پارادایمی ئۆجەلان: تیۆری “کۆماری دیموکراتیک” یان تەسلیمکردنی نەتەوەیەک؟

پارادایمی ئۆجەلان: تیۆری "کۆماری دیموکراتیک" یان تەسلیمکردنی نەتەوەیەک؟

ئەم زمانە نەرم و ترسنۆکانەیە، دەوڵەت بەرەو دیموکراسی نابات، بەڵکوو تەنیا زوڵم و چەوساندنەوەی دەوڵەتی تورک لە سەر گەلی کورد درێژتر دەکاتەوە.

ئەو پەیامەی کە لە ڕێکەوتی 31ی ئاداردا لەلایەن شاندی ئیمرالیی دەم پارتییەوە بڵاوکرایەوە، لە بنەڕەتدا دەریدەخات کە ڕامانی سیاسی کورد لەژێر کاریگەریی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا لەگەڵ شکست و پاشەکشەیەکی مێژوویی بەرەوڕوویە. ئەو پەیامە کە لەسەر بنەمای “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” و “برایەتی ئەنادۆڵ-میزۆپۆتامیا” دامەزراوە، لەلایەن زانایانی سیاسی و یاسایی نێودەوڵەتییەوە وەک هەوڵێک بۆ ڕەوایەتیدان بە ستاتۆکۆی و سنووردارکردنی خواستە نەتەوەییەکانی کورد لەقەڵەم دەدرێت. ئەم پەیامە هەروەها ئەوەش دەردەخات  کە جارێکی تر گەمەیەکی گەورە لە سەر خەون و ئەوینی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت. لە سەردەمێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنوورەکان سەرلەنوێ بە خوێن دەکێشرێنەوە، ئەم پەیامە کە بە زمانی “ئەنتەگراسیۆن” و “برایەتی ئەنادۆڵ-میزۆپۆتامیا” هۆنراوەتەوە، لە خواستەکانی گەلی کورد بۆ ئازادی و سەربەستی زۆر دوورە و بۆنی ستاتۆکۆی (پاراستنی دۆخی مەوجوود)ی لێدێت.

 لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا سێ خاڵی سەرەکی هەیە کە پێویستە هەموو کوردێک بیزانێت و ئەو سێ خاڵەش بریتین لە: ڕەتکردنەوەی قەوارەی سیاسی، لاوازبوونی ئامرازەکانی بەرخۆدان و گۆڕین و دابەزاندنی دۆزی نەتەوەیەک بۆ “کێشەیەکی دیموکراتیک”ی ناوخۆیی لە تورکیادا.

یەکەم خاڵی ڕەخنەگرانە، پێداگری لەسەر دامەزراندنی “کۆماری دیموکراتیک”ـە. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەستنیشانی دەکات کەوا “ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە”. ئەم ڕێبازە واقیعی مێژوویی کۆماری تورکیا پشتگوێ دەخات کە لەسەر بنەمای “یەک نەتەوە” و “یەک زمان” دامەزراوە. ئەم ڕستەیە خۆی لە خۆیدا ئینکارکردنی سەدەیەک خەبات و بەرخۆدانی نەتەوەی کوردە، سەدەیەک کە دەوڵەتی تورک بە ڕەچاوکردنی سیاسەتەکانی ئاسمیلاسیۆن و جینۆساید و نکۆڵیکردن لە هەبوونی کورد، هەوڵی پاکتاوکردنی کوردانی داوە. هێنانی ئەم قسەیە کە “کۆماری تورکیا نادیموکراتیکە و تەنها پێویستە کە دیموکراتیزە بکرێت” واقیعێکی سیاسی نییە، بەڵکوو فانتازیایەکی ڕۆمانتیکە. دەوڵەتێک کە ناسنامەی کورد لە یاساکانیدا بە فەرمی ناناسێت، چۆن دەتوانێت لە ڕێگەی “دوو قات بەهێزبوونەوە” ئازادی بهێنێت؟ ئەم ڕێبازە لەبری ئازادی، نەتەوەی کورد لە سنوورە تەسکەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیادا قەتیس و زیندانی دەکات.

لە یاساکانی سیاسەتدا دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتێک بەبێ پاراستنی شوناسە کۆلێکتیڤەکان لە دەستووری بنەڕەتیدا و بەبێ دابەشکردنی دەسەڵات (وەک فیدراسیۆن یان ئۆتۆنۆمی)، پێکنایەت. جاڕنامەی ئیمرالی لەبری ئەوەی داوای قەوارەیەکی سیاسی فەرمی بکات، “ئەنتەگراسیۆنی کولتووری” و “بەشداری لەسەر بنەمای ناسنامە” وەک چارەسەرێک پێشنیار دەکات. ئەمەش لە زانستی سیاسیدا بە “ئاسمیلاسیۆنی لیبڕاڵ” پێناسە دەکرێت؛ واتە کورد لە ناو سیستەمەکەدا وردەمافی کولتووریی دەبێت، بەڵام وەک ئەکتەرێکی سیاسی و خاوەن قەوارەی سیاسی، خاوەن هیچ مافێک نابێت.

خاڵی دووەم، بانگەوازێکە بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکدارانە لە کاتێکدا کە شەڕێکی هەژموونی قووڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت. ئۆجەلان باس لەوە دەکات کە کاتی خەباتی چەکدارانە بەسەرچووە، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرنج دەخاتە سەر مەترسییەکانی شەڕ لە ئێران و پلانە قووڵەکان لە سووریا. ئەمە ململانێیەکی ستراتژیکە. لە سیاسەتی ڕیالیستیدا بەبێ گەرەنتی نێودەوڵەتی و چوارچێوەی یاسایی، لاوازکردنی ڤینی پاراستنی گەلێک، ئەو گەلە تەسلیمی ئیرادەی دەوڵەتی ناوەندی دەکات. باس کردن لەوە کە “دەوڵەت دەبێت بزانێت هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی بوونی نیە” ئەوە دەردەخات کە لایەنی کوردی لەبری ئەوەی کە دەوڵەت ناچار بکات دان بە مافەکانیاندا بنێت، هەوڵدەدات خۆی بۆ دەوڵەت “مەشرووع” بکات. ئەم ڕێبازە ماف و خولیای گەلی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەشکێنێت و دەیانخاتە دۆخێکی وەهاوە کە تەنها چاوەڕێی ڕەحمەت و دلۆڤانیی پەرلەمانی تورکیادا بن.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژە بە سێ خەتی (ئەمریکا ـ ئیسرائیل، پارێزەری دۆخی هەنووکەیی و دیموکراسی) دەکات. لەکاتێکدا کە شەڕی ئێران بەر دەرگای پێگرتووین و کورد لە ناو ئاگردایە، دانانی کورد لەناو خەتی “سێهەم”ی بێلایەن و بێهێز، کوردان دەکات قوربانیی بازاڕە گەورەکان. لەکاتێکدا کە هەموو کەس بە هێزی سەربازیی خۆیەوە لەسەر مێزەکە ئامادەیە، ئۆجەلان بە ناوی “پێکەوە ژیان”ـەوە کورد لە مێزەکە دوور دەخاتەوە و وایان لێدەکات “باوەڕیان هەبێت” بە چەمکێک کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.

لە ڕاستیدا بانگەشەکردن بۆ “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک بە واتای یەکخستنی کولتوری میزۆپۆتامیایە” لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکە بۆ تواندنەوەی کورد لەناو “نەتەوەی تورک”دا. کاتێک باس لە “ئەنتەگراسیۆن” دەکرێت، مافی بەدەوڵەتبوون و مافی فیدراسیۆن و مافی چارەی خۆنووسین لەگۆڕ دەنرێن. ئەم ڕێبازە، داخوازە نەتەوەییەکانی کورد بۆ ئاستی “مافی کولتووری” و “ئازادی ژن” دادەبەزێنێت، کە ئەویش بەبێ قەوارەیەکی سیاسی تەنیا وەکوو کتێبی سەر مێز دەمێننەوە.

خاڵی سێهەمیش، بزربوونە لە ناو بەرفراوانی خەیاڵی مێژووییدا. ئاماژەدان بە “پەیمانی کادەش” و “کۆکی ئەنادۆڵ-میزۆپۆتامیا” لە ڕووی ئانالیزی سیاسیی مۆدێرنەوە وەک هەوڵێک بۆ دەربازبوون لە کێشە ئاکتوەلەکانی “بەردەست، بەرباس یان ڕۆژانە” سەیر دەکرێت. لەکاتێکدا کە گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی وڵات لەپێناو ستاتۆ و زمان و ناسنامەی خۆیدا خەبات دەکات و قوربانی دەدات، خستنەڕووی چارەسەرێک لە چوارچێوەی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک”دا، مەسەلەکە لە بنچینەی مافە نەتەوەییەکان دوور دەخاتەوە و بۆ ئاستی مشتومڕی فەلسەفی و کۆمەڵناسی دایدەبەزێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە وزەی سیاسیی گەل کپ بکرێت و داخوازییە بنەڕەتییەکان (وەک خۆبەڕێوەبەری و پەروەردە بە زمانی دایکی) لە ناو “بەرپرسیارێتی مێژوویی پەرلەمان”دا لەگۆڕ بنرێن.

ڕادەستکردنی چارەسەر بە “مەجلیسی گەورەی گەلی تورکیا”، کە تا ئێستا دەیان پەرلەمانتاری کوردی دەستبەسەر و زیندانی کردووە و لە ڕێگای دانانی قەییۆمەکانەوە ئیرادەی گەلی سەرکوت کردووە، نەفسبچووکییەکی سیاسی هەرە مەزنە. هیوای ئەوە کە ئەم پەرلەمانە “چوارچێوەی یاسایی” ئامادە بکات، ئەوە دەردەخات کە ئۆجەلان و شاندی ئیمرالی، لە واقیعی سەر شەقامەکانی کوردستان دابڕاون.

لە ئەنجامدا، پەیامەکەی 31ی ئاداری 2026، لەبری ئەوەی کە بانگەوازێک بێت بۆ ڕزگاری و ئازادی، زیاتر لە مانیفێستی “تەسلیمبوونێکی دیموکراتیک” دەچێت. ئەم زمانەی کە “ئاسایشی ئەنادۆڵ” بەسەر مافی چارەی خۆنووسینی کورددا تەرجیح دەدات، لە ڕاستیدا خزمەت بە بەردەوامیی پاراستنی دەوڵەت ـ نەتەوە دەکات. هەتا بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتی دانەمەزرێت و قەوارەیەکی سیاسیی فەرمی (فیدراڵیزم، ئۆتۆنۆمی، یان سەربەخۆیی) نەکرێن بە ئامانجی بنەڕەتی، باسکردن لە “کۆماری دیموکراتیک” تەنیا وەک ئامرازێکی پێڤاژۆ بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناوەندی دەمێنێتەوە. ئەم پەیامە جگە لە درێژکردنەوەی قەیرانی ئێستا و لاوازکردنی دەستکەوتەکانی کورد، هیچ پرسپەکتیڤێکی بەرجەستە بۆ ئازادی پێشکەش ناکات.

گەلی کورد سەد ساڵە بۆ ئەوە خەبات ناکات و قوربانی نادات کە ببێتە “بەشێکی دیموکراتیک لە کۆماری تورکیا”، بەڵکوو لەپێناو ئەوە خەباتی کردووە کە ببێتە خاوەن قەوارەی نەتەوەیی خۆی و خەون و خولیای سەربەخۆبوونی بەدی بهێنێت. ئەوانەی دەیانهەوێت بە هەر نرخێک بێت “پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ دەوڵەت”دا دروست بکەن، پێویستە بزانن کە دەوڵەت تەنیا کاتێک “ئاشتی” دەکات کە ناچار ببێت و ئەم زمانە نەرم و ترسنۆکانەیە، دەوڵەت بەرەو دیموکراسی نابات، بەڵکوو تەنیا زوڵم و چەوساندنەوەی دەوڵەتی تورک لە سەر گەلی کورد درێژتر دەکاتەوە.

Share