئەمریکا و ئەوروپا)، نەهێشتنی تەواوەتی پەکەکە لە ناوچەکە و یەکگرتوویی ناوخۆ (لە نێوان گرووپە جیاوازەکانی کورد) و پتەوکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، پێشوازیکردن لە هێزی پێشمەرگەکانی ڕۆژ بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان و بەشداریکردن لە بەرگریکردن لە ناوچەکە. بەڵام لە دینامیکی ئێستادا هاوسەنگی لە میحوەرەکەی تورکیا- سووریا-ئەمریکادا دەگۆڕێت و ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە پێگەی سەربەخۆی ڕۆژئاوای کوردستان دەهێنێت.
کورد دەبێت کاریگەرییەکی گەورەی لۆبیکردن لەسەر کۆنگرێسی ئەمریکا دروست بکات و دۆستەکانی خۆی بهێنێتە مەیدان بۆ ئەوی ڕۆڵیان هەبێت. بۆ ڕێگریکردن لەم دۆخە نەخوازراوە، خولقاندنی پشتیوانییەکی بەهێز لە پشت کاک مەسعوود بارزانی – کە وەکوو پێشمەرگەیەکی هێژا- لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ئەورووپادا هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی بناغەیەکی حەیاتی بۆ گەلی کوردستان. ئەم کارە نابێ بۆ پەکەکە و میلیشیاکانی دەوڵەتی تورک و ئەوانەی ژێر فەرمان ئەودا و میدیاکانیدا بەجێبهێڵرێت.
شەیخمۆس ئۆزەنگین
23/1/2026