چی لە نەورۆزی 2026 فێربووین؟؟؟

چی لە نەورۆزی 2026 فێربووین؟؟؟

پەیامی نەورۆزی 2026 یەکڕیزی و تەبایی هەموو کوردستانیان بوو، کە ئێستا ئیدی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات.

بووبێ ئەسەر

نەتەوەیەک کە لەسەر ڕەگ و ڕیشەی خۆی گەشە نەکات، خەڵک و تاک و کەسایەتیەکانی ئەو نەتەوەیە لە زۆر ڕووەوە، تووشی کەموکووڕی دەبن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە نەتەوەی باڵادەست و سەرکردەکانی زیاتر لە خۆی و نەتەوەکەی خۆی خۆشدەوێت و ئەوان بە گەورەتر و باشتر لە خۆی دەبینێت.

منداڵانی میللەتێک ئەگەر بە مێژوو و کولتووری نەتەوەکەیانەوە گەورە نەبن، زیاتر لە کولتوور و مێژووی گەلە باڵادەستەکەیانەوە نزیک دەبنەوە و دوای ماوەیەک ئەو باوەڕەیان لەلا دروست دەبێت کە هی خۆیانە. چونکە نەتەوەی باڵادەست وایان فێر دەکات.

میللەتێک ئەگەر بە وشیاریی نەتەوەییەوە گەورە نەبێت، ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەلەکەی و زمان و هەبوون و ڕۆژە نەتەوەییەکانی دوور دەکەوێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆی وەک نەتەوەیەک لەبیر بکات. بۆیە زیاتر خۆی لە باڵادەستەکانی نزیکتر دەکاتەوە و ئەوان زیاتر لە خۆی دەپارێزێت و خاوەندارێتییان لێدەکات. وەک دوشیرمەکان کە خۆیان بە تورک دەزانن.

هەرکات داگیرکەرێک وڵاتێک داگیر دەکات، عەقڵ و داب و نەریتی خەڵکی ئەو وڵاتەش داگیر دەکات تا خۆیان وەک نەتەوەیەک لەبیر بکەن و بە داب و نەریتی خۆیان گەشە نەکەن. هەر بۆیە زیاتر لە سەد ساڵە هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان ئەو شتانەی لەسەرەوە باسم کرد بەسەر گەلەکەمانیاندا هێناوە و دەیهێنن.

بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمەی کورد نەتەوەیەکی دێرین و مەزنین، ئەوەندە ساڵە توانیومانە بەرەنگاری هەموو قەدەغەیەک ببینەوە و بەرخۆدان بکرین و هەنووکەش دەیکەین و بەردەوامیش دەبین. ئێمە شکستمان هێنا بەڵام لەناو نەچووین، جەژن و داب و نەریتەکانمان لێ قەدەغە کرابوون، بەڵام لە هەموو دەرفەتێکدا چ بە نهێنی یان بە ئاشکرا ئاهەنگمان دەگێڕا بۆ ئەوەی لەبیر نەکرێن.

لە ڕێگەی لێدان و ئەشکەنجە، لە ڕێگەی زەخت و سەختییەکانەوە، ئێمە وەک نەتەوەی کورد، ئەوەی پێمانکرا و لە دەستمان هات کردمان و ڕێگامان نەدا کە ئەو داب و نەریتە بفەوتێت و لەبیر بکرێت.

زۆرجار لە ماڵەکانی خۆماندا ئاگری نەورۆزمان دەکردەوە. لە ناو دڵماندا ئاگری نەورۆزمان دەکردەوە. لە زیندانەکانی داگیرکەرەکاندا بە داگیرساندنی چەرخێک، ئاگری نەورۆزمان دەکردەوە. ڕۆژی نەورۆز لە گوندەکاندا، کچان و کوڕانی ئێمە جل و بەرگی جوانیان لەبەر دەکرد و لە ناوەڕاستی گوندەکەدا کۆدەبوونەوە وشاییان دەگێڕا و هەڵدەپەڕین. ئێمە پێکەوە ئاهەنگی خۆشی و شادیمان دەگێڕا و پیرۆزباییمان دەکرد بەبێ ئەوەی ناوی نەورۆزمان هێنابا و زۆرێکمان تەنانەت هەر نەشماندەزانی کە ئەوە ئاهەنگی نەورۆزە.

بەڵام ئەمڕۆکە لە سایەی ئازادیی باشووری کوردستانەوە، کورد بە ئاشکرا و بە بەربڵاوی جەژنی نەتەوەیی خۆی، واتە نەورۆز، بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر لە کوردستان و سەرانسەری جیهاندا پیرۆز دەکات. ئەمەش فێرمان دەکات کە ئیدی هێڵی نەتەوەیی لە گەشەکردن و بەهێزبووندایە.

ئەمڕۆ وەک دوێنێ نییە کە هەموو حزب و بزووتنەوەیەک بە ئاڵاکانی خۆیانەوە بێنە سەر شەقامەکان. ئەمڕۆکە تەنها ئاڵای کوردستان لەو مەیدانانەدا هەڵدەکرێت کە ئاهەنگی نەورۆزیان تێدا بەڕێوەدەچێت. ئەمەش بۆمان دەسەلمێنێت کە کورد ڕۆژ بە ڕۆژ دەگەڕێتەوە سەر بناخەی نەتەوەیی خۆی و ڕۆحییەتی نەتەوەیی لەناو گەلی کورددا بەرز دەبێتەوە و هەست و بیری نیشتمانپەروەری گەشە دەکات. لەگەڵ ئەم سەرهەڵدان و گەشەسەندنەدا تێدەگەین کە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان نزیک دەبێتەوە.

دوێنێ بێ ئاگا بووین، لەسەر خۆمان. بۆ هەموو ئاهەنگێکی نەورۆز باجێکی قورسمان دەدا. بۆ ئاهەنگی نەورۆز، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دڕندانە و مامەڵەی خراپ دەبووینەوە و ناچار بووین ساڵانێک لە زیندانی داگیرکەراندا بەسەر ببەین. ئەوانەی بە ئاڵای کوردستانەوە گیرابوون، ساڵانێک لە زینداندا بوون. بەڵام ئەمڕۆ شەقامەکانی باکووری کوردستان و تورکیا و ئەوروپا بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستان ڕازێنراونەتەوە.

لە ڕابردوودا سەرەڕای ئەو هەموو مەینەتی و ناخۆشیانەی کە گەلەکەمان تووشی دەبوو، بەڵام دیسانیش بەپێی هەلومەرج و هەر بەنهێنی لە کەلێن و قوژبنە تاریکەکاندا، نەورۆزمان پیرۆز دەکرد.

بەڵام هەموو شتێک وەک خۆی نامێنێتەوە. بۆ کوردیش کە باشووری کوردستان لە سایەی خەباتی بارزانییەکانەوە ڕزگاری بووە، بوو بە مایەی هێز و دەسەڵات بۆ هەموو کورد. بەپێی ئیمکان هەموو ئەو هێز و دەسەڵاتەی کە لەبەردەستیدا بوو لە پێناو کوردانی هەر چوار پارچەدا تەرخانی کرد و تەرخانی دەکات. ئەگەر ئەوان نەبوایەن، ئەمڕۆ نە لە هیچ ناوچەیەکی باکووری کوردستان و نە لە تورکیادا، ئاڵای کوردستانمان نەدەبینی. چونکە ئەو ئاڵایە لەلایەن کەمالیستە کوردەکانەوە قەدەغە کرابوو…

دیسان لە سایەی ئازادیی باشووری کوردستانەوە، کورد لە بێ خاوەندارێتی ڕزگاری بوو. ئێستا ئیدی کورد لە هەر کوێ و لە هەر بەشێکی کوردستاندا ئازار بچێژێت و ئەشکەنجە بدرێت، دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و بە تایبەتی بارزانییەکان کە ئەمڕۆ بۆ هەموو کورد بوونەتە باوک، خاوەندارێتییان لێدەکەن و دەیانپارێزن. لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا پاڵپشتی هەموو کورد دەکەن.

هەر بۆیە ئێستا نەورۆز لە وڵاتانی ئەورووپایی لەژێر پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان و تەنیا بە ئاڵای کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت. ڕۆحی کوردایەتی لە نێو کورددا بەرەوپێش دەبات. بەم گەشەکردنە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵای نەتەوەپەروەریی کورد بەرز دەبێتەوە. کاتێک ئەو خەتە و ئەو باوەڕە و ئەو مەعریفەیە لەناو کورددا گەشە دەکات و پەرەدەستێنێت، پێمان دەڵێت ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان نزیکە.

کورد بەم هۆشیارییەوە ئێستا ئیدی کورد تێگەیشتووە کە ڕزگاری و ئازادییەکەی لەم ڕێبازەدایە کە بە خوێنی پێشمەرگە نووسراوە. ئەو ڕێبازە کە کورد لە هەموو سەختی و لە هەر چوار گۆشە ڕزگار دەکات.

هەر بۆیە ئێستا کورد و کوردستانیان خاوەندارێتی لە ڕێبازی خۆیان دەکەن و لەبارەیەوە دەخوێننەوە و خەڵکی لەسەر پەروەردە دەکەن. چونکە ئێستا ئیدی کورد گەیشتووەتە ئاستێک کە خاوەندارێتی لە خۆی بکات. کورد تێگەیشتووە جگە لە برایەتی کورد هیچ برایەکی دیکەمان نییە. کورد گەیشتووەتە ئەوەی کە ئیدی ڕێگا و میتۆدێکی هەیە کە ڕزگاری خۆی تێدا دەدۆزێتەوە.

پێشتر لە باکووری کوردستان لە خۆپێشاندانەکانی “هەدەپە ـ دەم”دا نەتدەوێرا ئاڵای کوردستان هەڵبکەیت. تۆ نەتدەوێرا باسی بارزانیەکان بکەیت. بەڵام دەبینین ئێستا لە ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکانیاندا ئاڵای کوردستانیش بەرز دەکرێتەوە. ئێستا زۆربەیان ڕێبازی پیرۆزیان ناسیوە و دەیناسن. ئەوان سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی خۆیان دەبینن. ئەمەش لە سایەی سیاسەتی کوردستانی بارزانییەکان و سەرۆک مەسعوود بارزانییەوە بووە کە گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە…

پەیامی نەورۆزی 2026 یەکڕیزی و تەبایی هەموو کوردستانیان بوو، کە ئێستا ئیدی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات. ئێستا هەموو نەورۆزێک بەهێزتر و گەورەتر دەبێت لە نەورۆزەکەی پێشوو…

Share