مەزڵووم عەبدی: ڕۆڵی کوردانی دیاسپۆرا لە راگرتنی هێرشەکاندا مێژوویی بوو

فەرماندەی هەسەدە: ئەو خۆپیشاندان و هەڵوێستە نێودەوڵەتییانەی کوردانی تاراوگە لە وڵاتانی جیاواز ئەنجامیان دا، فشارێکی گەورەی دروست کرد.
یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، پەیامێکی سوپاسگوزاریی ئاراستەی کوردانی دیاسپۆرا کرد و رۆڵی ئەوانی لە پاراستنی دەستکەوتەکان و راگرتنی هێرشەکاندا بە “گرنگ و مێژوویی” وەسف کرد.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، ئەو خۆپیشاندان و هەڵوێستە نێودەوڵەتییانەی کوردانی تاراوگە لە وڵاتانی جیاواز ئەنجامیان دا، فشارێکی گەورەی دروست کرد و رۆڵی سەرەکی هەبوو لە راگرتنی ئەو هێرش و پلانانەی کە بۆ سەر ناوچەکە داڕێژرابوون.
لە پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی سوپاسی بێپایانی خۆی بۆ کوردانی دیاسپۆرا دەربڕی و ڕایگەیاند، ئێمە سوپاسی کوردانی دیاسپۆرا دەکەین بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانیان؛ خۆپیشاندان و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی ئێوە رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و گەورەی هەبوو لە راگرتنی ئەو هێرش و پەلامارانەی کە دەکرانە سەر ناوچەکەمان.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، دەنگی کوردانی تاراوگە لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان، بووەتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ هێزەکانیان و جەختی کردەوە، ئەم یەکگرتووییەی گەلی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە، هەمیشە دەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو پیلانانەی کە ئاسایشی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.