مەزڵووم عەبدی لە دووڕێیانێکی مێژووییدایە: چی هەڵدەبژێرێت؟

لە کاتی قەیران و پێڤاژۆی دیاریکردنی چارەنووسدا، تاکەکان دەتوانن دیاریکەری چارەنووسی گەل بن. لە لۆزان، تەلەگرافی حەسەن خەیری و نێردراوانی کورد، چارەنووسی کوردیان بەرەو هەڵوەسانەوە برد. ئەمڕۆکە کورد لە دووڕێیانێکی مێژووییدایە و ڕۆڵی تاکەکان و سەرکردە و سیاسەتمەداران زۆر گرنگە. لە ئێستادا، مەزڵووم عەبدی لە ڕۆژئاڤادا ڕۆڵیکی وەها دەبینێت.

ژەنەڕاڵ مەزڵووم، یان مەزڵووم عەبدی، کەسایەتییەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو پەکەکەدا لە ئاستی سەرکردایەتیدا بووە و پەکەکە هەرگیز ئەوی وەک مەزڵووم عەبدی نەیبینی؛ ئەوان وەک یەکێک لە کادیرەکانی پەکەکە دەیانبینی و بەڕیوەیەان دەبرد. لە ساڵی 2021دا پەکەکە ویستی لە پۆستەکەی دووریبخاتەوە، بەڵام ئەمریکا ڕیگای نەدا و هەربۆیە ئەوانیش وەکوو پێشەنگ لە ئەرکەکەی خۆیدا هێشتیانەوە و بە کادیری پەکەکەیی گەمارۆیان دا.

هەرچەندە مەزڵووم عەبدی لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا کەسایەتییەکی سەرەکی ڕۆژئاڤا بووە، بەڵام نەیتوانیوە لە ڕۆژەڤی ڕۆژئاوای پەکەکە خۆی دەرباز بکات. ئەو بۆ یەکخستنی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژئاڤا هیچی نەکرد؛ لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا سیاسەتمەداران ڕفێندران و کوژران و زیندانی کران. ڕۆژئاڤا لە دژی باشوور بەکارهات. ڕۆژئاڤا بوو بە ئامرازێک کە پەکەکە بۆ ڕەوایەتیدان بە خۆی و سود وەرگرتن لە دەسەڵاتی ڕۆژئاڤا بەکاری هێنا.

مەزڵووم عەبدی بۆ ماوەی 14 ساڵ بە پێی ئەجێندای پەکەکە مامەڵەی دەکرد نەک بەپێی بەرژەوەندی ڕاستەقینەی کورد.

گەلی کورد تێچووی بەکارهێنانی ڕۆژئاڤای لەلایەن پەکەکەوە بۆ حیسابی ناوچەیی داوە. ڕۆژئاڤا بڵێی و نەڵێی لە کارەساتێکی گەورە ڕزگاری بووە و مەترسییەکان هێشتاش بەردەوامن.

سەرەڕای ئەم ڕاستییە، پەکەکە هێشتا دەستبەرداری ڕۆژئاڤا نەبووە. هێشتاش دەیهەوێت لە ڕێگەی ڕۆژئاڤاوە ڕەوایەتی بەخۆی بدات. هەروەها دەیەوێت هێژەمۆنیی خۆی لە ڕۆژئاڤادا جێگیر بکات.

ئەوە پەکەکە نەبوو کە ڕۆژئاڤای لەو مەترسییە ڕزگار کرد، بەڵکوو هەڵوێستی نەتەوەیی گەلی کورد و ئەو پشتیوانییە ستراتژیکیە بوو کە سەرۆک بارزانی لە باشووری کوردستان سەرکردایەتی دەکرد. کورد زۆر بە ڕوونی ئەم ڕاستییە دەبینێت. بەڵام ئایا مەزڵووم عەبدی دەیبینێت؟

کورد هەڵەکانی پێشووی مەزڵووم عەبدی دەبینێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە ڕابردوودا نامێننەوە و لەم کاولکارییەدا ئەو بە بەرپرسیار نازانن.

سیاسەتمەدارەکانی بارزانییش ئەوە دەزانن کە مەزڵووم عەبدی بەرپرسی هێرشەکەی ساڵی 2020ی یەپەگە بۆ سەر پێشمەرگە لە پێشخابوور بووە، دەزانن کە ئەو لە پشت هێرشەکانی سەر بەها و ئەرزشەکانی پەدەکە لە ڕۆژئاوا بووە و هەروەها دەسزانن کەوا چۆناوچۆن پشتگیریی لەو “جوانێن شۆرەشگەر” کردووە کە فەرمانی سووتاندنی وێنەی نەمر مەلا مستەفا بارزانییان دابوو. بەڵام هەموو ئەمانە پشتگوێ دەخەن و بانگهێشتی دەکەن بۆ دهۆک تا بیکەن بە کەسایەتییەکی دیپلۆماتیک. ئەوان هەوڵیان دا کە بیبەن بۆ میونشن. لە سەختترین کاتدا دەستی برایەتییان بۆ درێژ کرد.

چونکە کورد دەیهەوێت مەزڵووم عەبدی کەسایەتییەک بێت کە چارەنووسی ڕۆژئاوا دیاری بکات. تەنیا ئەندامێکی پەکەکە نەبێت، بەڵکوو خاوەن هەڵوێستێکی ناوەندی کوردستانی بێت.

لە بەرامبەر ئەم ڕاستیانەدا، مەزڵووم عەبدی ڕووبەڕووی دووڕێیانێکی مێژوویی دەبێتەوە:

یان دەبێتە بەشێک لە ئەجێندای پەکەکە، وەک ئەندامێکی شاراوەی پەکەکە.

یان ڕابردووی خۆی لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت و ڕێگایەک لەسەر هێڵی کورد و کوردستان دەگرێتەبەر.

یان بەگوێرەی ئەجێندای دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئۆجەلان لە ڕۆژئاڤا دەجووڵێتەوە،

یان سیستەمی داگیرکاری لە ڕۆژئاڤا لەناو دەبات و ڕۆژئاڤا دەکاتەوە بەشێک لە نیشتمان.

یان دیسان هەر لە ڕابردوودا دەمێنێتەوە،

یان لاپەڕەیەکی نوێ دەکاتەوە.

ئەمڕۆکە مێژوو پرسیارێکی ڕوون پێشکەش بە مەزڵووم عەبدی دەکات:

دەپرسێ تۆ کێیت؟

ئەندامی ڕێکخراوێکی؟

یان سیاسەتمەدارێکی ڕۆژئاڤا و گەلی کورد؟

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە لایەنی خۆی هەڵبژێرێت.

ئایا مەزڵووم عەبدی چی هەڵدەبژێرێت؟

Share