ئۆجەلان: “دەمهەوێ راستەوخۆ قسە بۆ میدیاکان بکەم”

ئۆجەلان: “ئەنجامدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەشێکە لە مافە یاساییەکانم و هیوادارم جێبەجێ بکرێت”.
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، زانیاریی نوێی سەبارەت بە دوایین دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاو کردەوە. بوڵدان ئاشکرایکرد کە ئۆجەلان لە دوایین دیداری خۆیدا لە دوورگەی ئیمرالی، جەختی لەسەر مافە یاساییەکانی خۆی کردۆتەوە.
ڕۆژی شەممە، 21/2/2026، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی “پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان “دەم پارتی” بۆ ئیمرالی، ئاشکرای کرد، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنجامدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەشێکە لە مافە یاساییەکانی و هیوای خواستووە بەم زووانە ئەم داواکارییەی جێبەجێ بکرێت.
بە پێی لێدوانەکانی بوڵدان، لە دیدارەکەدا باس لە دۆخی تەندروستی و ژیانی ئۆجەلان و پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی چارەسەری سیاسی و رێکخستنە یاساییەکان بۆ ئەو چەکدارانەی دەیانەوێت خۆیان رادەست بکەن، کراوە.
بوڵدان ئاماژەی بەوەش دا، کە ئۆجەلان تەندروستیی باشە و خواستی بۆ بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی رێڕەوی سیاسی نیشان داوە.
هاوکات ئۆجەلان پێشنیارێکی رەت کردووەتەوە کە تێیدا داوا کرابوو وەڵامی پرسیارە نووسراوەکان بداتەوە، و سوور بووە لەسەر ئەوەی چاوپێکەوتنی راستەوخۆ یان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەبێت.
بوڵدان لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە حزبەکەیان بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکات بۆ فراوانکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئۆجەلان.