تورکیا یاسایەکی تایبەت بە گەریلاکانی پەکەکە دەردەکات

یاساکە تایبەتە بە پەکەکە و ئەندامانی هیچ ڕێکخراوێکی تر ناگرێتەوە، چوونکە پەکەکە بە فەرمی خۆی هەڵوەشاندۆتەوە.
لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا لە تورکیا، یاسایەکی تایبەت بە ناوی “یاسای چوارچێوە” ئامادە دەکرێت کە تەنها ئەندامان و زیندانیانی پەکەکە دەگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم یاسایە زەمینە بۆ “مافی هیوا” بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆش بکات.
بەپێی زانیارییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا، کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکیەتی نیشتمانی، یاسایەکی کاتیی بە ناوی “یاسای چوارچێوە” پێشنیار کردووە. ئەم یاسایە بە تایبەتی بۆ زیندانیان و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئامادە دەکرێت.
هۆکاری تایبەتبوونی ئەم یاسایە ئەوەیە کە پەکەکە بە فەرمی خۆی هەڵوەشاندۆتەوە و چەکی داناوە؛ بۆیە ئەم یاسایە ئەندامانی هیچ ڕێکخراوێکی تر ناگرێتەوە.
زیندانیەکان سزاکانیان لە دەرەوەی زیندان تەواو دەکەن
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، ئەم یاسایە نوێیە ڕێگە بەو زیندانیانە دەدات کە ساڵانێکی زۆرە لە زینداندان، ماوەی سزاکانیان لە دەرەوەی زیندان بەسەر ببەن. سەرەڕای ئەوەش، بۆ ئەو زیندانیانەی کە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، ئەگەر 25 ساڵیان تەواو کردبێت، بە مەرجی “چاکسازی” دەرگای ئازادییان بۆ دەکرێتەوە.