سەرجەم رێگە سەرەکییەکانی حەسەکە دەکرێنەوە

سەرجەم رێگە سەرەکییەکانی حەسەکە دەکرێنەوە

پارێزگاری حەسەکە: “پلان هەیە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان حەسەکە و دیمەشقی پایتەختی سووریا دەستپێبکەنەوە”.

لە پارێزگای حەسەکە سەرجەم رێگە سەرەکییەکانی سنووری پارێزگاکە کرانەوە و بەبڕیاری پارێزگار، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان حەسەکە و دیمەشق ئاسایی دەکرێنەوە، بەڵام لە قامیشلۆ تا ئێستا بڕیاری کردنەوەی رێگە سەرەکییەکان جێبەجێ نەکراوە.

بە بڕیاری نورەددین عیسا، پارێزگاری حەسەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22/2/2026، سەرجەم ئەو رێگایانەی بەرەو شاری حەسەکە دەچن، لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتیان و رێبواراندا بکرێنەوە.

پارێزگار ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لایەنە پەیوەندیدارەکان، گرتنەبەری تەواوی رێکارە پێویستەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆتایی پێهێناوە.

نورەددین عیسا پارێزگاری حەسەکە جەختی لەوەش کردەوە، پلان هەیە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان حەسەکە و دیمەشقی پایتەخت دەستپێبکەنەوە. ئامانج لەم بڕیارە، کاراکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هاووڵاتییانی ناوچە جیاوازەکان و ئاسانکارییە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییە بازرگانی و مرۆییەکان بۆ ناو پارێزگاکە.

Share