عێراق بۆتە لاشەیەکی بێ بڕیار

عێراق بۆتە لاشەیەکی بێ بڕیار

هەرێمی کوردستان دەبێ ڕێگایەک دابڕێژێت کە تیایدا هەرێم گۆڕەپانی شەڕ نەبێت بەڵکوو بنیاتنەری ئایندەی خۆی بێت.

سمکۆ عەبدولعەزیز

لەم ڕۆژانەدا ئەوەی لەسەر جوگرافیای عێراق و هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، نە پێکدادانێکی سیاسی سادەیە و نە کێشەی سنوور و بەرژەوەندیی کاتیشە، بەڵکوو قەیرانێکی وجودییە، کە بناغەی دەوڵەت و شوناس دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ململانێی ئێران و ئەمریکا ئیدی لە بازنەی سیاسەتی ڕیالیستی تێپەڕیوە و چووەتە ناو خانەی سەپاندنی هەقێقەتەوە.

قووڵترین ڕاپۆرتی ناوەندەکانی توێژینەوەی نێودەوڵەتی دەریدەخەن کە عێراق لە ئێستادا لەگەڵ دوو جۆر هێز بەرەوڕووە کە هەریەکەیان دەیهەوێت بە شێوازی خۆی پێناسەی جیهان بکات.

عێراق بووەتە گەورەترین تاقیگەی ئەم تاقیکردنەوە بە ئازارە.

واشنتۆن لە قۆناخی ئێستادا تەکنیک وەک ئامرازێکی ڕەها بۆ شکاندنی ئیرادەی نەیارەکەی بەکاردەهێنێت. ئەو تەکنیکە لێرەدا تەنها ئامرازێک نییە، بەڵکوو ڕێگایەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی جیهان.

کاتێک ئەمریکا دۆلار و سیستمی بانکی وەک چەک بەکاردەهێنێت، ئەمە بە مانای ئاراستەکردنی مووشەکی دیجیتاڵی بەرەو ئابووری ئێران دێت. ئەمە جۆرێکی نوێی داگیرکارییە کە تێیدا کۆدی بانکی لە جەنگ بەهێزتر دەکات.

واشنتۆن دەیەوێت جیهانێک دروست بکات کە هەبوونی هەر لایەنێک ، بە ڕەزامەندیی تەکنیکیی ئەو بێت.

هەرێمی کوردستان لەم ڕکابەرییە جیهانییەدا لەژێر گوشارێکی تونددایە. ئەگەر خۆی لەگەڵ ئەم تەکنیکەدا نەگونجێنێت، ئەوا ڕووبەڕووی شکستی سیستەمی دەبێتەوە.

لە بەرامبەر ئەم تەکنیکە ساردە و بڕیارەکانی واشنتۆن، تاران فەلسەفەی بوون لە جیهاندا بەکاردەهێنێت، کە بوونی خۆی لەسەر بنەمای مانەوەی درێژخایەن و سەبرێکی ئۆرگانیک دادەنێت.

ئێران نایەوێت شەڕێکی تەکنیکی ڕاستەوخۆ بکات، چونکە دەزانێت تەکنیکی بەرامبەرەکەی باڵادەستە.

ئێران هەوڵ دەدات بە چوونە ناو کۆمەڵگە، خۆی بدزێتەوە و لەناو ئەو کۆمەڵگەیەدا جۆرە ئایدۆلۆژیایەک لەناو عێراقدا بۆ پاراستنی خۆی دروست بکات. ئامانج لە دروستکردنی ئەم ئایدۆلۆژیایە، ڕاگرتنی ئەمریکایە لە مەیدانەکەدا.

تاران گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە تەکنیکی ئەمریکا دەتوانێت ئێران ماندوو بکات، بەڵام بە سەبر و پشوودرێژی، دەتوانێ شکست بە ئەمریکا بهێنێت.

لێرەدا ململانێ دەگۆڕێت بۆ شەڕی ئامرازی سارد و جەستەی گەرم.

پرسیارێک دێتە ئاراوە کە کام لایەن دەتوانێت بەرگەی فشاری ئەوی دیکە بگرێت؟ لەم نێوانەدا عێراق بۆتە لاشەیەکی بێ بڕیار و هەر دوو هێزە دژبەرەکەش ئەو لاشەیە بەرەو خۆیان ڕادەکێشن.

لەم سێگۆشە ئاڵۆزەدا ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەگاتە خاڵێکی هەستیار.

ئێستا کوردستان تەنیا بەشێکی جوگرافیای عێراق نییە، بەڵکو ناوەندی ستراتژیکی ئەم هاوکێشەیە.

ئەگەر بەغدا گۆڕەپانی پێکداناە سیاسییەکان بێت، کوردستان عەقڵی بەرگریکارانەیە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان فشارەکانی دۆلار و فشارە ئیدئۆلۆژیکەکاندا. فشارە بەردەوامەکانی سەر داهاتی نەوت و مووچە و قەوارەی هەرێمی کوردستان، تەنها کێشەیەکی سادەی ئیداری نین، بەڵکوو هەرێمی کوردستان بووەتە بزووتنەوەیەکی جیهانی و ناوچەیی، هەر بۆیەش بەرەی نیشتمانی عێراق هەموو جۆرە شەڕێک دەکات بۆ ئەوەی ئیرادەی سیاسی هەرێمی کوردستان بێدەنگ بکات و هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خۆی لەم دۆخە ڕزگار بکات بەڵام دۆخەکەی بەسەردا دەسەپێندرێت.

ئێستا کوردستان ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گەورە دەبێتەوە: ئایا دەتوانێت مێژووی خۆی وەک دەسەڵاتێکی بەرگری بپارێزێت یان دەبێتە قوربانیی تەکنیکی زلهێزەکان؟

ئەو دەرەنجامەی کە تا ئێستا هیچ دەزگایەکی توێژینەوە نەیتوانیوە بەو شێوەیە دەریببڕێت، ئەمەیە: ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی ئێمە بۆ سەرکەوتنی یەکجاریی نییە، بەڵکو بۆ مانەوەیەکی بێکۆتاییە لە دۆخی شەڕدا.

زلهێزەکان پێویستیان بە عێراق و کوردستانێکی ناسەقامگیر هەیە بۆ ئەوەی پاساو بۆ هەبوونی سەربازی و ئابووریی خۆیان بهێننەوە.

لێرەدا پێویستمان بە هزرێکی سیاسی ڕادیکاڵ و ڕەسەنە، ئاوەزێک کە بتوانێت کوردستان لە ئامرازبوون بەدەست ئەوانی ترەوە ڕزگار بکات و بیکاتە کارەکتەرێکی سەربەخۆ کە بە زمانی بوونی خۆی، قسەی خۆی بکات.

چارەنووسی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ڕێگایەک دابڕێژێت کە تیایدا هەرێم گۆڕەپانی شەڕ نەبێت بەڵکوو بنیاتنەری ئایندەی خۆی بێت.

Share