دوای داڕمانی دیواری زیندانەکان… ئاسۆی چارەسەری چییە؟

دوای داڕمانی دیواری زیندانەکان... ئاسۆی چارەسەری چییە؟

“ئێمە ڕەگ و ڕیشاڵی ئەم خاکەین، سووریای داهاتووش بەبێ دەستەبەربوونی مافە ڕەواکانمان سووریایەکی سەقامگیر نابێت”.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

ئەو بوومەلەرزە سیاسییەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سووریا ڕوویدا، ڕووداوێکی هەڕەمەکی و گوزەرا نەبوو، بەڵکوو مانشێتی پەیامێکی کراوە بوو بۆ هەموو هێزە زیندووەکانی ئەم وڵاتە و لە سەرووی هەمووشیانەوە بۆ ئێمەی کورد.

دەرگای زیندانەکان بەشێوەیەکی ئاڵۆز شکێنران و هەزاران کەسی توندڕەو بەرهەڵدای سەر شەقامەکان کران، ئەمەش ڕاستییەکی تاڵیان ئاشکرا کرد: ئەو دەوڵەتەی سووریا کە بانگەشەی نوێبوونەوە دەکات، هێشتا لەسەر قاچێکی لەرزۆک وەستاوە، ئیرادەی شکستی هێناوە و دەسەڵاتەکەی زۆر بچووکە و توانای کۆنتڕۆڵکردنی بچووکترین دۆسیەی نیە.

ئەم واقیعە، کورد دەخاتە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییەوە، کە بەهیچ شێوەیەک دوودڵیی تێدا قبووڵ ناکرێت.

ساڵانێکە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان خەبات دەکات بۆ ئەوەی مۆدێلێکی جیاواز پێشکەش بکات، مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری و دامەزراوە ئەمنییەکان و گوتارێکی شارستانی و هاوبەشی لەگەڵ پێکهاتەکان بنیات بنرێت.

بەڵام ئەوەی ڕوویدا، زەنگێکی مەترسیدار بوو کە هەموو ئەو خانووانەی دروستمان کردوون ئەگەر دیوارێکی سیاسی یەکگرتوو و ستراتژییەکی نەتەوەیی لە پشت نەبێت، بە بایەک دەلەرزن.

پێویستە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئەم پێشهاتە ئاڵۆزە بکەین:

یەکەم: پشت بەستن بە بەڵێنەکانی حکومەتی ناوەندی قومارکردنە بە چارەنووسی نەتەوەیەک: حکومەتێک کە نەتوانێت کۆنترۆڵی دەرگای زیندانێک بکات، سبەی ڕۆژ چۆن دەتوانێ مافی میللەتێک یان ئاسایشی جوگرافیایەک دابین بکات؟

بۆیە داوای فیدرالیزم یان لامەرکەزییەکی بەرفراوان، لوکسێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ئەمڕۆکە بووەتە پرسی مان و نەمان و ئاسایشی نەتەوەیی.

دووەم: گەورەترین مەترسی لاوازیی سووریا نییە، بەڵکو ئەو خەنجەرە ژەهراویەیە کە ئەنقەرە زۆری حەز لێیە بەکاری بهێنێت: تورکیا هەموو ئاڵۆزییەک لە سووریا بە دەرفەتێک بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد دەبینێت. تورکەکان هەوڵ دەدەن ئەم ئاژاوەگێڕییە بکەنە پردێک بۆ دەربازبوون و سەپاندنی واقیعێکی نوێ. قۆناغی داهاتوو قۆناغی داڕمانی سۆزدارییە و بژاردەکانیش کەمن.

سێهەم: لەم گێژەڵووکەیەدا کورد دەرفەتی نازداریی سیاسی و دووبەرەکێی نییە مەترسییەکە ئەگەر هات ناسنامە حزبییەکان لێک جیا ناکاتەوە: پیرۆزترین ئەرک لەم کاتەدا یەکخستنی ناوماڵی کوردە (سیاسی و ئەمنیەتی و میدیایی). هەر درزێک لە دیوارەکەی ئێمەدا، دیارییەکە کەوا لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەش بە دوژمنەکانمان دەکرێت.

چوارەم: بەستنەوەی هێڵە ستراتژیکەکان لەگەڵ هەرێمی باشووری کوردستان: سەرەڕای هەموو تێبینییەک، هەرێمی کوردستان قووڵایی ستراتژیی ئێمەیە و پەناگەی ئێمەیە. کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی هەولێر و بەکارهێنانی قورساییە دیپلۆماسییەکەی، قەڵغانێکی زەروورییە لە بەرامبەر ئاژاوەگێڕییەکانی تورکیا و بێسەروبەریی سووریادا.

پێنجەم: پاراستنی عەقڵیانەتی گوتاری کوردی: نابێت ڕێگە بدەین هەست و سۆز ئێمە بەرەو زەلکاوی ڕەتکردنەوە و قسەی ڕق و کینە لە دژی عەرەب یان هەر پێکهاتەیەکی تر ببات. هێزی ئێمە لەوەدایە کە هەڵگری پەیامی پێکەوەژیانین. هەر گرژییەک لە گوتاردا، دەبێتە بیانوویەک لە دەستی دوژمناندا.

شەشەم: چەسپاندنی پێگەی خۆمان لەسەر زەوی: بەهێزکردنی دامەزراوەکان و خزمەتکردنی گەل، کارتەکانمان لەسەر مێزی دانوستان بەهێزتر دەکات. سیاسەت تەنها دروشم نییە، سیاسەت بەڕێوەبردنی ژیانی خەڵکە.

دوا خاڵ و گرنگترین خاڵ:

ئیدی کاتی ڕێگاچارەسەری تەرقیعی و کاتی بەسەرچووە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە هەر ڕێککەوتنێک بەبێ گەرەنتی دەستووری، وەک خانوویەکی سەر ئاو وایە. دەبێ داخوازییەکانمان ڕوون و بێ پێچ و پەنا بن:

دانپێدانانی دەستووری بە مافەکانی گەلی کورد لە سووریایەکی فیدراڵی و دیموکراتیکدا

پێویستە گەلەکەمان و جەماوەر بە دروستی تێبگەن: نەخشەی سووریا ئێستا لەسەر مێزەکەیە و سەرلەنوێ دەکێشرێتەوە. هەرکەسێک لەسەر مێزەکە جێگای خۆی نەکاتەوە، دەخرێتەو دەرەوەی مێزەکە و بڕیاری لەسەر دەدرێت. ئەوەی پێویستە هاوار و گۆرانی وتن نییە، بەڵکوو پلان و ڕێکخستن و ئیرادەیەکی پۆڵایینە.

لە ئەنجامدا:

ئەم فەوزایای دوای شکاندنی زیندانەکان، نیشانەی لاوازی دۆزی ئێمە نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە بژاردەی خۆبەڕێوەبەریمان (سەرەڕای هەبوونی چەندین تێبینیی کوشندە، لەسەر ئەو جۆرە حوکمڕانییە تاکلایەنە)، تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی وڵاتەکە لە داڕمان. بەڵام ئەم دەرفەتە بەبێ یەکگرتوویی لەدەست دەچێت.

ئەمڕۆ دەبێت پەیامەکەمان بە کورتی و کرمانجی ئەمە بێت:

“ئێمە ڕەگ و ڕیشاڵی ئەم خاکەین، سووریای داهاتووش بەبێ دەستەبەربوونی مافە ڕەواکانمان سووریایەکی سەقامگیر نابێت”.

Share