درۆ گەورەکەی ئۆجەلان؛ “برایەتی گەلان”، بە ڕوونی لە ڕۆژئاڤادا ئاشکرابوو

ئۆجەلان و حیزبە هەڵوەشاوەکەی (پەکەکە)، دەیانهەوێت بە دەستەواژەی وەک “برایەتی گەلان” و “کۆمەڵگەی دیموکراتیک”، کورد مەحکووم بە ژێردەستەیی هەمیشەیی داگیرکەرانی کوردستان بکەن.
ساڵانێکە عەبدوڵڵا ئۆجالان دەستەواژەی “برایەتی گەلان” وەک بەدیلێکی پێشکەوتنخوازانە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی و نەتەوەپەروەریی کلاسیک بەرجەستە دەکات. لە ڕووکەشدا ئەم دروشمە بەڵێنی ژیانێکی یەکسان و ڕەتکردنەوەی ستەمی نەتەوەیی و یەکخستنی دڵخوازانەی گەلان دەدات. بەڵام ئەزموونی پراکتیکی ئەم ڕامانە، بەتایبەتی لە سووریا، بۆشاییەکی قووڵی لە نێوان قسە و کرداردا ئاشکرا کرد.
لە سووریا ئەو پڕۆژەیەی بە ناوی بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیک و برایەتی گەلان لە ژێر ئایدۆلۆژیای ئۆجەلاندا دەستنیشان کرا، بە کردەوە بووەتە هۆی فریودانی بەربڵاوی کورد و دامەزراندنی بونیادێکی بێ بنەما و وەهمی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.
ئۆجەلان زیاتر لە هەموو کەس دەزانێت کە پڕۆژەی برایەتی گەلان پڕۆژەیەکی لاوازە و کورد هەرگیز ناتوانێت لەم پڕۆژەیەدا مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات. بەپێچەوانەوە ئەگەر تەنانەت کورد دەسکەوتێکیشی هەبێت، بەدڵنیاییەوە بەم پڕۆژە سەقەتە لەدەستی دەدات، وەک چۆن لە ڕۆژئاڤای کوردستان بە چاوی خۆمان بینیمان. چوونکە هەرگیز ناتوانرێت برایەتییەکی ڕاستەقینە لە نێوان کورد و گەلانی دیکەی داگیرکەری خاکی کوردستاندا دامەزرێت، هیچ کوردێک جگە لەو کوردانەی کە بە ئایدۆلۆژیا سەقەتەکەی ئۆجەلان فریودراون، ناتوانێت عەرەبێک، فارسێک یان تورکێک وەک برای خۆی قبووڵ بکات، چونکە ئەو گەلانە داگیرکەری کوردستانن و هەرگیز قبووڵ ناکەن وەک برایەک لەگەڵ کورددا بژین. ئەوان هەمیشە دەیانهەوێت باڵادەست بن و کوردیش ژێردەستەی ئەوان بێت.
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا ئەم ڕاستییەیان بە ڕوونی دەرخستووە کە پڕۆژەکەی ئۆجەلان نەک هەر نەبووەتە هۆی چارەسەری پرسی کورد، بەڵکوو ئاستەنگی زیاتری لەسەر ڕێگای چارەسەرکردنی پرسی ڕەوای کورد دروست کردووە.
ڕێک ئەمە درۆی گەورەی ئۆجەلانە: گۆڕینی چەمکێکی جوان و مرۆڤدۆستانە بۆ ئامرازێکی ئیدئۆلۆژیک تا ڕەوایەتی بە باڵادەستیی سیاسیی حزبەکەی خۆی بدات. “برایەتی گەلان” کاتێک مانادارە کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازاد و فرەیی ڕاستەقینە و مافی ڕەخنەگرتن دامەزرابێت؛ نەک کاتێک کە ببێتە بەرگێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و وەدەرنانی ئەوانی تر. ئەزمونی سووریا دەریخست، بەبێ بوونی هێزی سەربازی ڕاستەقینە، هیچ دروشمێک، تەنانەت ئەگەر جوانترین دروشمیش بێت، جگە لە فریودانی گەل، هیچی تر نابێت.
ڕاستە کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان کە پەکەکە بۆ ڕازیکردنی عەرەب ناوەکەی گۆڕی بۆ “باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا”، ویستوویەتی لەژێر پەردەی ئەم درۆ گەورەیەی ئۆجەلاندا عەرەب بە برای خۆیان بزانن، دامودەزگاکانی ڕۆژئاڤا لەگەڵ ئەوان بەڕێوەببەن و هێزێکی سەربازیی یەکگرتوو لەگەڵیان پێکبهێنن، بەڵام عەرەبەکان ئەو کاتە کە لە تەنگانەدا بوون خۆیان کڕ کرد و وایان نیشان دەدا کە برایەتی گەلان و دیموکراسی گەلانیان قبووڵ کردووە، بەڵم هەر هەر کە هەستیان کرد کە لە تەنگانەدا نەماون و دەتوانن کوردان سەرکوت بکەن و خۆیان ببنە باڵادەست، یەکسەر دژی کورد وەستانەوە، خاکی کوردیان داگیرکرد، موڵک و ماڵی کوردیان تاڵان کرد، سوکایەتییان بە ژن و منداڵ و گەنجان و بەساڵاچووانی کورد کرد و دوژمنایەتی کردن لەگەڵ کوردیان ڕاگەیاند و ڕووی لوولەی تفەنگەکەیان کردە سینگی ڕۆڵەکانی کورد.
لە تورکیا و عێراق و ئێرانیشدا دۆخەکە هەر بەو شێوەیە، ئەم گەلانەی کوردستانیان داگیر کردووە، تەنها کاتێک برایەتی کورد قبووڵ دەکەن کە کورد ڕەعیەت و ژێردەستەیان بێت، ئەگینا کاتێک باس لە پرسی مافە ڕەواکانی کورد دەکرێت، وەک گورگی هار پەلاماری گەلی کورد دەدەن و دەیانکوژن و دەربەدەر و بێ ماڵ و حاڵیان دەکەن.
تاکە کەسێک کە دەبێ لەسەر ئەم ڕووداوانەی ڕۆژئاڤای کوردستان ڕەخنەی لێ بگیرێت و ئیدانە بکرێت، شەخسی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە نەک کەسی تر، چونکە ئۆجەلان و حیزبە هەڵوەشاوەکەی، دەیانهەوێت بە دەستەواژەی وەک “برایەتی گەلان” و “کۆمەڵگەی دیموکراتیک”، کورد مەحکووم بە ژێردەستەیی هەمیشەیی داگیرکەرانی کوردستان بکەن. هەتا کورد خۆی لەم ئایدۆلۆژییە پیس و قێزەونە ڕزگار نەکات، ناتوانێت هیچکام لە مافە نەتەوەییەکانی خۆی دەستەبەر بکات.