لە هێرشی چەتەکانی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاڤا، لانیکەم 1200 کەس شەهید بوون

بەهۆی شەڕ و گوشارەکانی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقەوە، سەدان هەزار کەس ناچار بوون کە ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن.
ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا بڵاوی کردەوە، لە هێرشی گرووپە چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریادا بۆ سەر گەڕەکەکانی حەلەب و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تاوەکو ئێستا 1200 کەس شەهید بوون و هەزارانی تر ڕفێندراون.
ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ئاماری کوشتن و ڕفاندن و ئاوارەبوونی هاوڵاتییانی گەڕەکە کوردییەکان حەلەب و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە لە لەلایەن گرووپە چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتییەوە ئەنجام دراوە، بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە هێرشەکاندا 1200 کەس شەهید بوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها ئەم هێرشانە تەنها سەربازی نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ ئیرادەی گەلی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
بە گوێرەی داتاکان زیاتر لە دوو هەزا مەدەنی لەلایەن گرووپە چەتەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە ڕفێندراون، چارەنووسی 526 کەس نەزانراوە و بنەماڵەکانیان لە نیگەرانیی گەورەدان، حکومەت تەرمی 270 قوربانی ناداتەوە بنەماڵەکانیان و هەروەها لە گرتووخانەکانی شقێف و حەلەب هەزار زیندانی ئەشکەنجەی قورس دەدرێن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی شەڕ و گوشارەکانی هێزەکانی حکومەتەوە، سەدان هەزار کەس ناچار بوون کە ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن، تەنها لە حەلەب زیاتر لە 160 هەزار کەس کۆچبەر بوون و لە ناوچەکانی ڕەقە و تەبقەش زیاتر لە 100 هەزار کەس ڕوویان کردووەتە ناوچە ئارامەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی.
هەروەها، هێزەکانی حکومەتی سووریا شارەکانی ڕۆژئاوای گەمارۆداوە و گەمارۆی سەر کۆبانێ مانگێکی تێپەڕاندووە، دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ناگەنە شارەکە و لە دژی حەسەکەش سیاسەتێکی بە ئەنقەستی “برسیکردن” بەڕێوەدەچێت تاوەکو گەل ملکەچ بێت.
ناوەندەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، ئەم وێنەیە تەنها پێشێلکردنی مافەکان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی سیستەمی دیموکراتیکی ناوچەکە.