ئایا ئاڵای کوردستان شوێنی شیاوی خۆی لە ڕۆژئاڤا دۆزیوەتەوە؟

لەگەڵ ئەو هێرشەی کە لە 7ی ژانیڤەری لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەستیپێکردووە، پیلانێکی گەورە و قێزەون لە دژی ڕۆژئاڤای کوردستان بەڕێوەدەچێت. ئامانجی ئەم پیلانە وردوخاش کردنی کورد و شکاندنی کەرامەتیان و تەسلیم کردنیان بوو. واتە، مافی کشانەوەی بە حورمەتیشیان بە ڕۆژئاڤا نەدا.

بەشێوەیەکی وەحشیانە و بێ ئەخلاقانە پەلاماری خاک، موڵک و ماڵ، بەنداو، نەوت و ژیانی کوردیان دا.

لە بیرکاری ژیاندا فۆرموڵەیەک هەیە: “تەنها لەو شوێنەی کە ئەوان دەیانهەوێ لێتبدەن، دەتوانی بەرگری لە خۆت بکەیت”. لەبەر ئەوەی کە هێرشەکە بۆ سەر هەبوونی کوردە، بەرگریەکە بە کوردایەتی دەکرێت.

لە ڕاستیدا، لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاڤادا، گەلی کورد بە کوردایەتی خۆی پاراست. کورد بە هۆشمەندیی کوردستانییەوە بەرگریی لە خۆی کرد. کورد بە ئاڵای کوردستان بەرگریی لە خۆی کرد. ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی کوردە. لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا، لە سەرمای کەنەدا، لە لوبنان، لە سوروج، لە هەر چوارگۆشەی جیهاندا، کورد بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، بەرخۆدانیان کرد. ئەگەر ئەمڕۆکە چەتەکانی ئەحمەد شەرع و سووریا نەیانتوانیوە هاوشێوەی شێخ مەقسوود بچنە ناو حەسەکە و قامیشلۆ و تاڵانیان بکەن، گەورەترین هۆکاری ئەوەیە کە کورد بە وشیاریی و خودئاگایی و سیمبولە نەتەوەییەکانیەوە، بەرخۆدان دەکات.

لە جوانترین وێنەکان ئەوە بوو کە شەڕڤانانی کورد ئاڵای کوردستانیان لەسەر سنگیان دابوو، ئەو ئاڵایوی کوردستان بوو کە لەسەر بینای شارەوانی قامیشلۆ لە لایەن شەڕڤانانی حەسەکەوە بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” هەڵکرا.

وەک دەڵێن یەک کارەسات لە هەزار ڕاوێژ باشترە. ئەم هێرشانە ڕۆژئاڤای ناچار کرد کە بگەڕیتەوە سەر ڕەگ و ڕیشەی خۆی، چونکە لە ڕاستیدا لە دوای ساڵی 2013 ڕۆژئاڤا لە ناسنامەی کورد-کوردستانی خۆی دابڕێندرابوو. وەبیری بهێننەوە کە لە بەرنامەی هەسەدەدا ناوی ڕۆژئاڤا و کوردستانیش نەبوو. تەنانەت وایلێهاتبوو کە وتنی وشەی ڕۆژئاڤاش بە خیانەت دادەنرا. کوردی بە گوتارێکی تیرۆریستی دادەنرا و ئاڵای کوردستان قەدەغە کرابوو.

لە 17ی کانونی یەکەمی 2015دا، یەپەگە و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پەیەدە، بە زەختی ئاو پەلاماری ئاڵایەکی 200 مەتریی کوردستانیاند دا کە خەڵک لە گرکێ لەکێ بەرزیان کردبۆوە. گەل بەرخۆدانێکی توندی کرد بۆ ئەوەی ئاڵای کوردستان نەکەوێت. ڕۆژی دواتر سەرۆک بارزانی لێدوانێکی دا و گوتی: “ڕۆژێک دێت کە پەشیمان دەبنەوە”. لەو کاتەوە لە عامودا و قامیشلۆ و چەندین شوێنی دیکە هێرش بۆ سەر سیمبولەکانی کورد ئەنجام دراوە. “جوانین شۆرەشگەر” ئاڵای کوردستانیان سووتاند و هێرشیان کردە سەر وێنەکانی نەمر مەلا مستەفا بارزانی و هێزە ئەمنییەکانیش هێرشیان کردە سەر ئەو کەسانەی کە ئاڵای کوردستانیان بەرز دەکردەوە.

ئەو ڕۆژە هات، ئێستا ئەو هێزانەی پەلاماری ئەو ئاڵایەیان دەدا، هەوڵ دەدەن کە بەو ئاڵا پیرۆزەوە خۆیان بپارێزن. هەموو کورد بەم ئاڵایەوە لە دەوروبەری ڕۆژئاڤا کۆبوونەتەوە و بەرگریی لێدەکەن.

دەرکەوت کە ئاڵا نەناسراوەکان، وێنەکانی ئۆجەلان، دروشم و دەستەواژەی غەیرە کوردی و هتد… هەموو تەنها کارتۆنی بوون…

Share