هێزی درۆ؛ 4ی نیسان و ئۆجەلان

هێزی درۆ؛ 4ی نیسان و ئۆجەلان

گەورەترین دەستکەوتی ئۆجەلان ڕزگارکردنی گەلێک نییە، بەڵکو گۆڕینی درۆکانی خۆیەتی بۆ چارەنووسی گەلێک.

ڕاستی و درۆ دوو چەمکی دژ بەیەکن لە ژیاندا. ئەم دوو چەمکە بە درێژایی تەواوی پرۆسەی بە کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤەکان، بەردەوام لە ململانێدا بوون. زۆر جێگای سەرنجە کە ئەگەرچی ڕاستی هەمیشە بوونی هەیە، بەڵام زۆرجار درۆ زیندووتر و گەشاوەترە و هەروەها کڕیاری زۆریشی هەیە. ئایا ئەمە لە کاراکتەری ئۆنتۆلۆژیکی درۆکانەوە سەرچاوە دەگرێت یان لە کاراکتەری ئۆنتۆلۆژیکی کۆمەڵگاوە؟ ئەمە خۆی لە خۆیدا بابەتی مشتومڕە. بەڵام مێژوو ئەوە نیشان دەدات کە درۆیەکی باش بنیات نراو دەتوانێت وەک ڕاستی خۆی بخاتەڕوو. مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو درۆیانەی کە بە ڕاستی پێناسە کراون، کاریگەرییەکی فیکرییان دروستکردووە و بەداخەوە جەماوەریش بەدوای خۆیدا ڕاکێشاوە. لەم مێژووە درۆیینەدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پشکی کوردان بووە.

زۆرجار کەسایەتی سیاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پرۆسەکانی گەشەکردنی شیکاری دەکرێن، بەڵام بە دەگمەن لێکۆڵینەوە لە دەروونناسییەکەی دەکرێت. لە بنەڕەتدا ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەگەر وەک شوێنەوارناسێک چین بە چین لە کەسایەتی ئۆجەلان و چیرۆکی ژیانی 77 ساڵەی بکۆڵرێتەوە، بە ڕوونی چینەکان دەبینیت کە لەسەر درۆ بنیات نراون. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئۆجەلان لە گۆڕینی ئەم درۆیانە بۆ چیرۆکی جوان و بەردەوامکردن و ڕێکخستنیاندا زۆر سەرکەوتوو بووە. لە ڕاستیدا کەس چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیانی ئۆجەلان نازانێت؛ چونکە ڕاستەقینە نییە، ژیانێکی ئۆجەلان هەیە کە لەگەڵ بارودۆخەکەدا گونجێنراوە. بۆ نموونە ڕێکەوتی 4ی نیسان وەک “ڕۆژی لەدایکبوونی” پیرۆز دەکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا کەس ڕۆژی لەدایکبوونی ئۆجەلان نازانێت؛ نە خۆی دەزانێت و نە دایکیشی. لە ساڵی 1996دا کاتێک کۆمەڵێک ژنی گەنج کە لە ماڵەکەی ئۆجەلان دەمانەوە لێیان پرسی: “ڕۆژی لەدایک بوونت کەیە؟” ئۆجەلان لە وەڵامدا وتی: “لە ناسنامەکەمدا نووسراوە 10ی نیسان، بەڵام بۆخۆم بە تەواوی نازانم”. دواتر ئەو ژنانە وتیان: “سەرۆک، مانگی نیسان مانگی ژیانەوەیە، ئێمە ڕێکەوتی 4ی نیسان وەک ڕۆژی لەدایک بوونت پیرۆز دەکەین” و کێکێکیان کڕی بۆ ئەوەی لە 4ی نیساندا ئاهەنگ بگێڕن. بۆیە ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی لەدایکبوونی ئۆجەلان، کە پەکەکە لەم ڕۆژانەدا کردوویەتی بە ڕێوڕەسمێکی پیرۆز، ڕێکەوتێکە کە لەلایەن کۆمەڵێک کچی مێرمندالەوە داهێنراوە بۆ ئەوەی دڵی ئۆجەلانی پێ خۆش بکەن. ئۆجەلان خۆی دەیزانی کە ئەم بەروارە درۆیە، بەڵام لە ساڵی 2002دا ڕێنماییەکی دا و وتی: “بۆ ڕۆژی لەدایکبوونم ئاهەنگ بگێڕن”. جا ئێوە “ڕێبەرێک” بیهێننە بەرچاوی خۆتان… کە تەنانەت ڕۆژی لەدایک بوونەکەشی لەسەر درۆ بنیات ناوە.

کاتێک ڕۆژی لەدایک بوونەکەی درۆ بێت، کەواتە هەموو ژیانی لەسەر درۆ بنیات نراوە. گەورەترین لاوازی ئۆجەلان ئەوەیە کە هەمیشە لەسەر ئەو خاڵانە ڕەخنە لە دەوروبەرەکەی دەگرێت. سەیرکەن، هەمیشە باسی ژن دەکات و ڕەخنە لە هەموو پیاوان دەگرێت و لە پێوەندی لەگەڵ ژندا بە “لاواز”یان دەزانێت. بەڵام کاتێک بابەتی ژنان تێتەئاراوە، بۆخۆی لە لاوازترین ئاستدایە. فاتمە یڵدریم (کەسیرە) خۆشەویستی نزیکترین هاوڕێی واتە “عەلی حەیدەر قەیتان”ی ناچار کرد تا هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات. دواتر خیانەتی لە کەسیرەش کرد. کەسێکە کە دەستدرێژیی کردۆتە سەر دەیان گەریلای ژن و هەراسانی کردوون. ئەمە تەنها حیکایەتێک یان چەواشەکاری نییە، بەڵکوو ئەمە ڕاستییەکی موتڵەقە.

ئۆجەلان هەمیشە باسی هاوڕێیەتی دەکات، بەڵام لە مێژووی شۆڕشەکانی جیهاندا هیچ شۆڕشگێڕێک بە ئەندازەی ئۆجەلان هاوڕێکانی خۆی نەکوشتووە.

ئۆجەلان هەمووانی بە خیانەت و سیخوڕی تۆمەتبار دەکرد. بەڵام جگە لە ئەو، هیچ ڕێبەرێکی دیکەی کورد لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا نەیگوت: “دەمهەوێت خزمەتی دەوڵەت بکەم”.

ئۆجەلان تەنیا “ڕێبەرێک نیە کە لەسەر درۆ بنیات نراوە”، بەڵکوو هاوکات کەسێکیشە کە خۆی لە گەل و مێژوو و کوردستان و دۆزەکەی بە گەورەتر دەبینێت. ئۆجەلان کەسێکی “مێگالۆمانی” واتە خۆفرۆش و خۆبەزلزانە.

بۆ ئۆجەلان، نەتەوەی خۆی لە خۆیدا ئامانجێک نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێبەرایەتییەکەی. بەهەمان شێوە ئەو کەسانەش کە شەهید دەبن، هێزێکن بۆ ئەوەی کە “پیرۆزیەتی” ئەو زیاتر دەکەن. لە ڕوانگەی مێگالۆمانێک (خۆفرۆش و لووتبەرز)ێکەوە، گەل کۆمەڵگەیەک نییە کە پێویستی بە ئازاد و سەربەستییە، بەڵکوو قەرەباڵغییەکە کە لە ڕێگایەوە شەرعیەت بە ڕێبەرایەتییەکەی دەدات. بۆ ئۆجەلان پرسی کورد تەنیا بیانوویەک بوو بۆ ئەوەی کە جەماوەر لە دەوری خۆیدا کۆبکاتەوە، دەنا لە ڕاستیدا ئۆجەلان هەرگیز کەسێکی وەها نەبووە کە خەمی کوردستانی هەبێت.

گرنگترین شت کە دەتوانرێت لەسەر ژیانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگوترێ ئەمەیە: ئۆجەلان زنجیرەی درۆکانە. ڕووداوەکانی درۆن، کەسایەتییەکەی درۆیە، لێدوانەکانی درۆن. کێشەی ئۆجەلان ئەوە نییە کە بە هەڵە تێنەگەیشتووە یان بە هەڵە بیری کردۆتەوە؛ بەڵکوو کێشەکەی ئەوەیە کە درۆکانی وەکوو ڕاستی ئۆرگانیزە کردوون.

هەربۆیە 4ی نیسان تەنیا بابەتی ڕۆژی لەدایکبوون نییە؛ بەڵکوو 4ی نیسان دانانی درۆیە لەجێگای هەقێقەت و مێژووێکی بە درۆ دروستکراوە و فریودانی گەلە. لە ئەنجامدا 4ی نیسان تەنیا چیرۆکێکی درۆیین نیە، بەڵکوو ئۆرگانیزەکردن و بە سیستماتیک کردنی درۆیە. چوونکە تەنها درۆیەکی شەخسی نیە، بەڵکوو پیرۆزکردنی ئەو درۆیە و پێشکەشکردنیەتی بە گەل وەکوو ڕاستییەک. گەورەترین دەستکەوتی ئۆجەلان ڕزگارکردنی گەلێک نییە، بەڵکو گۆڕینی درۆکانی خۆیەتی بۆ چارەنووسی گەلێک.

Share