بۆ یەکێتییەکی بەرفراوان چی پێویستە؟ هاک ـ پار و پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان

لە ئێستادا باخچەلی و ئۆجەلان بە هەموو هێزی خۆیانەوە کار بۆ لەناوبردنی کورد دەکەن، دەبێ ئێمەش بە هەموو هێزمانەوە کاربکەین بۆ ئەوەی کورد لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت و مافە ڕەواکانی خۆی بەدەست بهێنێت…
✍️ بووبێ ئەسەر
واباشە مرۆڤەکان هەندێک جار بگەڕێنەوە بۆ مێژوو، هەروەها خراپ نیە کە مرۆڤەکان هەندێک جار شتەکان دووبارە بکەنەوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا لە نێو نەتەوە و دەوڵەتانی داگیرکراودا گرنگە. چونکە گەلەکەیانیان فامکوێر کردوە. هەر بۆیە دووبارەکردنەوەکانیش پێویستن. من ئێستا ئەم کارە دەکەم.
وەک دەزانرێت لە دوای ساڵی 1980 لە تورکیا و بە تایبەتی لە باکووری کوردستان هەموو شتێک سەراوبن کرا. نە حورمەت و ئەرزش و نە هێژایەتی و هەڵوێست هیچیان نەهێشت. ئامانج لەمەش ئەوە بوو کە پرسی کورد سەرکوت بکەن و لەناوی ببەن. ڕۆحیەتی کوردستانی، ئیرادەی کارکردن و خەباتی سیاسییان لەناوبرد، واتە کوشتیان.
هەر بۆیە بە پلان و پڕۆژە زیندانی دیاربەکریان کردەوە. وەک تاقیگەیەک بەکاریان هێنا بۆ ئەوەی کورد لە ناسنامەی کوردستانیبوونی خۆیان دوور بخەنەوە. بەڕای من لە زۆر ڕووەوە سەرکەوتووش بوون.
چونکە لەو تاقیگەیەدا تێگەیشتن کە چۆن دەتوانن هەڵوێست و بەرخۆدان و ڕۆحی خەباتگێڕانە لەناو ببەن. ئەمە ئامانجی سەرەکییان بوو. هەروەها لە ڕێگای پەکەکەی خۆیانەوە خەباتی چەکدارییان دەستپێکرد. بۆ ئەوەی ئەو قارەمانانەی کە لەناو ئەو تاقیگەیەدا بەرگرییان کرد و تەسلیم نەبوون، واتە نەتواندرا تەسلیم بکرێن. لە زیندان ئازاد کران و بە هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەت ڕەوانەی ناو ڕیزی گەریلاکانی پەکەکە کران.
مەبەست لەم کارە ئەوە بوو کە ئەوانەی لە زینداندا خۆیان تەسلیم نەدەکرد، لەوێ خۆیان ڕادەست بکەن بۆ ئەوەی ببنە موریدی زەلامەکەی ئەوان کە عەبدووڵا بوو. یانیش لەلایەن پیاوانی میت (هەواڵگریی تورکیا) کە وەک شەڕڤان لە ناو پەکەکەدا جێگیر ببوون، دەکوژران. بە واتایەکی تر کردنەوەی زیندانی دیاربەکر و شەڕی پەکەکە وەک دوو تاقیگە بوو بۆ لەناوبردنی کورد. یەکێکیان ئەوە بوو کە دەیانهەویست زیندانییەکان بە کوشتن و ئەشکەنجەدانیان لە زینداندا، بکرێن بە تورکی باش و ئەوی دیکەش ئەوەیە کە لە چیاکاندا بەناوی شەڕ لەپیناو ئازادیدا، مرۆڤە قارەمان و زیرەک و زانا و تێگەیشتووەکانیان کوشت و دەکووژن.
لە تورکیا و باکووری کوردستان لە سایەی “بکور نادیار”، واتە بکوژانی قەساس نادیار، کە زۆربەیان زەلامی قووڵی دەوڵەتی تورک و پەکەکە بوون. پێکەوە کەسایەتییەکانی کورد و ئەو کادیرانەی کە دەستبەسەر نەبوون، زۆربەیان کوژران یان بە کوشتن دەدران.
لە لایەکی دیکەوە لە بواری دیموکراتیکدا دەوڵەتی تورک و هەدەپە (پارتی دەمی ئێستا) پێکەوە کاریان کرد بۆ ئەوەی لە گردبوونەوە یان خۆپیشاندانەکانی هەدەپەدا کەسانی خاوەن هەڵوێستی کورد بخەنە پێشەوە و لە ئەنجامدا زۆربەی ئەو کەسانەش یان گیراون یان کوژراون. زۆربەی ئەوانەشیان کە دەستبەسەرکران، دوای ئازادبوونیان لە زیندان بوون بە پیاوی دەوڵەتی تورک و ئێستا ئیدی لەسەر چالاکییەکان لە ئەوروپا و کوردستان ڕاپۆرت بە تورکیا واتە میت دەدەن.
ئامانج لەم کارەی هەردوو لایەنی قووڵ، بێدەنگکردنی کورد و سەرخستنی فرکە قووڵەکانی عەبدوڵڵا [ئۆجەلان] بوو. من باوەڕم وایە لەم ڕووەشەوە سەرکەوتوو بوون. هەندێک لەو کەسانەی کە لە زینداندا بوون بە پیاوی دەوڵەتی تورک، ئێستاش چ لە ئەوروپا و چ لە کوردستان لە نێو ئێمەدان. چیرۆکەکە درێژە و نامهەوێت زۆرتان کات بگرم.
با بگەڕێینەوە بۆ دۆخی ئێستای باکووری کوردستان:
هەردوو لایەنی قووڵ (دەوڵەت و پەکەکە) کار و بزاڤ و چالاکییەکانی کوردیان گەیاندە لێواری مەرگ. واتە باوەڕیان وابوو لەمەودوا هەموو شتێک وەک ئەوە دەبێت کە ئەوان دەیانهەوێ، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. چوونکە باشووری کوردستان بە سەرکردایەتی بارزانیەکان ئازادی و فیدراسیۆنی بەدەستهێنا. ئەمەش بۆ هەموو کورد هێژایەتی و نەمردن بوو. هەبوونی باشووری کوردستان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە لە تورکیادا هەندێک کەناڵی دیموکراتیک بکرێنەوە.
یەکێک لەو کەناڵانە کردنەوەی پارتە سیاسییەکان بە ئاشکرایی بوو. ئامانج لەمەش ئەوە بوو کە دوای شەڕی چەکدارانە، پەکەکە و دەوڵەت دەیانهەویست کورد بە شێوەیەکی دیموکراسیانە تێکەڵ بە تورکیا بکەن، واتە بیانکەن بە تورک. واتە کوردەکانیش وەک زۆر کەمەنەتەوەی دیکە بکەن بە تورک.
بەڵام کورد و بە تایبەتی کاک کەمال بورکای زۆر زوو لەم پلانە تێگەیشت. بۆیە بیر و ڕامان و ڕێنماییەکانی کاک کەمال بورکای ئەگەرچی کەم و لاوازیش بووون، گەلی کوردی لەبەرامبەر ئەو هەموو توندوتیژییانەدا بە بێ ئەڵتەرناتیڤ نەیهێشتەوە. هەروەها لە بواری دیموکراتیکدا لە سایەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی لەو قۆناخەدا کە ئێستا “هاک ـ پار”ـە، ترووسکایەک هەبوو کە هەمیشە تاریکایی بەردەم گەلی کوردی ڕۆشن دەکردەوە. ماڵیان ئاودان بێت کە لە سایەی ئەو ترووسکاییەوە، مانەوە و پاراستنی نەتەوەی کورد لە تێکچوون و لەناوچوونی یەکجاریی، پارێزراو بووە.
ئێستاش دەبینین لە سایەی هەوڵە دیموکراتیکەکانیانەوە کە خۆین وەک هێڵی کەمال بورکای دەبینن، تا ئەمڕۆش ماندوونەناسانە درێژەیان بە کارەکانیان داوە. بەڵام بەشێک لە کوردەکان ئەمە نابینن یان نایانهەوێت بیبینن. ئەمڕۆ ئەنجامەکانی دەبیندرێن. بۆیە بە هۆی هەوڵە دیموکراسییەکانیانەوە کورد لە باکووری کوردستان بێ بەدیل نەمایەوە.
جێگای داخە کە هەر لەو کاتەدا کە هاک-پار ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بوو بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی بەدیل، هەندێک خێرنەخواز کردیان بە دوو بەش، یان دوو پارچە و ئەو هەنگاوانەی کە بەرەو بەدیلێکی باش هەڵدەگیران، کز و لاواز بوون.
لەسەر بنەمای کردنەوەی پارتە ئاشکرا و دیموکراتیکەکان، ئەمڕۆ دەبینین کە زۆر حیزبی ئاشکرا لە باکووری کوردستان دامەزران ک یەکێک لەوانە پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بوو.
بە کردنەوەی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، هێڵێکی نوێ و بیروباوەڕێکی تازە، بناغەی خۆی یان با بڵێین تۆی خۆی لەسەر خاکی داگیرکراوی کوردستان چاند و هیوایەکی بەهێز و باوەڕێکی دەلالیان بەو کەسانە بەخشی کە خۆیان بێهیوا لە هەبوونی ئاڵترناتیڤێکی گونجاو دەبینی.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستانیش بە پێی توانای خۆی کاری باشی کرد و هەوڵی جوانی دا و بەردەوامیشە، بەڵام بەس نییە. بە تایبەتی ڕێزدار مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو حیزبەوە هەتا ئێستا هیچکات ڕانەوەستاوە و ئەوەی لەدەستی هاتبێت، کردوویەتی. لەناو پارتی وڵاتپارێزانیشدا هەندێ کادیری بەنرخ وەک جانۆ ئامادی جێگری سەرۆکی PWK و چەندانی تر پێکەوە کاری باش دەکەن. بەڵام زۆربەی ئەندامانی مەجلیس و بەشێک لە کادیرە بەساڵاچووەکانیان، هەم لەبەر ترسی پەکەکە و هەم لەبەر ئەوەی کە زۆرێکیان لاوازن، چالاکییەکی ئەوتۆیان نیە و ناچالاکن. ئەم دۆخە لە زۆربەی پارتە کوردستانییەکاندا هەیە.
بەڵام ڕێزدار مستەفا ئۆزچەلیک هەرگیز نەوەستاوە. لەم کاتە سەختەدا نزیکەی هەموو ڕۆژێک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کوردستانیدا، لە ڕێگەی کۆنفڕانس و کۆبوونەوەکانەوە، دۆخەکە ڕوون دەکاتەوە. بە ڕوونی و ڕاشکاوانە لێکدانەوە و بیروڕا و ڕوانگەکانی PWK بۆ ڕای گشتی دەردەبڕێت و لەسەری دەنووسێت.
ئەندامانی مەجلیسیش لەبری ئەوەی کە لەسەر بیروڕا و ڕوانگەکانی بەڕێز مستەفا ئۆزچەلیک بنووسن و بۆچوونی خۆشیانی لەسەر زیاد بکەن، تەنیا بە هاوبەشکردنی نووسینەکانی خۆیان قەتیس دەکەن. ئەمەش بۆ حیزبێکی چالاک ناکرێ. بە واتایەکی تر بە بزوێنەرێکی لاواز ناتوانرێ ئۆتۆمبێلێک لێبخوڕێت.
ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەندامانی مەجلیس و کادیرانی PWK ئەوەیە کە ڕوانگە و بۆچوونەکانیان بۆ کاری سەرکردەکەیان زیاد بکەن بۆ ئەوەی حیزب بەو بۆچوون و بیروڕایانە لە نێو خەڵکدا جێگەی خۆی بگرێت. دەزانین کە تەنها بە گوڵێک بەهار نایەت، بەڵام نیشانەی هاتنی بەهارە.
قسەی کۆتایی:
لە نێو هەموو لایەنە سیاسییەکانی وەک هاک-پار و PWKدا، کەمتەرخەمی، کەمکاری و جێبەجێنەکردنی ئەرکە پێئەسپێردراوەکان، هەیە. ئەمە تەنها لای ئەوان نییە. بەڵام هاک-پار و PWK، بۆ ئەوەی کە ببن بە حیزبێکی چالاک و ئازا، پێویستە بە زووترین کات هێزی خۆیان، تواناکانیان و مێشکیان بەهێزتر بکەن. بیروباوەڕەکانیان یەکبخەن تا بە هەوڵێکی بوێرانە و نەتەوەیی لە باکووری کوردستان خەباتی سیاسی بکەن بۆ ئەوەی کە ئەڵتەرناتیڤێکی نەتەوەیی پێکبهێنن.
لەم دۆخەدا و بەم لاوازییە باوەڕم پێ بکەن هەموومان پێکەوە لەناو دەچین. ئەم شکستهێنانەش ئەنجامەکەی دەبێتە ئەوەی کە کەس نەتوانێت تەنانەت بۆ سەد ساڵیش کورد ئازاد بکات. لەسەر ئێمە کوردانی باکووری کوردستان واجبە و زەروورییە کە هێزەکانمان یەکبخەین. با سەرەتا لە HAK-PAR و PWK بێت، ئەوکات حیزب و لایەن و تاک و کەسایەتییەکانی دیکەش دەتوانن لەو یەکیەتییەدا بەشداربن. بەڵام دەبێت لە شوێنێکەوە دەست پێ بکەین.
چونکە ئێستا باخچەلی و عەبدوڵڵا [ئۆجەلان] بە هەموو هێزی خۆیانەوە کار بۆ لەناوبردنی کورد دەکەن. دەبێ ئێمەش بە هەموو هێزمانەوە کاربکەین بۆ ئەوەی کورد لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت و مافە ڕەواکانی خۆی بەدەست بهێنێت…