کورد لە سووریا: فریودانی تیئۆریک لە تاقیکردنەوەی واقیعدا

دۆزی کورد کۆتایی نەهاتووە، بەڵام بە سەختترین قۆناغەکانیدا تێدەپەڕێت و ئەوەی داهاتووی دیاری دەکات، بڕیارەکانی دیمەشق یان واشنتۆن نییە، بەڵکو ئەو بڕیارەیە کە کورد بۆخۆی دەیدات؛ ئایا دەگەڕێنەوە بۆ یەکڕیزی، یان لەسەر باجدان بە وەهمی تیئۆریک بەردەوام دەبن؟
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
ئەوەی ئەمڕۆکە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوودەدات، هەر لە کۆنترۆڵکردنی کەمپی هۆڵ لەلایەن حکومەتی سووریاوە تا کشانەوەی هەسەدە لە چەندین خاڵی گرینگ و ئاڵۆزییەکان لەسەر ڕاگرتنی شەڕ، نابێت وەک ڕووداوی جودا لەیەکتر خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
بەڵکوو ئەمە دوایین ئەڵقەی زنجیرەی داڕمانی پڕۆژەیەکە کەوا لەسەر خەیاڵێکی سیاسی و وەهمێکی فیکری بنیات نراوە.
ئەوەی ئێمە ئێستا دەیبینین، ساتەوەختێکی ڕاستییە کە پەردە لەسەر کەلێنی قووڵی نێوان گوتار و بارودۆخی ڕاستەقینەی هێز هەڵدەماڵێت.
پڕۆژەی بەڕیوەبەریی خۆسەر، بۆ ماوەیەکی زۆر وەک مۆدێلێکی دیموکراتیکی بێ بەدیل لە سووریا پێشکەش دەکرا، کە لەسەر بنەمای بیرۆکەی دیموکراسیی گەلان و پێکەوە ژیانی گەلان دامەزرابوو. هەرچەند ئەم گوتارە دانپێدانانێکی کاتیی نێودەوڵەتیی وەرگرت و شەرعیەتێکی میدیایی و سیاسیی بە بەڕێوەبەریی بەخشی، بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییە سەلماندیان کە ئەم شەرعیەتە لەسەر کۆڵەکەی نەتەوەیی پتەو، دانەمزرابوون، بەڵکوو لەسەر هاوسەنگی نێودەوڵەتیی بەشێوەیەکی لاواز و کاتی بنیات نرابوو.
کۆنتڕۆڵکردنی ئۆردوگای ئەلهۆڵ لەلایەن دیمەشقەوە، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین کێشە ئەمنییەکانە لە ناوچەکەدا، بە کردەوە بە واتای گواستنەوەی یەکێک لە گرنگترین کارتەکانی هێزە لە دەستی کوردەوە بۆ دەستی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا. کەمپەکە تەنها شوێنی کۆبوونەوەی خێزانەکانی داعش نەبوو، بەڵکوو کارتێکی گرینگ و کاریگەری دانوستاندن بوو. کاتێک ئەم کارتە لەدەست دەچێت، بەشێکی زۆر لە هێز و توانای کاریگەرییش لەدەست دەچێت. لێرەدا بەهای ئەو سیاسەتە ئاشکرا دەبێت، کە لەبری هێزی خۆی، پشت بە جیهانی دەرەوە دەبەستێت.
هەروەها گواستنەوەی دیلەکانی داعش لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق و کەمکردنەوەی پاڵپشتی مەیدانی بۆ هەسەدە، ڕاستییەک ئاشکرا دەکات کە لە مێژە پشتگوێ خراوە: هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان پڕۆژەی نەتەوەیی بنیات نانێن، بەڵکوو بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن. هەرکاتێک بەرژەوەندییەکان دەگۆڕدرێن، هاوپەیمانان دۆستەکانیان بۆ چارەنووسێکی نادیار بەجێدەهێڵن.
هەر پرۆژەیەک کە لەسەر بنەمای یەکگرتوویی ناوخۆیی کورد دانەمەزرابێت، لەگەڵ یەکەمین گۆڕانکاریی نێودەوڵەتیدا، مەحکوومە بە داڕمان.
ناکۆکییەکانی لەسەر ئاگربەست و تۆمەتەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکان، نیشانەی ئەوەن کە ڕێککەوتنەکانی ئێستا چارەسەری مێژوویی نین، بەڵکوو ڕێکخستنی کاتین بۆ جێبەجێکردنی قۆناغێکی ئینتقالی کە ئامانجیان ئەوەیە بەرە بەرە کۆتایی بە نفوزی کورد بهێنن. ئەوەی پێی دەوترێت ئەنتەگراسیۆن (تێکەڵبوون)، لە ڕاستیدا سەپاندنی کۆنترۆڵی دەوڵەتی ناوەندییە.
ئەگەر سەرکردایەتی کورد بگەڕابایەوە بۆ ڕێککەوتنەکانی دهۆک و هەولێر و لەبری تاکڕەوی ڕێگای یەکڕیزیی هەڵبژاردبا، دۆخەکە زۆر جیاوازتر دەبوو. ڕێککەوتنەکە دەرفەتێک بوو بۆ بنیاتنانی بەرەیەکی نەتەوەیی ڕاستەقینە کە هەموو حیزبەکان و هێزە سەربازییەکان لە ژێر یەک سەقفدا کۆبکاتەوە. بەڵام بەداخەوە لەپێناو پرۆژەیەکی بەرتەسکدا پشتگوێ خران کە لەسەر پاوانخوازیی حیزبی و گوتاری تیئۆریک (فکری) دانرابوو.
لێرەدا جەوهەری ئەم وەهمە دەردەکەوێت: باوەڕهێنان بەوە کە برایەتی گەلان و دیموکرسی گەلان، دەتوانن جێگەی هزری نەتەوایەتی بگرنەوە.
دیموکراسی گەلان وەک بەدیلێک بۆ داخوازی فیدراڵی و “مافە دەستوورییەکان” پێشکەش کرا.
بەڵام چ دیموکراسییەک دەتوانێت گەلێک بپارێزێت، ئەگەر دانپێدانانی سیاسی ئاشکرا نەبێت؟
چ دادپەروەرییەک لە سایەی دەوڵەتێکدا بەدی دێت، ئەگەر گەرەنتی دەستووری بۆ زمان و کلتوور و بەڕێوەبەری نەبێت؟
ڕووداوەکانی ئەم دواییە، لە ڕادەستکردنی کەمپەکانەوە تا لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەمنی، ئەوە دەسەلمێنن کە هەر پڕۆژەیەک جەوهەری ناسنامەی نەتەوەیی تێدا نەبێت، دەگۆڕدرێت بۆ ئیدارەیەکی کاتی و بێ داهاتوو.
ئەمڕۆکە کورد نەک هەر سەنگەرەکانیان لەدەست دەدەن، بەڵکوو بەهۆی نەبوونی ڕوانگەیەکی نەتەوەیی ڕوونەوە، کارتەکانی دانوستان وبوارەکانی دەسەڵاتیش لەدەست دەدەن.
کێشەکە لە هزری پێکەوەژیاندا نەبوو، بەڵکو نەبوونی بڕبڕەی پشتی نەتەوەیی (العمود الفقری) بوو. بەبێ بنکەیەکی یەکگرتووی کوردی، هیچ پڕۆژەیەکی فرەلایەنە سەرکەوتوو نابێت.
یەکگرتوویی دروشمێکی سۆزداری نییە، بەڵکو مەرجێکی مانای سیاسییە.
کاتێک بڕیاردانی کورد دابەش دەبێت، بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت، بە ئاسانی پەراوێز دەخرێت و بە ئاسانی تێکدەدرێت.
بەرخۆدانی ئێستا پێویستی بە سەرکردایەتی سەربازی نییە، بەڵکو بەرخۆدانی هۆشیارییە: بەرخۆدانێکی (ڕێکخراوەیی، سیاسی، مەعریفی)یە کە ماڵی کورد لە ناوەوە ئاوەدان بکاتەوە.
ئەمڕۆ داوا لە گەلی کوردستان دەکرێت کە لەپێناو دۆزی خۆیاندا پاڵپشتی یەکتری بن، نەک تەنها وەرگری ئەو بڕیارانە بن بەناوی ئەوانەوە دەدرێن.
ئەوەی ئەمڕۆکە لە سووریا دەگوزەرێت، ڕاستییەک دەردەخات: سەردەمی پڕۆژە لێڵ و بێ ڕەنگەکان کۆتاییان هاتووە. یان پڕۆژەیەکی نەتەوەیی ڕوون کە داوای فیدرالیزم و لامەرکەزیی دەستووری بکات، یان چارەسەرێکی وردە وردە لەناو دەوڵەتی ناوەندیدا. ڕێگای سێیەم بوونی نییە.
دۆزی کورد کۆتایی نەهاتووە، بەڵام بە سەختترین قۆناغەکانیدا تێدەپەڕێت و ئەوەی داهاتووی دیاری دەکات، بڕیارەکانی دیمەشق یان واشنتۆن نییە، بەڵکو ئەو بڕیارەیە کە کورد بۆخۆی دەیدات؛ ئایا دەگەڕێنەوە بۆ یەکڕیزی، یان لەسەر باجدان بە وەهمی تیئۆریک بەردەوام دەبن؟