لە قوژبنی زیندانەوە بەرەو پێناسەکردنێکی نوێ بۆ نەتەوە

لە قوژبنی زیندانەوە بەرەو پێناسەکردنێکی نوێ بۆ نەتەوە

ئیمرالی شێوازی گوتاری ئۆجەلانی گۆڕیوە بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە نەگۆڕاوە؛ لە جیهانێکدا کەوا تەنیا ڕێز لە هێز دەگیردرێت، کورد چۆن دەتوانێ ببێتە خاوەن کیان و سەروەری؟

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

بەشی دووەم

وەرچەرخانی هزری سیاسی ئۆجەلان دوای دەستگیرکردنی

لە مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا، شکست تەنیا وەستانێکی کاتی نییە لەسەر ڕێگای خەبات، بەڵکوو زۆرجار خاڵیکی وەرچەرخانە کە تێیدا هزر و بیردانک و زمانی سیاسی سەرلەنوێ دروست دەکرێتەوە.

گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا، تەنها ڕووداوێکی ئەمنی گوزەرا نەبوو، بەڵکوو بوومەلەرزەیەکی مەعنەوی بوو کە پڕۆژەی کوردی لە بنەڕەت و ناوەوە هەژاند.

پێش ئەو قۆناغە، گوتاری ئۆجەلان لە سەر مەداری دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی کوردی وەک گەورەترین نیشانەی سەروەری و کەرامەت و سەلماندنی مێژوویی، دەسووڕایەوە. لە خەیاڵی دەستەجەمعیی کورددا دەوڵەت نەک تەنها دامەزراوەیەکی ئیداری نییە بۆ حوکمڕانی، بەڵکوو نوێنەرایەتی مافی هەبوون دەکات.

شۆڕش بە مانای قووڵی خۆی، هەوڵێک بوو بۆ بەستنەوەی جوگرافیا بە شوناس و بەستنەوەی مێژوو بە داهاتووەوە.

بەڵام زیندان تەنها دیوارێک نییە کە ڕێگا لە جەستە دەگرێت، بەڵکو کارگەیەکە بۆ گۆڕینی پێکهاتەی فیکری. وەک فۆکۆ دەڵێت: “زیندان شوێنێکە کە لە ڕێگەی گۆشەگیری و چاودێری و سڕینەوەی خۆ (الذات)ـەوە گوێڕایەڵی (طاعة) بەرهەم دەهێنێت”.

لەم تۆڕە ئاڵۆزەی دەسەڵاتدا، ئۆجەلان چیتر سەرکردەیەک نەبوو لە مەیدانێکی ئازاددا، بەڵکوو بوو بە کەسێکی گەمارۆدراو.

لێرەوە ئەو وەرچەرخانە گەورەیە دەستیپێکرد:

لە لۆژیکی بەرخۆدانەوە بۆ لۆژیکی لێکدانەوە،

لە گوتاری سەروەرییەوە بۆ گوتاری خۆگونجاندن،

لە خەونی دەوڵەتەوە بۆ فەلسەفەی پشت دەوڵەت.

ئەم گۆڕانە، لەدایکبوونی تێڕامانێکی ئازاد نەبوو، بەڵکوو بەرهەمی هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگی هێز بوو کە بنمیچێکی نوێی بەسەر هزری ئۆجەلاندا سەپاند. چونکە لە هەلومەرجی زیندان و گرتنی درێژخایەندا، وردە وردە عەقڵ لە ئامرازێکی گۆڕانخوڵقینەوە دەگۆڕێت بەرەو ئامرازێک بۆ مانەوە لە ژیان.

بەم شێوەیە پڕۆژەکە سەرلەنوێ خوێندنەوەی بۆ کرا، نەک وەک تاقیکردنەوەیەکی بچووک، بەڵکوو وەک هەڵەیەکی وجودی (هەبوون).

نەتەوەپەروەری نەک وەک مافێکی مێژوویی، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەک سەرلەنوێ پێناسە کرایەوە. دەوڵەتیش لە هیوای ڕزگارییەوە بوو بە بارگرانییەکی سەمبۆلیک.

لەم نەخۆشییە فیکرییەدا، چەمکگەلێکی وەک نەتەوەی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەڵتۆقین. ئەم چەمکانە بۆ پێشخستنی پڕۆژەی نەتەوەیی نەبوون، بەڵکو بۆ ئەوە هێنران تا وەکوو ببنە بەدیلێک بۆ پرۆژەی نەتەوەیی. هەرچەند بە زمانێکی ڕوونی ئینسانی داڕێژرابوون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ڕیشەی سەروەرییان لە دۆزی کورد لابرد و جارێکی دیکە لە سیستەمی دەوڵەتی سەردەستدا تواندیانەوە.

لە ڕوانگەیەکی فەلسەفیەوە مرۆڤ دەتوانێ ئەم گۆڕانکارییە وەک دەروونناسی کەسایەتییەکی شکاو ببینێت کە دوای شۆکێک، هەوڵ دەدات لە ڕێگای گێڕانەوەی چیرۆکێکی ئاشتیخوازانەوە، سەرلەنوێ ناسنامەیەک بۆ خۆی دروست بکات.

لەبری ئەوەی لەگەڵ واقیعدا ململانێ بکات، خودی واقیع وەکوو چارەنووسێکی مێژوویی لێکدەدرێتەوە.

بەڵام کێشەکە لە وەرچەرخانی هزریی تاکەکەسیدا نییە، بەڵکوو کێشەکە ئەو کاتەیە کە ئەم هزرە دەبێتە مەرجەع بۆ جەماوەر، چونکە سەرکردە هەرچەندە گەورە و ڕەمزی بێت، مافی ئەوەی نییە کە چارەنووسی نەتەوەیەک بە تەواوی لەناو چوار دیواری زیندانێکدا و بە سەلیقەی خۆی دابڕێژێت.

لە ڕاستیدا وەرچەرخانی ئۆجەلان لە دوای ساڵی 1999، گۆڕانێک بوو لە پرۆژەی دەوڵەتێکی گەورەی کوردییەوە – وەکوو چوارچێوەیەک بۆ سەروەری – بەرەو پرۆژەی ئیدارەکردنی هەبوونی کورد لەناو دەوڵەتانی دیتراندا.

واتە لە سیاسەتی ڕزگاریخوازانەوە بەرەو سیاسەتێکی خۆگونجاندنی درێژخایەن.

ئەم وەرچەرخانە لە ژێر ڕۆشنایی دیالۆگێکی دیموکراتیک لەناو بزووتنەوەیەکدا دروست نەبووە و وەکوو بژاردەیەک پێشکەش بە خەڵک نەکرا، بەڵکوو بە هێزی مێژوو و هەیبەتی سیمبولەکان فەرز کرا.

لێرەدا چەند پرسیاری ئەخلاقی سەرهەڵدەدات:

ئایا تیۆرییەکان لە هەناوی شکستەوە سەرهەڵدەدەن؟

ئایا دروستە کە مرۆڤ ناچاریی بکات بە فەزیلەت؟

خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم قۆناخە بۆ ئەوە نیە کە ئێمە بمانهەوێ کەسێک تاوانبار بکەین یان پاکانەی بۆ بکەین، بەڵکوو ئامانج لێی گەڕاندنەوەی هزری ڕەخنەگرانەیە، چوونکە هەر نەتەوەیەک ڕەچاوی وەرچەرخانە هزرییەکانی خۆی نەکات، دەبێتە ئامراز و بابەتی مێژووی نەتەوەکانی دیکە.

هەرچەندە دەستگیرکردنەکە شێوازی گوتاری ئۆجەلانی سەرلەنوێ داڕشتەوە، بەڵام پرسیارە گەورە و جەوهەرییەکە هەر ماوەتەوە و بەتاڵ نەبووە:

لە جیهانێکدا کە تەنیا ڕێز لە هێز دەگرێت، کورد چۆن دەتوانێ ببێتە خاوەن کیان و سەروەری؟

لە وتاری دواتردا شیکاری بۆ پێکهاتەی ئەم گوتارە نوێیە و سنوورە ڕاستەقینەکانی دەکەین کە تا چەند دەتوانن پارێزگاری لە هەبوونی نەتەوەیی کورد بکەن.

Share